یه‌کێتی شۆڕشگێرانی کوردستان
Revolutionary Union of Kurdistan
دووشه‌مه‌‌ 31 خاکه‌لێوه‌ 2726

         
کاک فوئاد

کاک فوئاد ڕۆژی ٧ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٧ی هەتاوی لە ئاوایی ئەڵمانەی مەریوان، لە بنەماڵەیەکی مامناوەند هاتە ژیان. باوکی حەمەرەشید مستەفا سوڵتانی و دایکی بەهیە کۆنەپۆش بوو. سەرجەم سێ خوشک و ١٢ برا بوون.

کاک فوئاد تا پۆلی چواری سەرەتایی لە مەدرەسەی «قانی ئەڵمانە» دەرسی خوێندووە و بۆ بەردەوامبوون لە خوێندن، لەگەڵ چەند کەسێک لە براکانی چوونەتە سنە. لە مەدرەسەی سەرەتایی «چوارم ئاب» دەستی بە دەرس خوێندن کرد. زۆری نەخایاند، وریایی و ئازابوونی سەرنجی هەموو مامۆستایان و هاوکلاسەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. لە دبیرستانی ڕازی پۆلی نۆی تەواو کرد و ڕشتەی ماتیماتیکی لە دبیرستانی «هیدایەت» هەڵبژارد. زرنگی و هوشیاری کاک فوئاد لە سنەدا ناوبانگی پێدا کردبوو.

ساڵی ١٣٤٥ دبیرستانی تەواو کرد و دیپلۆمی وەرگرت، بەڵام لە زانکۆدا وەرنەگیرا. ساڵێک لە مەریوان مایەوە و چەند مانگێک لە ئیدارەی «دووخانیەتی» مەریوان کاری کرد. ساڵی ١٣٤٦ بەشداری لە کۆنکۆر کرد و لە ١٢ ڕشتە لە زانکۆکانی ئێران قبووڵ کرا. خۆی زۆر پێی خۆش بوو لە زانکۆی «نەوت ئابادان» بەردەوام بێت. لە تاقیکردنەوەی کتێبییدا نمرەی زۆر باشی هێنا، بەڵام لە تاقیکردنەوەی شەفاهیدا بەرپرسانی زانکۆکە لێیان پرسی: «ئەگەر بیت بە سەرۆک وەزیرانی ئێران، چی ئەکەیت؟» کاک فوئاد وەڵامی دایەوە: «ئەوەی یەکەم کارم ڕەفا و ئاسایش ئەبێت بۆ کوردستان و بەلووچستان و گەڕەکە فەقیرەکانی تاران و هەتد.» هەر بەو وەڵامە ڕەدیان کردەوە و ئیتر بڕیاری دا لە زانکۆی «سەنعەتی ئاریامەهر» بەشی موئەندسی بەرق بەردەوام بێت.

پێش چوونە زانکۆ، بیرۆکەی خەبات و تێکۆشان لە مێشکیدا چڕی بۆستبوو، بەڵام بە چوونە زانکۆ و ئاشنابوونی زیاتر بە مسەیلی چینایەتی و نەتەوەیی و تێکەڵبوون لەگەڵ هاوڕێیانی فیکری، بیرۆکەکەی جدیتر بوو و تەنانەت شک لەوە دەکرد لە کوێوە دەست پێ بکات. هەر بۆیە لە ڕێکەوتی ١٧ی ڕەشەممەی ١٣٤٧ لە پشت وێنەیەکی خۆی نووسیویەتی:

«لە هەڵسووڕ و داسووڕی ژیاندا، بە قەڵەماسکی بەش و لێکەوتن، لە پاش ئەوەی پلەیەک لە ژیان دواکەوتم و لە پاش ئەوەی لەو دواکەوتنەدا گەلێک چەتی نەناسراوم بە باشی بۆ ڕوون بووەوە، کەوتمە زانکۆی ئاریامەهر تاکوو لەوێدا لە بەشی کارەبادا خەریکی فێربوون بم. بەڵام ئیتر نازانم لە پاش ئەمەشدا ژیانم چۆن ئەبێت و چۆنم بەسەر دێت. ئاخۆ لەوێ یان لێرە دەست بە ئیش بم و پەلامار بۆ سەر بەرهەڵستەکانی مرۆڤایەتی بەرم. خۆشم نازانم.»

دەورانی خوێندنی کاک فوئاد و هاوڕێیانی لە تاران پڕ بوو لە هەڵسووڕان و تێکۆشان لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی خەبات و شۆڕش، چ لە ئاستی تیۆری و ئایدۆلۆژی و چ لە ئاستی ڕێکخراوەیی و خۆسازکردنەوە بۆ شێوازی نوێی خەبات، هەروەها جیاوازنیشاندانی بیر و بۆچوونی خۆیان لەگەڵ ئەوانەی کە بە نادروست دەیانزانی. دەرئەنجامی ئەم تێکۆشانە بوو بە ڕێکخراوێک کە لە مانگی ئابانی ساڵی ١٣٤٨ پێک هات و دواتر ناوی «کۆمەڵە»ی لێنرا. کاک فوئاد دەور و نەقشی سەرەکی هەبوو لە پێکهێنانی ئەو ڕێکخراوەدا، لە سازکردنیدا لەسەر بنەمای بیر و باوەڕی مارکسیستی و لە گەڕانەپێش ڕێبازی سیاسی تودەیی، واتە باوەڕیان بەوە بوو کە شۆڕش و خەبات کاری خەڵکە و ئەرکی سەر شانی ئەوانە بۆ زانیاری و ئاگادارکردنەوەی بێبەشان و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگا و لەو ڕێگایەوە بگەنە ئامانجەکانیان. هەر بەم بیر و بۆچوونەوە دوای دروستبوونی ڕێکخراوەکە دەست بە کار بوون و چوونە ناو کرێکاران و زەحمەتکێشان بۆ بەکردەوەهێنانی بیر و باوەڕەکانیان.

دوای تەواوکردنی زانکۆ، کاک فوئاد وەک ئەفسەر وەزیفە لە مەریوان و لە ئیدارەی بەرق دەستی بە کار کرد. لەوێ و لە ئەنجامدانی ئەرک و کارەکانیدا زۆر زیاتر لەگەڵ دەرد و ڕەنجی خەڵکی هەژار و بێبەش ئاشنا بوو و بۆ یارمەتیدانی ئەوان شەو و ڕۆژ لە تێکۆشاندا بوو و بۆ خۆی بەرقی گەڕەکە هەژارەکانی دامەزراند. ئەم شێوە کار و کردەوەی کاک فوئاد بوو بە هۆی ڕەق و تووڕەیی فەرماندەری مەریوان و کێشەیان لێ پەیدا بوو، لە ئاکامدا کاک فوئادیان بۆ شاری بروجرد گواستەوە و ماوەی ماوەی سەربازی لەوێ تێپەڕاند. دوای تەواوکردنی سەربازی بڕیاری دا وەک مامۆستا لە هونەرستانی سەنعەتی سنە کار بکات. کەمتر لە مانگێک لە دەست بە کاربوونی نەگوزەرابوو کە ساواک لەسەر کلاسی دەرس دەستیگیری کرد.

ساڵی ١٣٥٣ لە ڕێگەی دەستگیربوونی کەسانی تر و قسەکردن لەسەر ئەمان، ژمارەیەکیان دەستگیر کرد. کاک فوئاد ڕۆژی ٢٨ی مێهری ساڵی ١٣٥٣ لە شاری سنە گیرا و خێرا بردیانە تاران بۆ زیندانی «کۆمیتەی هاوبەش». ماوەیەکی زۆر ئازار و ئەشکەنجەی کێشا و چوار ساڵ زیندانی حوکمی درا. کاک فوئاد و هاوڕێکانی بە حەماسەی خۆڕاگری و ئازار و ئەشکەنجەی خۆیان نەیانهێشت ساواک بزانێت ئەمان ڕێکخراوەن، نە باسی هاوڕێیانیان کرد و نە کەسێکی تر دوای ئەمان گیرا. دوای چەند مانگ کاک فوئاد گواسترایەوە بۆ زیندانی «قەسر» و سێ ساڵ لەوێ بوو، بەڵام ساڵی کۆتایی بە داواکاری خۆی هاتەوە زیندانی شاربانی سنە. لەوێ دۆخ و ئیمکاناتەکانی زیندانی زۆر خراپ بوو. تیرمەهی ساڵی ١٣٥٧ بە ڕێبەری و کارزانی کاک فوئاد هەموو زیندانییەکان مانیان لە خواردن گرت و دوای ماوەیەک بە ڕێنوێنی کاک فوئاد زیندانییە عادییەکان مانگرتنەکەیان شکاند، بەڵام بەشی زیندانییە سیاسییەکان ٢٤ ڕۆژ مانیان لە خواردن گرت و تا وەدیهاتنی هەموو داخوازییەکانیان دەستبەردار نەبوون. لە ئاکامی ئەم خەباتەی ناو زیندان، بۆ یەکەم جار لە شاری سنە بنەماڵە و کەس و کاری زیندانییەکان لەگەڵ زۆرێک لە شۆڕشگێڕان و خەڵکی سنە و مەریوان ئەعترازێکی جەماوەریان بۆ دیفاع و پشتیوانی لە زیندانییەکان ڕێک خست.

کاک فوئاد ڕۆژی ٦ی مێهری ساڵی ١٣٥٧ لە زیندان ئازاد بوو. ئەو کاتە شۆڕش و خەباتی جەماوەری لە ئێران دژ بە ڕژێمی پاشایەتی دەستی پێ کردبوو و هەلومەرج گۆڕدرابوو، خەریک بوو سەرتاکانی بگاتە کوردستان. پێشوازییەکی زۆر گەرم و گۆڕ لە لایەن خەڵکەوە لە کاک فوئاد کرا. کاک فوئاد ماوەیەکی زۆر کەم لە ماڵەوە مایەوە و هیچ کات پێش نەهات؛ تەنیا بۆ دە خولەک پێکەوە بین تا سەمان لە یەکتر نیشکا. تا کاتی مەرگ چاوەڕوانی ئەو کات و ساتە بووین کە بۆ ماوەیەکی هەرچەند کورت پێکەوە بین. هەتا ئەهات خەباتی جەماوەری پەرەی ئەسەند و کاک فوئادی ماندوو دەرنەچوو لە زیندان و ئەشکەنجەی ڕژێمی پاشایەتی، ئەمجارەیان بە شێوەیەکی تر لە تێکۆشان و هەڵسووڕاندا بوو. کاک فوئاد یازدە مانگ دوای ئازادبوونی لە زیندان ژیان، بەڵام کێ هەزمان و کێ هەقەڵەم ئەتوانێت دەور و نەقش و هەڵسووڕانی کاک فوئاد لەو ماوە کەمەدا تۆمار بکات؟

کاک فوئاد لە کۆنگرەی یەکەمی کۆمەڵە ئەڵێت: «تصمیم داشتم به کسانی که از دهات آمده بودند سر بزنم و بازدید کنم، از طرفی جریان تظاهرات شهر مرا بسوی خود جذب می‌کرد، همچنین مسئله سر در آوردن از جریان تعیین تکلیف تشکیلات برایم مطرح بود. درگیر بین دو مسئله بودم به شهر بروم یا به دهات و چون مسئله تشکیلات و تظاهرات برایم مطرح بود تصمیم گرفتم که به شهر بیایم و از وضع تشکیلات سر در بیاورم. اساس مسئله برایم این بود که مادام جمعی برخورد نشود، برخورد فردی نتیجه کافی ندارد.» ئەم قسەی خۆی نیشان ئەدات کە لە ڕۆژی یەکەمەوە دۆخی تەشکیلات لە فیکر و زەینیدا داگیر کردووە و لە بیر ئەوەدا بووە کە هەرچی زووتر سەر و سامان بە کارەکان بدرێت و دەست بە کار بن.

لەوە بەدوا کاک فوئاد شەو و ڕۆژ بۆ نەبوو و بێ وچان لە هەموو قۆناغە جۆراوجۆرەکانی خەبات و شۆڕشدا لە تێکۆشاندا بوو. لە هەر کوێ هەلومەرج لەبار بوایە حەتمان کاک فوئادی لێ بوو و جێ پەنجەی بەو خەبات و تێکۆشانانەوە دیارە کە بە کورتی ئاماژەی پێ ئەدەم:

- بەشداری چالاکانە لە تەظاهورات و تەحسینەکانی مەریوان و پێکهێنانی ڕێکخراوە ئازاد و دیموکراتیکەکان وەک جامعەی موعەلیمان، یەکێتی کرێکارانی بێکار، یەکێتی ژنان، یەکێتی جووتیاران، کانوونی محەسەڵین.
- پلان و بەرنامە بۆ پێشوازی لە زیندانییە سیاسییەکان کە بە بۆنەی خەباتی جەماوەری لە زیندان دەهاتنە دەرەوە.
- پلان و بەرنامە بۆ گرتنی کۆنگرەی یەکەمی کۆمەڵە.
- بەرنامە بۆ گرتنی شاربانی مەریوان و وەک نموونەی دەسەڵاتی خەڵکی دەستگیرکردنی هەموو سەرۆک ئیدارەکان.
- بەشداری لە کۆبوونەوەی شاری مەهاباد بۆ تەیار و ڕێکخستنی قەتنامەی ٨ مادەی.
- بەشداری گەرم و گۆڕ لە ڕووداوەکانی نەورۆزی خوێناوی سنە.
- بەشداری لە پێکهاتنی یەکەمین هێزی چەکدار لە مەریوان بۆ دیفاع لە جووتیاران.
- بەشداری لە تەحسینی قۆریقەڵا.
- سێ چوار جار سەفەر بۆ خەرەی ناوەزەنگ بۆ دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان و جەلبکردنی هاوکاری ئەوان بۆ دیفاع و پشتیوانی لە شۆڕشی گەلی کورد.
- ڕێبەری و هیدایەتی کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوان.
- بەشداری لە وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی.
- گەڵاڵەی داڕشتنی ئیتلاعیە بە ناوی بانگەکەی کۆمەڵە بە ناوی «خەڵکی کورد لە بواری تاقیکردنەوەدا».

دوای هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان، کاک فوئاد بەرنامە و پلانی ئەوەی هەبوو کە ئەو تەعریز و هێرشەی ڕژێم بە تەعریز وەڵام بداتەوە. بۆ نەزم و ڕەوشی کارەکان لە بانەوە هاتەوە ناوچەی مەریوان و لە گەڕانەوە لە مەریوانەوە بۆ بانە، ڕۆژی ٩ی شەهریوەری ساڵی ١٣٥٨ بە پیلانێکی گومانلێکراوی جنایەتکارانی ڕژێم لە سەرشیو لە نێوان بێن بەسام و کاک نەعمەت گیانی بەخت کرد.

 کاک فوئاد

ئامانج و ستراتیژیەکانی یەکێتی


کوردستان، خەونی بنیاتنانی نەتەوە و سەربەخۆیی

کورد کە یەکێکە لە گەورەترین گەلانی بێ دەوڵەتی جیهان، بە درێژایی مێژوو هەمیشە لە پێناو مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی خەباتی کردووە. کورد لە چیاکانی زاگرۆسەوە تا دەشتەکانی موسڵ هەمیشە خۆی وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ و سەربەرز بینیوە کە کولتوور و زمان و شوناسەکەی وەک بەڵگەی زیندوو بۆ نەتەوەیەکی گەورە ماوەتەوە. ئەمڕۆ ئەم خەونە لە هەموو کاتێک نزیکترە لە واقیع.
مێژووی دوورودرێژی ستەم و ناعەدالەتی سەپێنراو بەسەر کورددا، ناتوانێت ڕێگری بکات لە گەشەکردنی ئیرادەی ئەم نەتەوەیە بۆ سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی. هەر جارەی بە دابەشبوونی سنووری و جوگرافی، کورد بە هێزێکی زیاترەوە لە خۆڵەمێش هەڵدەهات. هەر لە ڕێکەوتنی سایکس پیکۆوە تا چەندین شۆڕش و ڕاپەڕین، کورد هەمیشە بەرەنگاری سەپاندنی دەرەکی بووەتەوە و بەرگری لە مافەکانی کردووە.

ئەمڕۆ خەونی پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان تەنها ئامانجێکی سیاسی نییە، بەڵکو پێویستییەکی مێژووییشە. کەسانێک کە هەزاران ساڵە لەژێر هەژموون و کۆنترۆڵی ئەوانی تردا ژیاون، ئێستا مافی خۆیان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەیی خۆیان دەبینن. بۆچی کورد حکومەتی نەبێت؟ بۆ نابێ لە خاکێکدا بژین کە خۆیان بەڕێوەی دەبەن، بە یاسای خۆیانەوە، بۆ گەلی خۆیان و بەناوی ناسنامەی خۆیانەوە؟

ئێران، تورکیە، سوریا و عێراق هەمیشە بە سیاسەتی سەرکوت و دووبەرەکی هەوڵیان داوە پێش بە یەکڕیزی کورد بگرن. بەڵام مێژوو دەریخستووە کە هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت بۆ هەمیشەیی ئیرادەی نەتەوەیەک بۆ ئازادی و سەربەخۆیی سەرکوت بکات. دابەشبوونی ئێران و پێکهێنانی کوردستانی سەربەخۆ نەک هەر بە مانای شکاندنی سنوورە جوگرافییەکان، بەڵکو شکاندنی زنجیرە مێژووییەکانی ستەم و نادادپەروەریشە.

ئایندە هی ئەوانەن کە خەبات بۆ ئازادی و کەرامەت دەکەن. کورد ئەمڕۆ خەبات بۆ سەربەخۆیی دەکات، بەڵام ئەمە تەنها سەرەتایەکە. ئەو ڕۆژەی ئاڵای کوردستان شانبەشانی ئاڵاکانی تری جیهان هەڵدەگیرێت، ئەو ڕۆژە تەنها ڕۆژی سەرکەوتنی کورد نییە، بەڵکو سەرکەوتنی هەموو ئەو گەلانەیە کە باوەڕیان بە مافی چارەی خۆنووسین و دادپەروەری هەیە.

کورد چیتر نایەوێت تەنها چاودێرێکی مێژوو بێت، بەڵکو دەبێتە خوڵقێنەری داهاتووی خۆی. بە یەکڕیزی و ئیرادە و باوەڕبوون بە دەسەڵاتی خۆیان، ڕۆژێک *کوردستانی سەربەخۆ* جێگەی خۆی لەسەر نەخشەی جیهان دەبێت، وەک هێمای بەرخۆدان و وەستان و هیوا بۆ هەموو گەلانی ستەملێکراو.

په‌یوه‌ندی


کاکی ڕۆستەم ئاڵماسی 
[email protected]
یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان
[email protected]
watsapp
46700455523+

تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان


1- لینکی فه‌‌‌یسبووک
٢/ لینکی یوتوب

٣/ لینکی تویته‌‌‌ر