لە چەند ڕۆژەی ڕابردوودا پێکهێنانی هاوپەیمانی "ناوەندی دیالۆگ" بە شەپۆلێکی پیرۆزبایی و هیوا و لە هەمان کاتدا پرسیار و ڕەخنەی جددی رەوڕوو بووەتەوە. لە ڕووکەشدا ئامانجی ئەم هاوپەیمانییە باس لەوە دەکرێت کە سەکۆیەک بۆ گفتوگۆ و هوکاری نێوان لایەنە جیاوازەکان دروست بکات، بەڵام لە کردەوەدا پرۆسەی پێکهاتنی و پێشهاتە ناوخۆییەکانی باسی مشتومڕاوی و جیاوازی زۆری ئاشکرای تێدایە.
کشانەوەی دوو حزب لەم هاوپەیمانییە تەنیا ڕووداوێکی سادەی ڕێکخراوەیی نییە؛ بەڵکو نیشانەی بوونی بۆشایی بنەڕەتییە لەناو ئەم پێکهاتەدا. کاتێک دوای چەند مانگێک لە کۆبوونەوە و دانوستان، دوو ئەندام بڕیار دەدەن لە هاوپەیمانی دەربچن، ئەم پرسیارە جدییە دێتە ئاراوە:
ئایا بناغە تیۆری و سیاسییەکانی ئەم هاوپەیمانییە هەر لەسەرەتاوە ڕوون و ڕێککەوتنی لەسەر بوو، یا دەستی کەسانێکی دەرەکی تێدایە؟
ئەگەر هاوپەیمانییەک نەتوانێت لانیکەم یەکگرتوویی بنەڕەتی لە نێوان ئەندامەکانیدا بپارێزێت، چۆن دەتوانێت بانگەشەی پێشکەشکردنی بەدیلێکی یەکگرتوو بۆ داهاتووی سیاسی بکات؟
ڕەخنەیەکی تری گرنگ، بێبایەخکردنی بۆچوون و لایەنەکانی دەرەوەی ئەم هاوپەیمانییەیە جیا لەە ئەو دوو لایەنە چوونەتەدەرێ لە ناوندەکە. بەبێ ڕەچاوکردنی چوارچێوە فیکرییەکانی هێزەکانی دیکە، زیاتر لە ژمارەیی هاوپەیمانییەکن، ئیدعای بەرنامە بۆ داهاتووی نیشتمانێک دەدەن کە زۆرینەی حزب و ڕێکخراوەکان لەدەرەوەی ئەم ناوندەن، تەنانەت نە باس لە بەشداریان نە ڕێگەیان پێ دەدرێت خەتێکی سووری سیاسیان بۆ کیشراوە، ئەمە هەوڵدان نیە بۆ بنیاتنانی پڕۆژەیەکی هاوبەشی نیشتمانی.
هاوپەیمانییەکی ڕاستەقینە لەسەر بنەمای دیالۆگی یەکسان و قبوڵکردنی فرەچەشنی پێکدێت؛ نەک لەسەر بنەمای پشتگوێخستنی جیاوازییەکان و بەپەلە تێپەڕین بەسەریاندا.
بەشێکی بەرچاو لە لایەنە ئامادەبووەکانی ئەم هاوپەیمانییە لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا ناکۆکی جددی لەگەڵ یەکتردا هەبووە؛ تەنانەت لە چەند مانگ لەوەپێش بەیاننامەیان لە دژی یەکتر دەرکردووە. ئێستا بەبێ ئەوەی ئەو فایلە سیاسی و مێژووییانە ڕوون بکرێنەوە یان یەکلایی بکرێنەوە، پرسیارەکە ئەوەیە؛
چۆن دەتوانرێت پێکهاتەیەکی بەردەوام بنیات بنرێت بەبێ ئەوەی متمانە بگەڕێتەوە؟
ئایا تەنها دانیشتن لەسەر مێزێک بە مانای چارەسەرکردنی کێشەکانە؟
دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت کاتێک بەشێک لە ئەندامانی ئۆرگانی حیزب، لە بەرامبەر ڕۆیشتنی دوو ئەندامدا، لە بری ڕەخنەی سیاسی و دیالۆگی عەقڵانی پەنا بۆ سوکایەتی و بوختان دەبەن. ڕوانگەیەکی لەم شێوەیە نەک هەر بەشدار نییە لە یەکگرتوویی، بەڵکو ئەوە نیشان دەدات کە هێشتا کولتووری تەحەمولکردنی ڕەخنە لە چوارچێوەی ئەم پێکهاتەدا دامەزراوەیی نەکراوە.
بە چاوخشاندنێکی وردتر چەندین کەموکوڕی بنەڕەتی لەم هاوپەیمانییەدا ئاشکرا دەکەم
نەبوونی میساقێکی ڕوون و پابەندکەر کە هێڵی سوور و ئامانجی ستراتیژی و میکانیزمێک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان دیاری بکات. نەبوونی میکانیزمێکی ڕوونی دیموکراسی، بۆ بڕیاردان و لێپرسینەوە بەرامبەر بە ئۆرگانی حیزب.
شکستهێنان لە بنیاتنانەوەی متمانەی لە نێوان ئەو هێزانەی کە ساڵانێکە لە ململانێدان.
کاردانەوەی بەرامبەر ڕەخنە، لەبری قبوڵکردنی گفتوگۆی ڕەخنەیی یا هێز و توانایان بۆ دەوڵەمەندکردنی هاوپەیمانیەکەیان بێت نە بۆ دژایەتی.
"ناوەندی دیالۆگ" ئەگەر بیەوێت هێمای پێگەیشتنی سیاسی و دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بێت، پێش هەموو شتێک دەبێت جیاوازییە ناوخۆییەکانی خۆی بە شێوەیەکی شەفاف و ڕاستگۆیانە چارەسەر بکات. هاوپەیمانییەک کە لەسەر بنەمای دەستخۆشی، ئیمتیازاتی کورتخایەن، یان فشاری میدیایی پێکبهێنرێت، لە یەکەم قەیرانی جددیدا دەڕووخێت.
ئەمڕۆ مەسەلەکە تەنها پاراستنی ناوێک یان چوارچێوەیەک نییە، بەڵکو پاراستنی متمانەی سیاسی و متمانەی گشتییە. خەڵک و هێزە سیاسییە چالاکەکان لە هەموو شتێک زیاتر پێویستیان بە ڕاستگۆیی و شەفافیەت و لێپرسینەوە هەیە.
هاوپەیمانییەک کە بەرگەی ڕەخنە ناگرێت و ناکۆکی بەڕێوەببات، چۆن دەتوانێت بانگەشەی بەڕێوەبردنی داهاتوویەکی ئاڵۆزتر بکات؟