یه‌کێتی شۆڕشگێرانی کوردستان
Revolutionary Union of Kurdistan
یه‌کشه‌ممه‌ 15 ره‌زبه‌ر 2724

         

سەردا ئەکرەم

سەردا ئەکرەم
نووسین و کۆکردنەوە مەلا ئاوارە

سنجەرخان وەزیری  ناسراو بە سەردار ئەکرەم، فەرماندەی شۆڕشگێڕ و دژ بە داگیرکەری ڕووسیا و بەریتانیا لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و هاوڕێی فاتە ڕەشی گەڵواخی بووە، کوڕی میرزا محەمەد وەزیری قوێخای گوندی نەڕان سەر بە سنە، باوکیان دوو ژنی هەبوو کە لە ژنی دووەمی سەنجەرخان و یەدوڵڵا خان لە دایکبوون، جەیران خانم  خۆشکی حاجی عەلی خانی کولیایی بووە کە لە کەسە نزیکەکانی ئەمیر ئەمجەد خانی کولیایی بووە. سەنجەرخان لە بنەماڵەی ناسراوی وەزیرییەکانی سنە بووە.
سەنجەر خان بەھۆی ناکۆکی فیروزەی خێزانی لە گەڵ ژنی خەلیل خان برای و کێشەی خۆی لە سەر میراتی باوکیەتی لە لایان خەلیل خان برای ناچار بوو گوندەکەی خۆی جێ بھێڵێت و ڕووی کردە ناوچەی کولیایی، لە پارێزگای کرماشان ، بوو بە چەکداری ئەمانووڵڵا خانی فەرھەنگ.
سەردار ئەکرەم، ئەو پاڵەوانە ئەفسانەییەی کورد بوو کە لە سەرەتای سەدەی بیستەم هەر دوو سوپای بریتانیا و روسیای شکستدا، ڕەزا شای ئێرانیش نەیتوانی دەستگیری بکات، 
 بەپێی هەندێک سەرچاوە بنەچە و ڕەچەڵەکی بنەماڵەی وەزیرییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەی وەزیرستانی ئەفغانستان، بە پێی وتەکانی ( جەمال ئەحمەدی ئایین لێکۆڵەری مێژووی کورد ) سەردەمی شا عەباسی سەفەوی  ١٥٧١-١٦٢٩ زاینی  ئەحمەد خان کوڕی هەڵۆ خانی ئەردەڵان کە یەکێک لە گەورەترین و بەهێزترین میرەکانی ئەردەڵان بووە بۆ ماوەیەک وەک بارمتە لە ئەسفەهانی پایتەختی سەفەوییەکان بووە، ئەحمەد خان لە ئەسفەهان لەگەڵ پیاوێک بە ناوی خواجە ئیبرایمی بەزاز کە ئەویش بارمتە بوو و وەک هەندێک سەرچاوە دەڵێن پێدەچی خەڵکی وەزیرستانی ئەفغانستان بێ ئاشنا دەبێت، پاشان لە سەر داوای هەڵۆخان ئیبرایمی بەزاز لەگەڵ ئەحمەد خان دێتە سنە ناوەندی میرنشینی ئەردەڵان.
جەماڵ ئەحمەدی ئایین پێیوایە کە دواتر کاتێک لە ساڵی ١٠٤٦ کۆچی مانگی بەردی بناغەی شاری سنە دادەنرێت، وەزیرییەکان دێنە ناو شاری سنە و لە دروستکردنی شاردا رۆڵێکی بەرچاویان دەبێت، لە سەردەمی ئامانوڵڵاخاندا بە شێوەی فەرمی دەچنە ناو حکومەتی ئەردەڵانەوە، بە هۆی تواناکانیان لە بواری ژمێریاری و کار و باری دیواندا و پێویستیی ئەردەڵانییەکان بەم زانستە، وەزیرییەکان شوێن پێیەکی قایم بۆ خۆیان لەناو حکومەتی ئەردەڵاندا دروست دەکەن، بنەماڵەی وەزیری بە چوونە ناو دامودەزگای دەسەڵاتداریی ئەردەڵان، دەبنە خاوەن نازناو و پێگەی تایبەت بە خۆیان و نازناوی میرزا بە واتای سکرتێر و نووسەریان پێ دەبەخشرێت.
لە سەردەمی ئەمانوڵڵاخانی ئەردەڵاندا کەسێک  لە وەزیرییەکان بە ناوی میرزا لوتفوڵلا گوندی نەڕان دەکڕێت و لەو گوندە نیشتەجێ دەبێت، سەنجەرخان لە نەوەکانی میرزا لوتفوڵڵا بووە.
لەمبارەوە هونەرمەند عەباس کەمەندی لە  کتێبی داستانی سەنجەر خاندا دەنووسێت میرزا محەمەدی وەزیری نەڕانی باوکی سەنجەر خان ئامۆزای ئاسف دێوان بووە، 
 سەنجەرخان لە تەمەنی بیست و پێنج ساڵیدا بەهۆی قسە لە ڕوویی ئاسف دێوان و تاڵان کردنی مەخزەنەکانی ئاسف دێوان و هاوپەیمانەکانی و دابەشکردنی کاڵاکان لە نێوان خەڵکی هەژار و فەقیری ناوچەکە کە کەوتوونەتە قەیران بە دەستی ڕەزا شا و باج و خەراج ، دەکەوێتە بەر ڕقی ئاسف دێوان ، لە دوای دیدارێک لە گەڵ  فەیزۆڵاخان هەی بووە کە بۆ کڕینی ئاژەڵ دەچێت لەوێ لە گەڵ ئەمانۆڵڵا خانی فەرهەنگ ئاشنا دەبێت و چەکێک بە خەڵاتی لە لایان ئەمانۆڵڵا خان وەر ئەگرێت  لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ نەڕان ئەکەوێتە بەر گەمارۆی بە کرێ گیراوێک کە لە لایان ئاسف دیوانەوە نێردرا بوو ، بریندار دەبێت و کچەکەی فەیزۆڵڵاخان ڕزگاری دەکات .
جەمال ئەحمەدی ئایین پێی وایە کە هەرچەندە سەبارەت بە چوونی سەنجەرخان بۆ ناوچەی کولیایی بیر و بۆچوونی جیاواز هەیە و هەندێک دەڵێن لە کولیایی بووەتە سەردار لە لەشکەری ئەمیر ئەمجەدخانی کولیایی، بەڵام دروستترین بۆچوون هەر ئەوەیە کە لەوێ بووەتە چەکداری ئەمانوڵڵا خانی فەرهەنگ و لە ژێر کاریگەریی ئامانوڵڵا خان لە ڕووس و ئینگلیز بێزار بووە، لەو سەردەمەدا لەناو دەسەڵاتدارە خۆ جێیەکان ئەوانەی لە ڕووسەکانەوە نزیک بوون بە روسۆفیل ناسرابوون و ئەوانەشی لە بریتانیاوە نزیکبوون بە ئەنگلۆفیل ناویان دەرکردبوو، بەڵام ئەمانوڵڵا خان لایەنگری هێزێکی سێهەم بوو کە ئەڵمانیا بوو و ئەویش بە ئەڵمانۆفیل ناسرابوو، پاساویشی ئەوە بوو کە دوژمنی دوژمنەکەمان دۆستمانە.
سەنجەرخان پاش گەڕانەوەی لە ناوچەی کولیایی ڕووی کردە ناوچەی میاوروران سەر بە  دێولان نزیک سنە و هەندێک زەوی و زاری کڕی و بناغەی گوندێکی دانا و دەستی بە کاری جوتیاری و ئاژەڵداری کرد، لە گوندەکەی خانوو و زەوی بە جوتیارانی ناوچەکەدا دەدا و خەڵکی لە دەوری خۆی کۆکردەوە و هاوکات لەگەڵ جوتیاری و ئاژەڵداری دانیشتوانی گوندەکەی فێری ئەسپ‌سواری و مەشقی سەربازیش دەکرد.
جەمال ئەحمەدی ئایین دەڵێ هاوکات لەگەڵ بەهێزبوونی سەنجەرخان، لە ئێراندا  شۆڕشی مەشرووتە بەردەوام بوو، گەورەترین دەستکەوتی مەشرووتە، کەمکردنەوە و لاوازکردنی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی بوو، هەربۆیەش حاکمی ویلایەتەکان کە لە ناوەندەوە دەستنیشان دەکران، دەسەڵاتیان کەمتر بووەوە و عەشیرەتەکان بەهێزتر بوون، هەر سەرۆک عەشیرەتێک چوار چەکداری هەبووایە، بەڕێوەبەرایەتی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی دەگرتە دەست، سەنجەر خانیش لەو کاتەدا هەندێک چەکدار و سواری لە دەوری خۆی کۆکردبووەوە.
 لە سەردەمی سەردار مەحیەی ڕەشتیدا کە دانراوی حکومەتی مەشرووتە لە سنە بوو، سەنجەرخان کەوتە دژایەتیکردنی حکوومەتی ناوەندییەوە، لەو کاتەدا کە ڕەزاخان ( کە دواتر بووە شای ئێران) هێشتا ئەفسەرێکی قەزاقی بەکرێگیراوی حکومەتی ناوەندی بوو، بۆ دەستگیرکردنی سەنجەرخان چووە قەڵای میاوروران، بەڵام نەیتوانی دەستگیری بکات و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ناو و ناوبانگی سەنجەرخان لە ناوچەکەدا دەنگدانەوەیەکی زیاتری هەبێت.
لە جەنگی جیهانی یەکەمدا زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوونە شوێنی بەڕیەک کەوتنی سێ سوپای عوسمانی و روسیا و بریتانیا، حکومەتی ناوەندی قاجارەکانیش ئەوەندە لاواز بوونەوەی کە توانای پاراستنی خاک و خەڵکەکەی نەبوو لە داگیرکاری هێزەکان، سوپا داگیرکەرەکان بۆ دابینکردنی بژیوی سەربازەکانیان دەستیان بەسەر گەنم و عەمبارەکانی خواردەمەنیدا گرتبوو
و ئەمەش قاتو قڕی و گرانی و برسێتی لە ناوچە کوردییەکاندا لێ کەوتبووەوە، لەم سەروبەندەدا سەنجەرخان بۆ رزگارکردنی خەڵکەکە لەو نەهامەتیانە بە پشتبەستن بە خەڵکی ناوچەکانی سنە و کامیاران بەرەنگاری هێزە داگیرکەرەکان بووەوە.
عەباس کەمەندی لە کتێبەکەیدا سەبارەت بەم قۆناغەی ژیانی سەنجەر خان دەنووسێت سەنجەر خان کە هەستی بە قووڵایی قەیران و گوشاری زۆری سەر خەڵکی کردبوو، بە نامەیەک داوای لە حاکمی حکومەتی ناوەندی لە سنە کردبوو کە پشتیوانی لە خەڵک بکات و یارمەتی خەڵک بدات بۆ شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی هێزە داگیرکەرەکان، بەڵام حاکمی سنە لە دژی ئەم داواکارییە دەوەستێتەوە، سووربوونی سەنجەرخان لە سەر بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەران دەبێتە هۆی نیگەرانی حاکمی سنە و بۆ ئەوەی پێش بە راپەڕینی سەنجەرخان بگرێت هێزێکی بریتانی بۆ سەرکوتکردنی سەنجەرخان دەنێرێت، لە ئەنجامدا شەڕێکی قورس لە نێوان سوپای بریتانیا و سەنجەرخان ڕوو دەدات و بە تێکشکانی بریتانییەکان کۆتایی دێت، سەرکەوتن بەسەر بریتانییەکاندا دەبێتە هاندەرێک بۆ سەنجەرخان کە بەرەنگاری رووسەکانیش ببێتەوە، بەڵام ئەمجارەیان بە بێ داواکردنی مۆڵەت لە حکومەتی ناوەندی و هیچ کەسێکیتر، دەکەوێتە شەڕێکی قورس لەگەڵ ڕووسەکان و لە ناوچەکە دەریاندەپەڕێنێت.
جەمال ئەحمەدی ئایین پێیوایە هەر لەم سەروبەندەدا کە بارگرانییەکی زۆر کەوتبووە سەر شانی خەڵک، عوسمانییەکان لەم دۆخە کەڵکیان وەرگرت و مەلاکان و سەرۆک عەشیرەت و کەسانی دیاری ناوچەکەیان هاندا بۆ ئەوەی جیهاد لە دژی ڕوسەکان رابگەیەنن، لە کاتی ڕاگەیاندنی جیهاددا، سنە لە ژێر دەستی ڕوسەکاندا بوو، هێزی  عەشیرەتەکان لە ناوچە جیاکانەوە هێرشیان کردە سەر سنە، یەکێک لە سەرکردەکانی شەڕ سەنجەرخان بوو کە توانیان ڕوسەکان لە شاری سنە دەرپەڕێنن.
لە دوای شکستی روسیا لەناو شاری سنە، سوپای ڕوس پاشەکشێی کرد بۆ بنکەیەکی سەربازی لەناوچەی بان‌ لەیلاخ کە پێشتر خۆیان دروستیان کردبوو، کاتێک هێزی عەشیرەتەکان دوای سەرکەوتن بە سەر ڕوسەکاندا شاریان جێ هێشت، دووبارە ڕوسەکان گەڕانەوە ناو شار و خەڵکی شار بۆ پاراستنی خۆیان بە پێشوازیانەوە چوون، سەنجەرخانیش بە ناچار شاری جێ هێشت و گەڕایەوە قەڵای میاوروران، دوای ئەم رووداوە ڕوسەکان بڕیاریان دا تۆڵە لە سەنجەرخان بکەنەوە و قەڵاکەیان گەمارۆدا، لەم شەڕەدا سەنجەرخان بە قورسی بریندار بوو و لە گوندی گەزگەزارە بۆ ماوەیەک خۆی شاردەوە تا برینەکەی ساڕێژ ببێت.
بەڵام عەباس کەمەندی دەڵێت کاتێک سوپای ڕوس بە فەرماندەیی کۆلۆنیل مامانۆف گەیشتە سنە و سەردار مەحیەی حاکمی حکومەتی ناوەندی ڕایکرد، لە سەر داوای خەڵک سەنجەرخان و کۆمەلێکی دیکە لە خانەکانی ناوچە لەگەڵ دوا خانی ئەردەڵان واتا عەباس خانی سەردار ڕەشید کە لە شاری ڕوانسەر بوو، لەگەڵ ڕوسەکان کەوتنە شەڕ و تا شاری قوروە ڕاویانیان نا،  لە لایەکی دیکەوە سوپای ئەڵمانیا و سوپای عوسمانی کە هاوپەیمان بوون چوونە ناو سنەوە، ڕوسەکان جارێکی دیکە هێرشیان کردە سەر سنە و سەنجەر خان ئەمجارەیان بە تەنیا هەموویانی لە شار دەرکرد و ڕاوی نان. بە هۆی ئەم ئازایەتی و قارەمانێتییەوە دەوڵەتی عوسمانی، نازناوی "سەردار ئەکرەم"ی پێ بەخشی. 
کەمەندی پێیوایە پێدانی نازناوی سەردار ئەکرەم ئەوەندەی دیکە پێگەی سەنجەرخانی بەرزکردەوە و وەک کەسێکی پیرۆز و ئەفسانەیی لەناو خەڵکدا ناوبانگی دەرکردبوو، ڕوسەکان کە تاکە هۆکاری تێکشکانی خۆیان لە سەنجەرخانەوە دەدیت، دەستیان دایە گەمارۆدانی گوندی میاوروران و قەڵای سەنجەرخان، سەنجەرخان بۆ شکاندنی گەمارۆیەکە داوای لە حکومەت کرد یارمەتی بدات، شێخ مەردۆخی سنە کە بۆ یارمەتی وەرگرتن بۆ سەنجەرخان ڕووی لە هەر کەس نا، بە بێ هیوایی ناردیانەوە، هەربۆیە شێخ کە دۆستایەتیکی نزیکی لە گەڵ سەنجەر خان بوو و هەموو کات پاڵپشتی قسەکانی یەک بوون و دژی داگیرکەر و لە بیری خەڵک دا بوون و هاوڕا بوون بە ناچاری بە خۆی بە سی سوارەوە ڕووی لە قەڵای میاوروران کرد، بەڵام بەر لەوەی شێخ بگات، سەنجەرخان گەمارۆی سەر قەڵاکەی شکاندبوو و روسەکانی ناچار کردبوو پاشەکشێ بکەن، لەم شەڕەدا بوو کە سەنجەرخان بە قورسی بریندار ببوو.
سەبارەت بە پاشەکشێی یەکجاری سوپای روسیا لە رۆژهەڵاتی کوردستان جەمال ئەحمەدی ئایین پێیوایە ساڵی ١٩١٧ کاتێک شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسیا ڕووی دا،یەکێتی سۆڤیەت بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی خۆی لە ئێران دابوو و دوای بریارەکەش هێزەکانی ڕوسیا لە ڕێگەی مەنجیلەوە بەرەو سۆڤیەت گەڕانەوە و میرزا کووچکی جەنگەڵیش لە باکوری ئێران ڕێگەی پردی مەنجیلی بۆ دەربازبوونیان ئاوەڵا کردبوو، هەر بۆیە ئەو بۆچوونە راست نییە کە دەڵێن سەنجەرخان ڕوسەکانی تا پردی مەنجیل لە باکووری ئێران ڕاونا.
عەباس کەمەندیش لەمبارەیەوە دەڵێت شەڕ لەگەڵ ڕوسەکان کێشرایە ناوچەکانی دیواندەرە و سەقز و لە زۆربەی شەڕەکاندا سوارەکانی سوپای سەنجەرخان و فاتە ڕەش توانیان ڕوسەکان تێک بشکێنن و ئەو ناوچانە ڕزگار بکەن، سەنجەر خان بە هاوکاری یەکێک لە حاکمانی ناوچەی سەقز و بۆکان بە ناوی حیشمەتولموڵك خان، ڕوسەکانی تا پردی مەنجیل ڕاو نا و نامەیەکی بۆ میرزا کوچک خانی ناسراو بە سەرداری دارستان نووسیبوو و داوای کردبوو ڕێگەی دەربازبوونیان لێ بگرێت.
پاش کۆتایی هاتنی شەڕ حکومەتی ئێران بۆ چاوترسێن کردنی عەشیرەت و سەرۆک خێڵەکان و چەک کردنیان بە پلانێکی نوێ هەندێک کەسی نوێی وەک حاکم و فەرماندەی سوپا ڕەوانەی کوردستان کرد.

کەمەندی لەمبارەوە دەڵێت لە دوای سەردار مەحیەی ڕەشتی، محەمەد خانی شەریفولدەوڵە کە خەڵکی کاشان بوو بووەتە حاکمی سنە، شەریفولدەوڵە پیاوێکی دڵڕەق  و بە فێڵ و تەڵەکە بووە و زۆربەی خانەکانی ناوچەی لە ناو برد. شەریفولدەوڵە بە فێل و تەڵەکە ویستی لەگەڵ عەشیرەتەکانی مەندوومی و گەڵواخی ئاشتی بکات و داوای یارمەتی لە سەنجەرخانیش کرد، سەنجەرخان کە لە شەڕ و کوشتار لە ناوچەکەدا بێزار ببوو و دەیزانی ئەگەر شەریفولدەوێە هێرش بکاتە سەر ئەم عەشیرەتانە، ئەوا رەحم بە ژن و منداڵ و پیر و پەک کەوتەش ناکات، بەڵێنی هاوکاری دا، هێشتا لە قۆناغی دانووستاندابوون کە شەریفولدەوڵە هێرشی کردەسەر عەشیرەتەکانی مەندوومی و گەڵواخی، سەنجەر خان لە دژی ئەم هێرشە وەستایەوە و شەریفولدەوڵەی جێی هێشت و وتی من نابمە هاوبەشی ئەم تاوانە.

شەریفولدەوڵە ڕقی لە سەنجەر خان هەڵگرت و پلانی کوشتنی داڕشت، لە ئەنجامدا خەلیل خانی برای سەنجەر خان بە ئاسف دێوانی ڕاگەیاند ئامادەیە سەنجەرخان لە ناو ببات بە مەرجێک کە لە دێوانی شەریفولدەوڵەدا جێی بکاتەوە،  لە مانگی موحەڕەمی ساڵی ١٣٣٧ی کۆچیدا خەلیل خان بە پیلانێک سەنجەرخانی بانگهێشتی ماڵی خۆی کرد و بە دەستی چەکدارەکانی خۆی دەیکوژێت.
بەڵام ئەحمەدی ئایین رووداوەکە بە جۆرێکی دیکە دەگێڕێتەوە و دەڵێت سەنجەرخان پاش ساڕێژبوونی برینەکەی کە ماوەی ساڵێک زیاتری خایاند، گەڕایەوە نێو قەڵای میاوروران و لەم سەروبەندەدا هەندێک ڕووداوی نوێ هاتنە ئاراوە، یەکێک لەو ڕووداوانە دامەزراندنی ئەنجومەنێک بوو بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی دەسەڵاتی شای ئێران، سەنجەرخانیش بە هاوکاری چەند کەسێک ئەنجومەنێکیان بە ناوی ئەنجومەنی دیموکرات لە شاری سنە دامەزراند. 
ئەم رووداوانە هاوکات بوو لەگەڵ لادانی  ئەحمەدشای قاجار لە سەر حوکم، شوێنگرتنەوەی لەلایەن رەزا شاوە، یەکەم کاری ڕەزاشاش قەڵاچۆڵ کردن و چەک کردنی عەشیرەتەکان بوو، شەریفولدەوڵەی کاشانی ناردە ویلایەتی کوردستان، شەریفولدەوڵە بە هاوکاری هەندێک کەس لە ناوچەکەدا دەستی کرد بە چەک کردن عەشیرەتەکان کرد و  یەکە بە یەکە سەرۆک عەشیرەتەکانی بە دەستبەسەرکراوی ڕەوانەی تاران کرد و لە سێدارەیان دان، هەر بۆیە لە سنە بە شەریف قەساو ناوی دەرکردبوو.
لەم کاتەدا سەنجەرخان هەر لە قەڵاکەی خۆیدا مایەوە و خۆی بە دەستەوە نەدا، دوو هاوڕێی نزیکی هەبوو بە ناوەکانی شێخ ئیبراهیم شابازی و سالار نیزام، کاتێک ئەم دوو هاوڕێیەی کوژران سەنجەرخان زۆر تەنیا کەوت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکانی حکومەت نەیانتوانی دەستگیری بکەن، چونکە هەم قەڵای بوو، هەم هێزی چەکداری هەبوو، هەمیش دەوڵەمەند بوو و دەستی بە سەر زەوییەکانی ئاسف دیواندا لە بان‌ لەیلاخ گرتبوو و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە موڵکی دایکیەتی و ئاسف دێوانی لە خۆی توڕە کردبوو، ئاسف دێوانیش بۆ سڕینەوەی مەترسیی سەنجەر خان، خەلیل خانی برای سەنجەر خانی لە دژی هاندا، خەلیل خان ،سەنجەر خانی بە بیانووی میوانییەک بانگهێشتی ماڵەکەی خۆی کرد، سەنجەر خان متمانەی بە براکەی کرد و لە قەڵاکەی هاتە دەرەوە و چووە ماڵی براکەی لە گوندی نەڕان، کاتێک بۆ دەستنوێژگرتن لە ماڵەکە هاتە دەر، لەلایەن چەکدارانی خەلیل خانەوە کوژرا، یەدوڵلاخانی برا و ئەحمەدخانی ئامۆزاشی هەر لەو میوانییەدا کوژران، هەرچەند خەلیل خان دواتر لەم کردەوەی خۆی پەشیمان بووەوە بەڵام بێ‌سوود بوو و بە براکوژ ناوی دەرکرد.
بە بڕوای ئەحمەدی ئایین سەنجەرخان ئەگەر بە دەستی براکەشی نەکوژرابایە، ئەوا بە دڵنیاییەوە ڕەزاشا هەر دەیکوشت وەک چۆن هەر لەم سەروبەندەدا میرزا کوچک خانی لە باکوری ئێران و شێخ خەز عەلی خوزستان و سمایل ئاغای سمکۆ و زۆر سەکردەی دیکەی کوشت.

 

7 مانگ و 11 ڕۆژ و 9 کاتژمێر و 54 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

ئامانج و ستراتیژیەکانی یەکێتی


کوردستان، خەونی بنیاتنانی نەتەوە و سەربەخۆیی

کورد کە یەکێکە لە گەورەترین گەلانی بێ دەوڵەتی جیهان، بە درێژایی مێژوو هەمیشە لە پێناو مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی خەباتی کردووە. کورد لە چیاکانی زاگرۆسەوە تا دەشتەکانی موسڵ هەمیشە خۆی وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ و سەربەرز بینیوە کە کولتوور و زمان و شوناسەکەی وەک بەڵگەی زیندوو بۆ نەتەوەیەکی گەورە ماوەتەوە. ئەمڕۆ ئەم خەونە لە هەموو کاتێک نزیکترە لە واقیع.
مێژووی دوورودرێژی ستەم و ناعەدالەتی سەپێنراو بەسەر کورددا، ناتوانێت ڕێگری بکات لە گەشەکردنی ئیرادەی ئەم نەتەوەیە بۆ سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی. هەر جارەی بە دابەشبوونی سنووری و جوگرافی، کورد بە هێزێکی زیاترەوە لە خۆڵەمێش هەڵدەهات. هەر لە ڕێکەوتنی سایکس پیکۆوە تا چەندین شۆڕش و ڕاپەڕین، کورد هەمیشە بەرەنگاری سەپاندنی دەرەکی بووەتەوە و بەرگری لە مافەکانی کردووە.

ئەمڕۆ خەونی پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان تەنها ئامانجێکی سیاسی نییە، بەڵکو پێویستییەکی مێژووییشە. کەسانێک کە هەزاران ساڵە لەژێر هەژموون و کۆنترۆڵی ئەوانی تردا ژیاون، ئێستا مافی خۆیان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەیی خۆیان دەبینن. بۆچی کورد حکومەتی نەبێت؟ بۆ نابێ لە خاکێکدا بژین کە خۆیان بەڕێوەی دەبەن، بە یاسای خۆیانەوە، بۆ گەلی خۆیان و بەناوی ناسنامەی خۆیانەوە؟

ئێران، تورکیە، سوریا و عێراق هەمیشە بە سیاسەتی سەرکوت و دووبەرەکی هەوڵیان داوە پێش بە یەکڕیزی کورد بگرن. بەڵام مێژوو دەریخستووە کە هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت بۆ هەمیشەیی ئیرادەی نەتەوەیەک بۆ ئازادی و سەربەخۆیی سەرکوت بکات. دابەشبوونی ئێران و پێکهێنانی کوردستانی سەربەخۆ نەک هەر بە مانای شکاندنی سنوورە جوگرافییەکان، بەڵکو شکاندنی زنجیرە مێژووییەکانی ستەم و نادادپەروەریشە.

ئایندە هی ئەوانەن کە خەبات بۆ ئازادی و کەرامەت دەکەن. کورد ئەمڕۆ خەبات بۆ سەربەخۆیی دەکات، بەڵام ئەمە تەنها سەرەتایەکە. ئەو ڕۆژەی ئاڵای کوردستان شانبەشانی ئاڵاکانی تری جیهان هەڵدەگیرێت، ئەو ڕۆژە تەنها ڕۆژی سەرکەوتنی کورد نییە، بەڵکو سەرکەوتنی هەموو ئەو گەلانەیە کە باوەڕیان بە مافی چارەی خۆنووسین و دادپەروەری هەیە.

کورد چیتر نایەوێت تەنها چاودێرێکی مێژوو بێت، بەڵکو دەبێتە خوڵقێنەری داهاتووی خۆی. بە یەکڕیزی و ئیرادە و باوەڕبوون بە دەسەڵاتی خۆیان، ڕۆژێک *کوردستانی سەربەخۆ* جێگەی خۆی لەسەر نەخشەی جیهان دەبێت، وەک هێمای بەرخۆدان و وەستان و هیوا بۆ هەموو گەلانی ستەملێکراو.

په‌یوه‌ندی


کاکی ڕؤستەم ئالماسی 
[email protected]
یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان
[email protected]
watsapp
46700455523+

تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان


1- لینکی فه‌‌‌یسبووک
٢/ لینکی یوتوب

٣/ لینکی تویته‌‌‌ر