بەکر بۆزداغ، ڕادەستکردنەوەی (مەحمود تات) بەوڵاتهکهى لەلایەن سوید بهسەرەتایەکی باش وهسفدهکات، دەشڵێت:"کۆمەڵێک مەرجو داواکاریمان هەیەو دەبێت سوید جێبەجێیان بکات بۆ قبوڵکردنی ئەندامێتیی ئەو وڵاتە لەناتۆ ".
هەفتەی ڕابردوو دەسەڵاتدارانی سوید مەحمود تاتیان ڕادەستی دەسەڵاتی تورکیە کرد کە بە تۆمەتی ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سزای شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا و لە ساڵی ٢٠ ١٥ەوە داوای مافی پەنابەری لە سوید دەکرد.
چەند ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ لەم دواییانەدا داوایان لە حکومەتی سوید کرد داواکاری ڕادەستکردنەوەی پەنابەرانی سیاسی بۆ تورکیا جێبەجێ نەکات، چونکە ئەو وڵاتە دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆی نییە.
بەکر بوزداغ وەزیری دادی تورکیا لەچاوپێکەوتنێکدا بەکەناڵی "تەرەتە ههبەر"ی ڕاگەیاند، "هەفتەی ڕابردوو حکومەتی سوید ئەندامێکی پەکەکەی ڕادەستکردینەوە، ئەوەش سەرەتایەکی باشە بۆ پیشاندانی نیازپاکی لەلایەن ئەو وڵاتەوە".
دهشڵێت:"تورکیا چاوەڕێی ئەوە دەکات لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی سێقۆڵی بۆ قبوڵکردنی ئەندامێتیی سویدو فینلەندا لەهاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسیی، ستۆکهۆڵم هەنگاوی زیاتر بنێت".
بوزداغ هەروەک وتویەتی:"بۆ قبوڵکردنی ئەندامێتی سوید لەناتۆ، دەبێت ئەو وڵاتە کۆمەڵێک داواکاریی تورکیا جێبەجێبکات، وەک گۆڕینی یاساکانی پەیوەست بەبەرەنگاربونەوەی تیرۆر، لابردنی هەموو جۆرە قەدەغەیەک لەسەر فرۆشتنی چەک بەتورکیا، ڕادەستکردنی سەرجەم ئەوکەسانەی تورکیا بەتۆمەتی تیرۆر داوایاندەکاتەوە، ناشبێت ئەوە هەر پەیوەست بێت بهڕادەستکردنی کەسانی تاوانبارەوە، بەڵکو ئەوانەشی تۆمەتی تیرۆریشیان لەسەرە".