بە دڵێکی پڕ لە ژان و پەژارەیەکی قووڵەوە، هەواڵی شەهیدبوونی هاوڕێ "غەزەڵ موولایی" پێشمەرگەی بەوەج و کۆڵنەدەری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و ڕۆڵەی شاری مەهابادی تێکۆشەرمان پێ گەیشت. هاوڕێ غەزەڵ، دوای ئەوەی لە پەلامارە تیرۆریستییەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر کەمپی سوورداش بە سەختی بریندار بوو، سەرئەنجام گیانی پاکی لە پێناو ئامانجە بەرزەکانیدا بەخت کرد و چووە ڕیزی کاروانی نەمرانی نیشتمانەوە.
ئەم دەستدرێژییە دڕندانەیەی سوپای پاسداران، جارێکی دیکە ئەو ڕاستییەی بۆ هەمووان دەرخستەوە کە دەسەڵاتی ئێران هەمیشە پەنا بۆ تیرۆری دەوڵەتی دەبات دژ بە گەلی کورد و تێکۆشەرانی ڕێگەی ئازادی. شەهید غەزەڵ موولایی، نموونەی کچە کوردێکی گیانباز و خەباتگێڕ بوو کە ڕێگەی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی بۆ پاراستنی خاک و نیشتمان هەڵبژارد و لەو پێناوەشدا گیانی خۆی فیدا کرد.
ئێمە بە توندی ئەم تاوانە تیرۆریستییەی کۆماری ئیسلامی سەرکۆنە و ڕیسوا دەکەین و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کە چیتر بەرامبەر بە تاوانکارییەکانی ئەم ڕێژیمە بێدەنگ نەبن.
بە ناوی پارتی لیبڕاڵ دیموکراتی کوردستانەوە، پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی سەربەرزی شەهید غەزەڵ موولایی، هاوسەنگەرانی لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و تەواوی پێشمەرگە و تێکۆشەرانی کوردستان دەکەین. خوێنی گەشی شەهیدانی وەک غەزەڵ وهەمووگیانبەختکردووانی ڕێگەی ڕزگاری، دەبێتە مەشخەڵی ڕێنوێنی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی گەلەکەمان.
یادی شەهید غەزەڵ موولایی بەخێر و ڕۆحی شاد بێت.
ڕێگەی خەباتی پڕڕێبوار بێت.
پارتی لیبڕاڵ دیموکراتی کوردستان
٢٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ی کوردی