لە سەردەمێکدا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ قەیرانی قووڵ و چەند لایەنیەوە لە داڕمانی شەرعیەتی سیاسییەوە تا چەقبەستوویی ئابووری و وەرینی دەسەڵاتی ناوچەیی، خەریکی ململانێیە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان جارێکی دیکە بۆتە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵگا و حکوومەت. لەم جۆرە هەلومەرجەدا هەر بانگەوازێک بۆ یەکێتی و یەکگرتن پروپاگەندەی سیاسی نییە، بەڵکو پێویستییەکی مێژووییە.
ڕاگەیاندنی یەکگرتنی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان و ڕێکخراوی یاری کورد و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، نابێت تەنها وەک بیانیەیەکی سیاسی لێی بخوێنینەوە، بەڵکو دەبێت وەک هەنگاوێکی گرنگ و واتادارتر لەوە، خوێندنەوەی بۆ بکرێت.
ئەم کردەیە بۆ خۆی دانپێدانانی ڕاشکاوانە بە واقیعێکی تاڵەوە: پارچەپارچەبوونی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، کە ساڵانێکە یەکێک بووە لە هۆکارە هەرە گرنگەکان بۆ بەردەوامکردنی دۆخی ئێستای کە نزیک بە پێنج دەیە تەمەنی دەسەڵاتێکی توتالیتاریزمی دژەمرۆیی کە بەشی گەڵەکەمان لەم دەسەڵاتدا ئێعدام و سەرکوت و تۆقاندن بووە ، بۆیە تێکەڵ بوونەوە و یەکڕیزی و بەرەیەکی یەکگرتوو بووەتە پێویستییەکی خێرا و گرنگ.
مێژوو سەلماندوویەتی کە یەکگرتنە سیاسییەکان، ئەگەر نەگەنە ئاستی کردەوەی و کرداریی ڕاستەقینە، بە خێرایی دەبن بە دروشمێکی بێکاریگەر و هاوپەیوەندیی ڕاستەقینە تەنها کاتێک مانا دار دەبێت کە ببێتە هۆی دووبارە پێناسەکردنەوەی باڵانسی هێز لە مەیدانی خەباتدا.
لە ڕوانگەیەکی جیهانییەوە، مۆدێلە سەرکەوتووەکانی گۆڕانکاری سیاسی. لە باشووری ئەفریقاوە تا ئەمریکای لاتین، خاڵێکی هاوبەشیان هەیە: ساتێک کە هێزە جیاواز و پەرتەوازەکان، ناكۆكی و جیاوازییەکانی خۆیان بە قازانجی ئامانجێکی گەورەتر و بەرزتر دەستیان لێ هەڵگرت و یەکیان گرت ئەوە ئەمرۆکەیە کە کوردستان، لەسەر بەربەستی ساتێکی وا وەستاو و لە بەردەم ئەو ساتە مێژووییەدایە.
بۆ چاودێران و شرۆڤەکارانی نێودەوڵەتی وەڵامەکە لە دەقی لێدوانەکاندا نییە بەڵکو لە شەقام و پلەی ڕێکخستن و توانای ئەو هێزانەدایە بۆ گۆڕینی ناڕەزایی گشتی بۆ بزووتنەوەیەکی یەکگرتوو.
ئەگەر ئەم یەکدەنگییە بتوانێت هێڵی ڕاگەیاندنی هەڵوێستێک ببڕێت، دەتوانێت هاوکێشەکانی دەسەڵات نەک تەنها لە کوردستان بەڵکو لە ئێران بە گشتی بگۆڕێت. ئەگینا دەرفەتێکی تر لەدەست دەچێت بەرامبەر پێکهاتەیەکی ستەمکار.
دواجار ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا شێوەی خۆی دەگرێت، تەنیا هاوپەیمانییەکی سیاسی نییە؛ تاقیکردنەوەیەکە بۆ پێگەیشتنی بزووتنەوەیەک، تاقیکردنەوەیەک کە دەرئەنجامەکەی دەتوانێت ڕەوتی داهاتوو دیاری بکات.
لە کۆتاییدا، من کە وەک ئەندامێکی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان بووم ، ئەم هەنگاوە لە پێناوی هاوپشتی و یەکگرتوویی بە گەرمی پیرۆزبایی لە هەموو هاوسەنگەر و دۆستانی یەکێتیەکەمان دەکەم و بە هەنگاوێکی گرنگ و هاندەری بۆ داهاتووی خەباتی گەلی کوردستان لێی دەڕوانم. ئەم ئەزموونە بە ڕوونی پیشان دەدات. کە ڕێگای سەرکەوتن تەنها لە ڕێی یەکگرتوویی، هاوکاریەوە دەگوزرێت.
پێم وایە لەم دۆخە مەترسیدارەی ئێستادا، ئیتر بوار بۆ پارچەپارچەبوون و فرەیی بێ ئەنجام لە حزبەکان نەماوە. واقیعی ئەمڕۆی خەبات، زیاتر لە جاران، پێویستی بە هاودەنگی و یەکگرتوویی و پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەش هەیە.
بۆیە ئەم یەکڕیزییە بە ڕووداوێکی سنووردار نازانم، بەڵکو بە سەرەتای پرۆسەیەکی فراوانتر دەزانم و داوا لە هەموو لایەنەکان و هێزە سیاسییەکان و چالاکوانان دەکەم بە تێگەیشتن لە بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆیان هەنگاو بەرەو یەکڕیزی بنێن.