بە چەکی ئەوروپا سەرکوتی گەلانی ڕاپەڕیوی ناو ئێران دەکرێت
ئەو چەکە ساچمەییانەی کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ سەرکوتی خەڵکی ڕاپەڕیوی بەکاری دەهێنن، لە وڵاتانی ئەوروپا بەرهەم دەهێنرێت.
تەلەفیزیۆنی فڕانس 24 لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردوە ئەو چەکە ساچمەییانە کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەکاردەهێنرێن دروستکراوی فەڕەنسا و ئیتاڵیایە و لە ساڵی 2011 گەیشتوەتە دەست هێزە ئەمنییەکانی ئێران.
لە راپۆرتی ئەو تەلەفیزۆنەدا هاتوەØ› لە نۆ شاری ئێرانەوە وێنەی ئەو گوللـە ساچمەییانەیان بۆ ئەوروپا ناردەوە کە دەیسەلمێنێت ئەو گوللـە بەکارهێنراوانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە، دروستکراوی وڵاتانی ئەوروپایە.
بە پێی راپۆرتەکە زۆربەی ئەو گوللـە ساچمەییانە ناوی (چدیت) لەسەریان تۆمار کراوە کە لە دو کارگەی ئیتاڵیا و فەڕەنسا دروست دەکرێن. پێشتر 270 پزیشیک و پسپۆڕی چاو لە ئێران بە بەیاننامەیەک هۆشدارییان داوە لەبەکارهێنانی چەکی ساچمەیی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دژی گەلانی کورد و بەلووچ چونکە ئەو چەکە زیانی زۆری بە چاوی خۆپیشاندەران گەیاندوە.
ئەو پزیشکانە ئاشکرایان کردوە لەو ماوەدا 580 کەس ڕوویان لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە چاو کردوە و لەو ژمارەیەش هەندێکیان چاوێک یان هەر دو چاویان لەدەستداوە و تەنانەت پزیشکان ناچاربون بە تەواوەتی چاوی ژمارەیەک کەس دەربکەن بۆ ئەوەی روبەڕوی هەوکردن نەبنەوە.