یه‌کێتی شۆڕشگێرانی کوردستان
Revolutionary Union of Kurdistan
یه‌کشه‌ممه‌ 15 ره‌زبه‌ر 2724

         

قەدەم ‌خێر لورستانی

قەدەم ‌خێر لورستانی
مەلا ئاوارە


 قەدەم ‌خێر ئەو ژنە قارەمان و سەربەخۆیی خوازەی کورد بوو کە بۆ  شێخ مەحموود بەرزنجی نامەی هاوپەیمانیی نارد.

 “قەدەم ‌خێر” ژنێکی بوێر و زیرەک بوو کە تەنانەت بۆ جارێکیش سەری خۆی بۆ ڕەزاشای ئێران دانەنواند. ژنێک کە لە ئەشکەوتێک لەدایک بوو و بووە قارەمانی ڕێی ڕزگاریی کوردانی لوڕ. چیرۆکی ژیان و بەسەرهاتی قەدەم‌خێر وایە: ئەو لە ساڵی ١٨٩٩دا، لە چیای تەنگەڤان، لە جێگایەک بە ناوی “گود” و لە ئەشکەوتێکدا لەدایک دەبێت. 

 ناوی باوکی قەندی و لە عەشیرەتی گەورەی قەڵاوەندە کە حاکم بوونە بە سەر خووزستان. باوکی کەسێکی ناسراو و خاوەن ڕێز بووە؛ هەروەها سەرۆک عەشیرەتی قەڵاوەند بووە. ناوی دایکی جەواهیرە کە باس دەکرێت خاوەن تایبەتمەندییەکی بژاردە بووە. “قەدەم‌ خێر” نۆ برا و خوشکێکی هەبووە.

 لە سەردەمی پێشدا، ناوچەی لوڕستانی بچووک خۆی کاروبارە ناوخۆییەکانی بەڕێوە دەبرد. لە ساڵی ١١٩٥ لە سەردەمی دەسەڵاتی عەباسییانەوە تاکوو دەسەڵاتی سەفەوییەکان لە ساڵی ١٥١٩دا میرنشینەکانی ئەم ناوچەیە نیمچەسەربەخۆییان هەبوو. دوای ئەم ڕێکەوتانە هەرچەندە بەناو بەشێک بووە لە دەسەڵاتی ئێران بەڵام میرەکانیان ئەم دەسەڵاتە دەست بە دەستیان کردووە و لە دەستیان نەداوە. تاکوو ئەو کاتەی کە ڕەزاشای پەهلەوی لە ساڵی ١٩٢٥دا دەسەڵاتی ئێرانی بەدەستەوە گرت و دەستی دایە لەنێوبردنی دەسەڵاتی میرەکان کە یەکێک لەوان میرنشینی لوڕستان بوو کە توانی بە فێڵ و پیلانە نگریسەکانی بیانخافڵێنێت و لەگەڵیان دانوستان بکات.

 ڕەزاشا نامەیەکی بۆ شاموراد خان نارد  و لە نامەکەدا بەڵێنیی دابوو کە سنووری ویلایەتەکەی بە مەرجێک بپارێزێت کە پابەندی سیاسەتە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی دەسەڵاتی ئەو بێت. شاموراد خانیش ڕازی بوو، بەڵام ڕەزاشا لەسەر بەڵێنەکانی نەما و بەپێی سەرچاوەکان، هێزەکانی ئەرتەشی ڕەزاشا لە ساڵی ١٩٢٩دا هێرشی کردە سەر عەشیرەتەکانی لوڕستان؛ هەندێک سەرچاوەیش دەڵێن ئەو هێرشانە لە ساڵی ١٩٣٠دا بووە.

 عەشیرەتی قەڵاوەند ئەمەیان قەبووڵ نەکرد و لە دژی هێزەکانی ڕەزاشا وەستان و شەڕیان کرد؛ لەنێو شەڕکەرەکانی لوڕدا ژنێکی قارەمان هەبوو کە ئەویش قەدەم‌خێر بوو. لەو شەڕەدا “قەدەم‌ خێر” لەگەڵ هاوسەر و براکانی لە سەنگەری شەڕدا بەشدار بوون و لە دژی داگیرکاری شەڕیان کرد. لەو شەڕە چەند کاتژمێرییەدا هاوسەری “قەدەم‌ خێر” بە ناوی “سەفقولی خان” لەلایەن هێزەکانی ڕەزاشاوە کوژرا. بەڵام ئەمە بۆ “قەدەم ‌خێر” نەبووە ئاستەنگ. ئەو بۆ ئەوەی کە لە دژی نادادپەروەری و سەرکوتکارییەکانی ڕەزاشای پەهلەوی بووەستێت، شەڕی مان و نەمانی دەکرد.

 هەر لەنێو ئەم شەڕەدا برایەکی “قەدەم‌ خێر” کوژرا؛ دوای ئەم ڕووداوە، “قەدەم ‌خێر” لە ساڵی ١٩٣٢دا جێگەی شاموراد خانی برای گرت و ئەو ژنە قارەمان و زیرەکە لە کاتێکی کەمدا هێزێکی گەورەی لە سوار و پیادە پێک هێنا.

 بەو شێوەیە جارێکی دیکە “قەدەم ‌خێر” هێزەکانی خۆی یەک دەخات و لە دژی داگیرکاریی ڕەزاشا دەوەستێتەوە. ڕەزاشا بە بیستنی ئەو شتە زۆر عاجز دەبێت و دیسان فەرمان دەدات هێزێکی زۆر بنێرێتە سەر شەڕڤانەکانی لوڕ و “قەدەم‌ خێر” و براکانی بە دیل بگرن. زۆری پێ ناچێت جارێکی دیکە شەڕێکی گەورە لەنێوان شەڕڤانەکانی لوڕ و هێزەکانی ڕەزاشادا دەست پێ دەکاتەوە.

 لەو شەڕەدا کە “قەدەم ‌خێر” فەرماندەیی شەڕی دەکرد، شەڕێکی قارەمانانەیان کرد و لە چەند لاوە هێزەکانی داگیرکەر تووشی شکست بوون. بەڵام لە پیلانێکی دوژمندا ژمارەیەک شەڕکەری لوڕ و دوو برای “قەدەم ‌خێر” دەکەونە داوی دوژمن. کاتێک براکانی “قەدەم ‌خێر” لە گەمارۆی هێزی دوژمن دەمێنن و هەم خواردن، هەم کەرەستەکانی شەڕیان تەواو دەبێت، زۆری پێ ناچێت کە لای دیکەی شەڕەوە هەواڵ دەگاتە “قەدەم ‌خێر” کە دوو براکەی و ژمارەیەک شەڕکەر بەبێ خواردن و کەرەستەی شەڕ ماون. “قەدەم ‌خێر” خۆی دەخاتە سەر پشتی ئەسپەکەی و چەند شەڕکەرێک کە فەرماندەیی ئەوان دەکات وەکوو با لەنێو گەمارۆی دوژمندا دەرباز دەبێت و براکانی ڕزگار دەکات.

 ناو و دەنگی تێکۆشانی “قەدەم‌ خێر” و دوو براکەی لە دژی هێزەکانی داگیرکەر بە فەرماندەیی جەنەڕاڵ ئیسفەندیار، لە چوار دەوری وڵات بڵاو دەبێتەوە و لە هەر ناوچەیەکدا لەسەر قارەمانێتیی ئەو ژنە لوڕە قسە دەکەن و باسی قارەمانێتیی ئەو لە لە هەموو ناوچەکان وەکوو چیرۆکێک لەسەر زمان دەگەڕا.

 ئامانجی ئەو ژنە قارەمانەی کورد ڕزگارکردنی نەتەوەی کورد بوو لە سەردەمی ڕەزاشادا. مەبەستی ئەو تەنیا ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەبوو، بەڵکوو دەیویست پارچەکانی دیکەی کوردستانیش ڕزگار بکات. هەروەها بەو مەبەستەش نامەیەکی بۆ “شێخ مەحموود” بەرزنجی ناردووە و  نامەکەدا فەرموویەتی: “با هەوڵ و تێکۆشانمان یەک بخەین و کوردستان لەدەستی دوژمن ڕزگار بکەین؛ ئێستا لە دژی زوڵم و ستەم دەجەنگم و نامەوێت سەر بۆ دوژمن دانەوێنم و زوڵم لە میللەتەکەم قەبووڵ بکەم؛


 من لە پێناو ڕزگاریی کوردستان و دژی ستەم و ناعەداڵەتی شەڕ دەکەم و لەو خەباتەدا برا و مێردەکەم لەدەست داوە؛ هەر بۆیە داواتان لێ دەکەم هێزەکانمان یەک بخەین و خەبات بۆ ڕزگاریی کوردستان بکەین و هەموو موڵک، چەک، سەرباز و جەنگاوەرەکانم دەخەمە خزمەتتان؛ چەک و تەقەمەنییەکانم بەشی دوو ساڵی شەڕ دەکەن”.

بەڵام “شێخ مەحموود بەرزنجی” لە ترسی ئەوەی خەڵکی باشووری کوردستان بەتەنیای بهێڵن و بڵێن کە وازی لە کوردستانی ئێراق هێناوە و هەروەها بڵێن دوای سامانی ژنێک کەوتووە، گرینگیی بە نامەی ئەو ژنە قارەمانە نەدا و پشتگوێی خست. 

 لەلایەکی دیکەوە ڕەزاشا پێشنیاری هاوسەرگیری بۆ ئەو ژنە شۆڕشگێڕ و قارەمانە ناردبوو. داواکاریی هاوسەرگیریی ڕەزاشاش پلانێک بوو بۆ کۆتاییهێنانی شۆڕەشەکە، بەڵام پلانەکەی سەری نەگرت و “قەدەم‌ خێر” لە نامەیەکدا بۆ ڕەزاشا  نووسیویەتی: “من ژن نیم هەتاکوو هاوسەرگیریت لەگەڵ بکەم، بەڵکوو ئەتۆ ژنی”. دوای ئەو نامەیە تووڕەیی و ڕق و کینەی ڕەزاشا زیاتر بووە و هێزێکی زۆری ڕەوانەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی “قەدەم‌ خێر” کردووە و شەڕێکی قورس لەنێوان هێزی داگیرکەر و چەکدارانی لوڕدا ڕوویداوە و ناوی ئەو شەڕە “#خورما_داد” بوو. بەم شێوەیە “#قەدەم‌_خێر” توانی بۆ ماوەی نزیکەی سێ ساڵ بە شێوەی قارەمانانە لە دژی هێزی داگیرکەر بووەستێت و بەرگری لە خاک و شەرەفی میللەتەکەی بکات. 

 بەڵام لە کۆتاییدا بەهۆی شەڕ لەنێوان هێزەکانی ڕەزاشا و قەدەم ‌خێر”دا و نەبوونی چەک و تەقەمەنی، هێزی داگیرکەر توانی هێزەکانی قەدەم‌خێر تێک بشکێنێت؛ ئەو هۆکارانەی کە هێزە داگیرکەرەکان دەتوانییان بە سەر شەرڤانانی لوڕدا زاڵ بن، بریتین لە:-

١- بەشێک لە کوردانی فەیلی بە پلانەکانی ڕەزاشا فریویان خوارد و هێزەکانیان لە هێزەکانی قەدەم‌خێر جیا کردەوە.

٢- نەبوونی چەک و تەقەمەنیی شۆڕشگێڕان و نەهاتنی هاوکاری بۆیان.

٣- ڕەزاشا لێبوردنێکی گشتیی بۆ شۆڕشگێڕان دەرکرد و نامەیەکی تایبەتی بۆ قەدەم‌خێر نارد و لەگەڵ نامەکەدا قورئانێکی لەگەڵ واژۆکەی نارد وەک نییەتپاکیی ڕەزاشا.

 ئەوانە هۆکار بوون بۆ تێکشکاندنی هێزەکانی “قەدەم ‌خێر” و هەر لەو کاتەدا بوو کە کۆمەڵێک شۆڕشگێڕ بە ناوی لێبووردن خۆیان ڕادەستی هێزەکانی ڕەزا شا کرد و لە ئەنجامدا زۆربەیان لەسێدارە دران. “قەدەم‌ خێر”یش لەلایەن دوژمنەوە گەمارۆ درابوو و زۆربەی هێزەکانی کوژرابوون؛ ئیدی دەبووا خۆی ڕادەستی دوژمن بکات. لەو ڕۆژەدا زۆربەی ئەو شەرڤانانەی کە دەسبەسەر کرابوون، بە شێوەیەکی دڕندانە لەبەرچاوی “#قەدەم_خێر” گولـلەباران کران. هێزەکانی ڕەزاشا “قەدەم ‌خێر”، ئەو ژنە سەرکردەی قارەمان و شۆڕشگێڕیش لەنێو جەنگاوەرەکاندا جیا دەکەنەوە و بە ئەسپێکی کوێرەوە دەیانبەستنەوە و بە شێوەیەکی نامرۆڤانە و دوور لە ئەخلاقی مرۆڤایەتی بەدوای ئەسپەکەدا دەیکێشن، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دڕندانە تۆڵەی خۆیان بکەنەوە. وتراوە کە هیچ جەستەی نەماوە و هەموو جەستەی ببووە بە خوێن و هەموو شکابوو.

 دەوترێت “قەدەم‌ خێر” بە ئەو هەموو ئەشکەنجە و ئازارانە، تەنانەت بۆ جارێکیش داوای لێبووردنی لە ڕەزاشا نەکرد و پێ وتووە:
ئەگەرجارێکی دیکە ئازاد بکرێمەوە بۆ خاک و شەرەفی میللەتەکەم خەبات دەکەم
. ڕەزاشا بڕیاری دا کە “قەدەم ‌خێر” بخرێتە بەندی خانە.

 بەم شێوەیە “قەدەم‌ خێر” تا پیری لە بەندیخانەدا مایەوە و لەوێش کۆچی دوایی کرد و چووە بەهەشتی شۆڕشگێڕە قارەمانە نەمرەکانی کورد و کوردستان و ناوی وەک ژنێکی قارەمان لە مێژووی کورددا تۆمار کراوە.

 یادی ئەم شێرەژنە شۆڕشگێڕ و خەباتکارە هەرمان و ڕێگای پڕ ڕێبوار .

 بەشی ئەدەبی و مەدەنی و هونەری

کۆ کردنەوە : مەلا ئاوارە 

 

7 مانگ و 21 ڕۆژ و 19 کاتژمێر و 53 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

ئامانج و ستراتیژیەکانی یەکێتی


کوردستان، خەونی بنیاتنانی نەتەوە و سەربەخۆیی

کورد کە یەکێکە لە گەورەترین گەلانی بێ دەوڵەتی جیهان، بە درێژایی مێژوو هەمیشە لە پێناو مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی خەباتی کردووە. کورد لە چیاکانی زاگرۆسەوە تا دەشتەکانی موسڵ هەمیشە خۆی وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ و سەربەرز بینیوە کە کولتوور و زمان و شوناسەکەی وەک بەڵگەی زیندوو بۆ نەتەوەیەکی گەورە ماوەتەوە. ئەمڕۆ ئەم خەونە لە هەموو کاتێک نزیکترە لە واقیع.
مێژووی دوورودرێژی ستەم و ناعەدالەتی سەپێنراو بەسەر کورددا، ناتوانێت ڕێگری بکات لە گەشەکردنی ئیرادەی ئەم نەتەوەیە بۆ سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی. هەر جارەی بە دابەشبوونی سنووری و جوگرافی، کورد بە هێزێکی زیاترەوە لە خۆڵەمێش هەڵدەهات. هەر لە ڕێکەوتنی سایکس پیکۆوە تا چەندین شۆڕش و ڕاپەڕین، کورد هەمیشە بەرەنگاری سەپاندنی دەرەکی بووەتەوە و بەرگری لە مافەکانی کردووە.

ئەمڕۆ خەونی پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان تەنها ئامانجێکی سیاسی نییە، بەڵکو پێویستییەکی مێژووییشە. کەسانێک کە هەزاران ساڵە لەژێر هەژموون و کۆنترۆڵی ئەوانی تردا ژیاون، ئێستا مافی خۆیان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەیی خۆیان دەبینن. بۆچی کورد حکومەتی نەبێت؟ بۆ نابێ لە خاکێکدا بژین کە خۆیان بەڕێوەی دەبەن، بە یاسای خۆیانەوە، بۆ گەلی خۆیان و بەناوی ناسنامەی خۆیانەوە؟

ئێران، تورکیە، سوریا و عێراق هەمیشە بە سیاسەتی سەرکوت و دووبەرەکی هەوڵیان داوە پێش بە یەکڕیزی کورد بگرن. بەڵام مێژوو دەریخستووە کە هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت بۆ هەمیشەیی ئیرادەی نەتەوەیەک بۆ ئازادی و سەربەخۆیی سەرکوت بکات. دابەشبوونی ئێران و پێکهێنانی کوردستانی سەربەخۆ نەک هەر بە مانای شکاندنی سنوورە جوگرافییەکان، بەڵکو شکاندنی زنجیرە مێژووییەکانی ستەم و نادادپەروەریشە.

ئایندە هی ئەوانەن کە خەبات بۆ ئازادی و کەرامەت دەکەن. کورد ئەمڕۆ خەبات بۆ سەربەخۆیی دەکات، بەڵام ئەمە تەنها سەرەتایەکە. ئەو ڕۆژەی ئاڵای کوردستان شانبەشانی ئاڵاکانی تری جیهان هەڵدەگیرێت، ئەو ڕۆژە تەنها ڕۆژی سەرکەوتنی کورد نییە، بەڵکو سەرکەوتنی هەموو ئەو گەلانەیە کە باوەڕیان بە مافی چارەی خۆنووسین و دادپەروەری هەیە.

کورد چیتر نایەوێت تەنها چاودێرێکی مێژوو بێت، بەڵکو دەبێتە خوڵقێنەری داهاتووی خۆی. بە یەکڕیزی و ئیرادە و باوەڕبوون بە دەسەڵاتی خۆیان، ڕۆژێک *کوردستانی سەربەخۆ* جێگەی خۆی لەسەر نەخشەی جیهان دەبێت، وەک هێمای بەرخۆدان و وەستان و هیوا بۆ هەموو گەلانی ستەملێکراو.

په‌یوه‌ندی


کاکی ڕؤستەم ئالماسی 
[email protected]
یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان
[email protected]
watsapp
46700455523+

تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان


1- لینکی فه‌‌‌یسبووک
٢/ لینکی یوتوب

٣/ لینکی تویته‌‌‌ر