لە هەلومەرجێکدا کە کۆماری ئیسلامی ئێران چەندین جار بە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بارەگا و ماڵ و شوێنی ژیانی حیزبە کوردستانیەکانی لە باشووری کوردستان کردۆتە ئامانج، پرسی ئاسایشی پیشمەرگەکان و شێوازی بەڕێوەبردنی زانیاریەکان بووەتە یەکێک لە گرنگترین بەرپرسیارێتییە سیاسیەکان.
بەڵام ئەزموونی ئەم ساڵانە دەرکەوتووە کە جگە لەوەی ڕاستەوخۆ هەڕەشە و هێرشەکانی دوژمن، هەندێک جار هەندێک ڕەفتاری بێ ئاگاداری دەتوانن بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ سوود بە دوژمن دەگەیێنێت. یەکێک لە گرنگترین ئەم بابەتانە بڵاوکردنەوەی بەربڵاوەی وێنە، ڤیدیۆ و زانیارییە وردەکانە، لە شوێنی هێرشەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیادا.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە هەر وێنەیەک یان ڤیدیۆیەک کە لە شوێنی هێرش کراوەتەسەری بڵاوبکرێتەوە دەتوانێت زانیاری لەبارەی شوێنی وردی بیناکان و چۆنیەتی جێگیرکردنی خەڵک و ڕێگاکانی چوونە ژوورەوە و دۆخی ناوخۆی ناوەندەکان بداتە دەزگا هەواڵگرییەکانی دوژمن. هەروەها دەزگای پروپاگەندەی کۆماری ئیسلامی ئێران چەندین جار ئەم وێنانە بۆ پڕوپاگەندە بۆ نیشاندانی هێزی سەربازی خۆی کەڵک وەردەگرێت. تا بتوانێت لەسەر کۆمەڵگە کاریگەری هەبێت. لە زۆر حاڵەتدا هەمان ئەو وێنانەی کە بە مەبەستی ئاگادارکردنەوە بڵاوکراونەتەوە، دواتر بوونەتە ئامرازی تەبلیغی لە میدیاکانی سەر بە ڕێژیم بۆ پاساوهێنانەوە بۆ تاوانەکانی.
بۆیە زۆر گرنگە هەموو هێزە سیاسییەکان و چالاکانی میدیایی و هاووڵاتیان ئاگادار بن کە بواری ئەمنیەتی و ئاسایشی شۆڕش گرنگترە لە بڵاوکردنەوەی دەستبەجێی هەواڵ و وێنە. هەر وێنەیەکی بڵاونەکراوە دەتوانێت ڕێگری بکات لە بەدەستهێنانی زانیاریی کە دوژمن دواتر ژیانی مرۆڤی زیاتر نەخاتە مەترسییەوە.
لەم ڕووەوە پاراستنی کەرامەتی شەهیدان و ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی خراپی وێنەکانیان گرنگییەکی زۆری هەیە. گرنگییەکی زۆری هەیە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەداخەوە ژمارەیەک پێشمەرگەی ئازاو خۆنەویست و گیان فیدا لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا شەهید بوون. لەم جۆرە هەلومەرجەدا جێی خۆیەتی تەنها لەڕێگەی ڕاگەیاندنی فەرمی لەوانەش وێنەیەکی کۆنی شەهید ناوی شەهید، بنەماڵە، و پەیوەندی سیاسی یان ڕێکخراوەیی لەبارەیانەوە بۆ ئاگادار بڵاو بکرێتەوە و خۆبەدووربگرین لە بڵاوکردنەوەی وێنەی کاتی شەهید بون و برینداران و شوێنی ڕووداوەکە، تەرمی شەهیدەکان، یان وێنەی پەیوەندیدار بە ساتەوەختی هێرشەکەوە. ئەم ڕێوشوێنە هەم کەرامەتی شەهیدان دەپارێزێت و هەمیش ناهێڵێت دوژمن بۆ مەبەستی پڕوپاگەندەیان بەکاری بهێنێت.
لە لایەکی ترەوە بارودۆخی ئێستا پێویستی بەوەیە کە حیزبە کوردستانیەکان و دامەزراوە هەماهەنگکارەکان هەنگاوی جددی بگرنەبەر بۆ نەمان و کەمکردنەوەی قوربانییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی سەلامەتی . لەم ڕووەوە ڕۆڵی دامەزراوە هاوبەشەکان بە ناوەندی دیالۆگەوە زۆر گرنگە و چاوەڕوان دەکرێت ئەم دامەزراوەیە لە زووترین کاتدا ڕێگاچارەی کردەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەرئەنجامەکانی ئەو هێرشانە دابین بکات.
لەنێو ئەو ڕێوشوێنە پێویستانەی کە پێویستە بخرێنە بەرنامەی کاردا ئەمانەی خوارەوەن:
دروستکردنی پەناگەی سەلامەت و ستاندارد، لەو شوێنانەی کە هێز و دانیشتووانی تێدا جێگیرکراون
دروستکردنی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، بۆ ئاگادارکردنەوە لە مەترسی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان
ڕاهێنان لەبواری سەلامەتی و بەڕێوەبردنی قەیران
دانانی ڕێنمایی تایبەت بۆ بەڕێوەبردنی میدیا و زانیاری
کەمکردنەوەی چڕبوونەوەی هێزەکان و بڵاوەپێکردنی ناوەندە هەستیارەکان بۆ کەمکردنەوەی مەترسی قوربانییەکان
بەکارهێنانی شارەزایی ئەندازیار و خۆبەخشەکانی دەرەوەی پێکهاتەی حزب بۆ دروستکردنی پەناگە و ژێرخانی پارێزراو
ئاشکرایە کە دەستەبەرکردنی ئاسایشی پیشمەرگە و پەنابەران تەنیا ئەرکی حیزبێک یان ڕێکخراوێک نییە؛ بەرپرسیارێتی هاوبەشە لە نێوان هەموو هێزە سیاسییەکان و دامەزراوە مەدەنییەکان و چالاکوانانی کۆمەڵگا. تا هەماهەنگی و هۆشیاری ئەمنی زیاتر بێت، دوژمن کەمتر دەتوانێت گورزی کوشندە بدات.
ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر دەبێ پابەند بین بەو پرەنسیپەی کە خەبات بۆ ئازادی تەنیا بە ئازایەتی بەرەوپێش ناچێت؛ هەروەها لەگەڵ وریایی و بە ڕێکخستنو ئەنزەبات و بەرپرسیارێتی بەکۆمەڵ دێت.
لەم هەلومەرجەدا پاراستنی ئاسایشی پیشمەرگەکان و ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی دوژمن بە زانیارییە هەستیارەکان، تەنها ڕێوشوێنێکی ئەمنی نییە؛ بەڵکو بەشێکە لە خودی خەبات و بەرگریی نەتەوەیی. هەر هەنگاوێکی بەرپرسیارانە لەم بوارەدا دەتوانێت لە داهاتوودا ژیانی زۆرتر ڕزگار بکات.