یه‌کێتی شۆڕشگێرانی کوردستان
Revolutionary Union of Kurdistan
یه‌کشه‌ممه‌ 15 ره‌زبه‌ر 2724

         

میرە قەرەتاج ناسراو بە خانی لەپ زێڕین، میری میرنشینی برادۆست

میرە قەرەتاج ناسراو بە خانی لەپ زێڕین، میری میرنشینی برادۆست
مەلا ئاوارە

 میرە قەرەتاج ناسراو بە خانی لەپ زێڕین، میری میرنشینی برادۆست، لە دۆستە هەرە نزیکەکانی شا تاماسبی یەکەم (١٥٧٦-١٥٢٤ز)  پاشای سەفەوی بوو، هەر بە هۆی ئەم دۆستایەتییەوە شا تاماسب، میر قەرەتاجی کردە میری ناوچەکانی ورمێ و شنۆ، لە دوای مردنی شا تاماسب، زۆربەی میر و سەرۆک عەشیرەکانی ئەوسای کوردستان بە سەرکێشیی میر عومەری سۆران، خۆیان دایە پاڵ ئیمپراتۆری عوسمانی، بەڵام میر قەرەتاج نەچووە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکانەوە و لە شەڕێک کە لە نێوان میر عومەر و میر قەرەتاجدا ڕووی دا، میر قەرەتاج دەستێکی پەڕێندرا و لە دوای ئەم رووداوە بە میری یەک دەست ناوبانگی دەرکرد.

 کاتێک شا عەباسی سەفەوی لە ١٥٧٨دا بووە پاشای سەفەوییەکان،  شا عەباس فەرمانی کرد دەستێکی دەستکردی لە ئاڵتون بۆ دروست بکەن و نازناوی خانیشی پێ بەخشی، لە دوای ئەوەی دەستە ئاڵتونییەکەیان بۆ دروستکرد، میر قەرەتاج بە خانی لەپ زێڕین ناوبانگی دەرکرد و جگە لە ناوچەکانی ورمێ و شنۆ، هەرێمی قەڵای مەرگەوەڕ و تەرگەوەڕیشی پێ سپێردرا.
لە سەردەمی شا عەباسدا پێگە و هێزی خانی لەپ زێڕین ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبوو، بۆیە خان بڕیاری دا بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی قەڵای دەمدەم نۆژەن بکاتەوە و  ناوەندی فەرمانڕەواییەکەی بگوازێتەوە بۆ ناو ئەو قەڵایە، شا عەباسی سەفەوی لە سەرەتادا هیچ کێشەیەکی لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی قەڵاکەدا نەبوو، بەڵام هەندێک لە میرانی ناوچەکە و بە تایبەت میری تەورێز کەوتنە دژایەتیکردن خانی لەپ زێڕین و بە ماستاوچێتی و دوو زمانی کردن شا عەباسیان لە دژی خانی لەپ زێڕین هاندا،  میر پیربوداغ بەگی میری ئازەربایجان بە شا عەباسی وتبوو خانی لەپ زێڕین بە نیازە یاخی ببێت و سەربەخۆیی میرنشینەکەی رابگەیەنێت، هەربۆیە شا عەباس داوای لە خانی لەپ زێڕین کرد واز لە نۆژەنکردنەوە قەڵای دەمدەم بهێنێت، بەڵام میر بە قسەی نەکرد و بەردەوام بوو لە نۆژەنکردەوە و قەڵایەکی قایم و پتەوی دروستکرد کە هەموو تێبینییە سەربازییەکانی تێدا ڕەچاو کرابوو.

 شا عەباس کە هەستی بە مەترسیی خانی لەپ زێڕین کردبوو کەوتە پیلاندانان بۆ پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی میر قەرەتاج، سەرەتا چەند جارێک هێزیان ناردە سەر قەڵاکە، بەڵام بە هۆی قایمیی قەڵا و شەڕی قارەمانانەی جەنگاوەرانی قەڵا، هەموو هێرشەکان تووشی شکست هاتن، لە ئەنجامدا شا عەباس بڕیاری دا سوپایەکی دەهەزار کەسی بە فەرماندەیی  حەسەن خانی والیی هەمەدان هێرش بکاتە سەر قەڵای دەمدەم، بیست جەنگاوەری هۆزی جەلالیش کە لە کوردانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی بوون و خۆیان تەسلیمی شا عەباس کردبوو، لە هێرشەکەی سەر قەڵای دەمدەم بەشداربوون.

میرە قەرەتاج بەر لەوەی سوپای سەفەوی بگاتە ورمێ، لە هاتنیان ئاگادار بوو و هێرشی کردە سەریان و دوای شەڕێکی قورس، شکستی پێ هێنان و ناچاریکردن پاشەکشێ بکەن، دوای شکستی سوپا دەهەزار کەسییەکە، شاعەباس سوپایەکی گەورەتری بە سەرکردایەتیی ئیعتمادولدەولەی وەزیری ناردە سەر قەڵای دەمدەم و داوای لێکردن خۆ بە دەستەوە بدەن و واز لە قەڵاکە بهێنن، بەڵام خانی لەپ زێڕین پاسەوانانی قەڵای زیاتر کرد و ئامادە نەبوو دەستبەرداری قەڵاکە بێت، لە کۆتاییدا سوپای سەفەوی گەمارۆی قەڵای دەمدەمیاندا، گەمارۆکە چەندین مانگی خایاند، لەو ماوەیەدا ناوبەناو جەنگاوەرانی خا ی لەپ زێڕین لە قەڵاکە دەهاتنە دەرەوە و هێرشی لەناکاویان دەکردە سەر سوپای داگیرکەری سەفەوی و زەربەی قورسیان لە سوپای سەفەوی دەوەشاند، جاجارەش نێردراوی شا عەباس بە مەبەستی گفتوگۆ ڕووی لە قەڵاکە دەکرد و لەگەڵ خانی لەپ زێڕیندا دەکەونە گفتوگۆ کە واز لە شەڕ بهێنێت  و خۆی ڕادەست بکات، خانی لەپ زێڕین ئامادە نابێت تەسلیم بێت و درێژە بە بەرخۆدان دەدات.

 بەڵام هەموو ئەو پاڵەوانێتی و قارەمانێتییە بە خیانەتی فەرماندەیەك پووچەڵ دەبنەوە، لەو کاتەدا لەناو دەموودەزگای میرنشینی برادۆستدا وا باو بووە هەر چوار ناڵی ئەسپی فەرماندە گەورەکانی سوپایان لە ئاڵتون دروست کردووە،

ئەحمەد خانی لیتانی كە فەرماندەیەکی سوپاکەی خانی لەپ زێڕین بوو لە یەکێک لە شەڕەکاندا دوو ناڵی ئاڵتونی ئەسپەکەی لێ دەبێتەوە و ونی دەکات، لەو کاتەدا کە قەڵا لە ژێر گەمارۆدا بووە، لە جیاتی دوو ناڵی ئاڵتونی دوو ناڵی  ئاسنیان پێدابوو، ئەحمەد خان توڕە دەبێت و دەچێتە لای ناڵبەندانی مەیتەرخانەی میری و داوایان لێ دەكات ئەو دوو ناڵە ئاسنەی بۆ بگۆڕنەوە بە ناڵی ئاڵتون، ئەوانیش داواكەی رەتدەكەنەوە و پێی دەڵێن كە دەبێ لەسەرووی خۆمانەوە ئەمرمان پێ بكرێت، ئەویش تووڕە دەبێت و زۆر لە بەرپرسی مەیتەرخانەکە دەدات، خان ئاودەڵی برای خانی لەپ زێڕین پێی دەزانێت، بانگی ئەحمەد خان دەکات و لێی تووڕە دەبێ و لە توڵەی بەرپرسی مەیتەرخانەکەدا لە ئەحەمد خان دەدات، دوای ئەم ڕووداوە ئەحمەد خان ڕق لە دڵیدا هەڵدەگرێت و بۆ تۆڵەکردنەوە خۆی دەگەیەنێتە سوپای سەفەوی و سەرچاوەی ئاوی قەڵایان بۆ ئاشكرا دەكات، سوپای سەفەویش هەموو پیلانەكانی شەڕ دەگۆڕن، پاش دڵنیابوون
لە قسەكانی ئەحمەد خان سەرەتا ئەحمەد خان دەکوژن و دواتریش هەوڵ دەدەن دەست بە سەر سەرچاوی ئاوی قەڵادا بگرن.

 پاش شەڕوپێكدادان و بەرگرییەكی قارەمانانەی جەنگاوەرانی پاسەوانی ئاوی قەڵا، سوپای سەفەوی دەتوانێت دەست بەسەر ئاوی قەڵادا بگرێت، جەنگاوەران و دانیشتووانی قەڵا نزیكەی بیست ڕۆژ بەرگەی بێ ئاوی دەگرن، بەڵام لە دوای ئەو ٢٠ رۆژە، بۆ ماوەی هەفتەیەک لە سەر یەک بارانێكی زۆر دەبارێت و حەوزە ئاوەکانی قەڵا پڕئاو بوونەوە، بەمجۆرە بۆ چەند مانگێک ئاوی پاشەکەوتکراویان دەبێت و خۆیان لە بەرانبەر هێرشی سوپای داگیرکەر رادەگرن، خانی لەپ زێڕین ڕاسپاردەیەک دەنێرێتە لای میرە كوردەكانی دۆستی؛ نەسووح پاشا و  میرشەرەفی بۆتانی و چەند میرێکی دیکەی کورد کە بە هانایانەوە بچن، بەڵام هەواڵەكە بە شاعەباس دەگات و  12 هەزار سەربازی دیکە رەوانەی جەنگەکە دەکات، نەسووح پاشا دەگەڕێتەوە و ئەم هەوڵەش بێ‌ئەنجام دەمێنێتەوە.

 سوپای سەفەوی پاش ئەوەی دەزانن قەڵا خۆی گرتووەتەوە و لانیكەم بۆ ماوەی سێ مانگی دیكە ئاویان هەیە و خۆیان بەدەستەوە نادەن، لە ماوەی چل ڕۆژدا سێ تۆپی گەورەتر لەوانەی كە هەن بەرامبەر بە قەڵاکە دادەمەزرێنن و بەردەوام بۆردومانی قەڵاکە دەکەن، دوای چوار مانگ شەڕ و پێكدادان و شەكەتی و تینوێتیی خەڵک و جەنگاوەران، قەڵای دەمدەم ناتوانێت لەوە زیاتر خۆی بگرێت، بەربۆیە خانی لەپ زێڕین فەرمان دەداتبە تەقاندنەوەی پاشماوەی چەك و تەقەمەنیەکانی قەڵاکە بۆ ئەوەی دەست دوژمن نەكەون ژنەكانیش لە هەڵدێر و دیوارەكانی قەڵاوە خۆیان هەڵدەدێرن بۆ ئەوەی بە زیندوێتی نەکەونە دەست داگیركەری سەفەوی.

 هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کاتێک خانی لەپ زێڕین دەزانێت لەوە زیاتر ناتوانن لە قەڵاکەدا بمێننەوە، پلانێک دادەڕێژێت و بە سەرکردە و فەرماندەکانی سوپای برادۆست ڕادەگەیەنێت کە لە سێ قۆڵەوە بە ناوی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ فەرماندەکانی سوپای سەفەوی ڕوو لە خێوەتەکانیان دەکەین، کە چووینە ژوورەوە تا سەربازانی دەرەوی خێوەت پێ دەزانن، فەرماندەکانیان دەکوژین و سەرکەوتن مسۆگەر دەکەین، خانی لەپ زێڕین و  ئەبداڵ خانی موکری و  محەمەد بەگ بە چەندین جەنگاوەرەوە لە قەڵاکە دێنە دەرەوە، بە وتەی #ئەسکەندەر_بەگی_تورکمان، سکرتێر و مێژوونووسی تایبەت شاعەباس، ژمارەیان نزیکەی سەد جەنگاوەر بوون، و هەر کام لە فەرماندەکان لە قۆڵێکەوە ڕوو لە خێوەتی فەرماندەکانی سوپای سەفەوی دەکەن، بەڵام بە هۆی هەڵەیە کە بەر لەوەی خانی لەپ زێڕین بگاتە لای فەرماندەی گشتیی سوپای سەفەوی، ئەبداڵ خان هێرش دەکاتە سەر ئیلیاس خەلیفەی فەرماندەی هێزەکانی قەرەداغلوو و دەیکوژێت و بەمەش شەڕ دەست پێدەکات، کاتێک خانی لەپ زێڕین و محەمەد بەگ چاویان لە رووداوەکە دەبێت، چاریان نامێنێت و ئەوانیش لە شوێنی خۆیانەوە هێرش دەکەنە سەر سوپای  قزڵباشی سەفەوی و شەڕێکی قورس دەست پێدەکات، لە کۆتاییدا هەموو جەنگاوەرانی کورد پاش شەڕێکی قورسی دەستەویەخە شەهید دەبن.

 ئەسکەندەر بەگی تورکمان، سکرتێر و مێژوونووسی تایبەتی شاعەباس، کە دوژمنێکی سەرسەختی کورد بووە و هەموو ڕووداوەکانی ئەو سەردەمەی  بە دڵخوازی شا عەباس  نووسیوەتەوە، نەیتوانیوە حاشا لە قارەمانێتی جەنگاوەرانی کورد بکات و بەمجۆرە باسی دوایین شەڕی خانی لەپ زێڕین دەکات.

بەشێک لە بەیتی قەڵای دەمدەم

هات لەشکری هیرمان و عوممانێ
راوەستان لەسەر زین و خوانێ
وەک ڕۆژی ئاخر زەمانێ
عەجەم کاری وای کردووە؟
سەرلەشکریان کێ بووە؟
لەشکرمان دوایی نایە
دوژمن دەکا واوەیلایە
باب هیچ کوڕ خۆی ناناسێ
هات لەشكری دیاربەكرێ
هەر وەكو باز وەكو سەقرێ
روح لە دوژمن وەردەگرێ
ئاخر ئاكرێ بەجێماوە
هاتن جوان و خاو و لاوە
لەسەر ركێف راوەستاوە
هەموو دنیا وەرگەڕاوە
ئەی تۆپ بۆ دانەبەستراوە
هاتووە لەشكری لای كۆ
هەموو ئازان و سەربەخۆ
لە عەجەمان بۆتە ڕۆڕۆ
هاتووە لەشكری هەولێرێ
كەس بەو سپایە ناوێرێ
عەرزی بە خوێن دەدێرێ

ئەدی بۆچیمان نەزانی
هات لەشكر لە سلێمانی
دنیا پڕ بوو لە پیادە و سوار
بە هجوم گرتیان بیست و یەك شار

هات لەشكری وانێ
حەوسەت كەسیان چوونە سانێ
دەشكێنم حوكمی سوڵتانێ
هات لەشكر لە مهاباد
سوپای دوژمنی دا بەرباد

چوو لەشكر بۆ كەركووك
وەكو دەریا و سێڵاو دەبزووت
سوار و پیادە پاك تاق و جووت
عەرەب و عەجەم قەراریان دا بە فیرار
بوون بە سوپای بێ سەردار
لەشكری كوردان ڕاوەستان لە مەیدانێ
بۆیان دانان میزانێ
ئەمریان كرد بە جەنگاوەرانێ
لە بۆ خوێنی كوردانێ
بگرن تەختی ئیسپەهانێ



7 مانگ و 21 ڕۆژ و 12 کاتژمێر و 7 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

ئامانج و ستراتیژیەکانی یەکێتی


کوردستان، خەونی بنیاتنانی نەتەوە و سەربەخۆیی

کورد کە یەکێکە لە گەورەترین گەلانی بێ دەوڵەتی جیهان، بە درێژایی مێژوو هەمیشە لە پێناو مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی خەباتی کردووە. کورد لە چیاکانی زاگرۆسەوە تا دەشتەکانی موسڵ هەمیشە خۆی وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ و سەربەرز بینیوە کە کولتوور و زمان و شوناسەکەی وەک بەڵگەی زیندوو بۆ نەتەوەیەکی گەورە ماوەتەوە. ئەمڕۆ ئەم خەونە لە هەموو کاتێک نزیکترە لە واقیع.
مێژووی دوورودرێژی ستەم و ناعەدالەتی سەپێنراو بەسەر کورددا، ناتوانێت ڕێگری بکات لە گەشەکردنی ئیرادەی ئەم نەتەوەیە بۆ سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی. هەر جارەی بە دابەشبوونی سنووری و جوگرافی، کورد بە هێزێکی زیاترەوە لە خۆڵەمێش هەڵدەهات. هەر لە ڕێکەوتنی سایکس پیکۆوە تا چەندین شۆڕش و ڕاپەڕین، کورد هەمیشە بەرەنگاری سەپاندنی دەرەکی بووەتەوە و بەرگری لە مافەکانی کردووە.

ئەمڕۆ خەونی پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان تەنها ئامانجێکی سیاسی نییە، بەڵکو پێویستییەکی مێژووییشە. کەسانێک کە هەزاران ساڵە لەژێر هەژموون و کۆنترۆڵی ئەوانی تردا ژیاون، ئێستا مافی خۆیان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەیی خۆیان دەبینن. بۆچی کورد حکومەتی نەبێت؟ بۆ نابێ لە خاکێکدا بژین کە خۆیان بەڕێوەی دەبەن، بە یاسای خۆیانەوە، بۆ گەلی خۆیان و بەناوی ناسنامەی خۆیانەوە؟

ئێران، تورکیە، سوریا و عێراق هەمیشە بە سیاسەتی سەرکوت و دووبەرەکی هەوڵیان داوە پێش بە یەکڕیزی کورد بگرن. بەڵام مێژوو دەریخستووە کە هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت بۆ هەمیشەیی ئیرادەی نەتەوەیەک بۆ ئازادی و سەربەخۆیی سەرکوت بکات. دابەشبوونی ئێران و پێکهێنانی کوردستانی سەربەخۆ نەک هەر بە مانای شکاندنی سنوورە جوگرافییەکان، بەڵکو شکاندنی زنجیرە مێژووییەکانی ستەم و نادادپەروەریشە.

ئایندە هی ئەوانەن کە خەبات بۆ ئازادی و کەرامەت دەکەن. کورد ئەمڕۆ خەبات بۆ سەربەخۆیی دەکات، بەڵام ئەمە تەنها سەرەتایەکە. ئەو ڕۆژەی ئاڵای کوردستان شانبەشانی ئاڵاکانی تری جیهان هەڵدەگیرێت، ئەو ڕۆژە تەنها ڕۆژی سەرکەوتنی کورد نییە، بەڵکو سەرکەوتنی هەموو ئەو گەلانەیە کە باوەڕیان بە مافی چارەی خۆنووسین و دادپەروەری هەیە.

کورد چیتر نایەوێت تەنها چاودێرێکی مێژوو بێت، بەڵکو دەبێتە خوڵقێنەری داهاتووی خۆی. بە یەکڕیزی و ئیرادە و باوەڕبوون بە دەسەڵاتی خۆیان، ڕۆژێک *کوردستانی سەربەخۆ* جێگەی خۆی لەسەر نەخشەی جیهان دەبێت، وەک هێمای بەرخۆدان و وەستان و هیوا بۆ هەموو گەلانی ستەملێکراو.

په‌یوه‌ندی


کاکی ڕؤستەم ئالماسی 
[email protected]
یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان
[email protected]
watsapp
46700455523+

تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان


1- لینکی فه‌‌‌یسبووک
٢/ لینکی یوتوب

٣/ لینکی تویته‌‌‌ر