ڕەخنە لە ئۆپۆزسیۆن، ڕەخنە لە خۆمان
ئەمڕۆ کوردستان تەنها لەبەردەم شەپۆلێکی ناڕەزایەتیدا نییە؛ ڕووبەڕووی قۆناغێکی کەڵەکەبوونی مێژوویی ناڕەزایی بووەتەوە کە تێیدا بۆشایی نێوان خەڵک و پێکهاتەی دەسەڵات گەیشتووەتە خاڵێکی بێ وێنە. ئەم دۆخە زیاتر ئاشکرا و قووڵتر بووە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشووری کوردستان- لە کرماشانەوە تا ئیلام و شارەکانی دەوروبەری- کە هەم فشارە ئەمنییەکان و هەم بێبەشی پێکهاتەیی لە یەک کاتدا سێبەریان بەسەر ژیانی خەڵکدا خستووە . خەڵک گیان فیدایانە بەهایی بۆ دەدەن، دەکوژرێن، دەسبەسەر دەکرێن، پرسیارێکی بنەڕەتی هاتۆتە ئاراوە کە بەڕاستی کێ نوێنەرایەتی شۆڕش و کێ نوێنەرایەتی ئەم ئازارە دەکات؟
لە کرماشان و ناوچەکانی باشوور ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خەڵک ساڵانێکە بە تێکەڵەیەک لە کێشەی ئابووری، نیگەرانی ئەمنی و سیاسی بەراوێز خراون. بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری، کۆچی گەنجان، لاوازی وەبەرهێنان و مامەڵەی توند لەگەڵ هەر جۆرە خواستێک، ژینگەیەکی دروستکردووە کە ناڕەزایەتی بە ڕێگەیەک بۆ چاکسازی نازانرێت، بەڵکو هەندێکجار تاکە ڕێگایە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی.
بەڵام کاتێک خوێن دەڕژێت و زیندانەکان پڕ دەبن، مەسەلەکە تەنها سەرکوتکردن نییە؛ مەسەلەکە ئەوەیە کە دواتر چی ڕوودەدات؟ کێ وڵامدەرەویە؟ کێ پلانی هەیە؟ کێ لێپرسینەوە دەکات؟
بەشێکی بەرچاو لە حیزبە کوردییەکان کە خۆیان بە سیاسی و ناسیونالیزم و هێزی پێشمەرگەیان هەیە و نمایشی پێوە دەدەن، ساڵانێکە لە دەرەوەی وڵات و بانگەشەی نوێنەرایەتیی خەبات دەکەن. بەڵام مەودای جوگرافیای، ئەگەر لەگەڵ مەودای پراکتیکی و ستراتیژیتا تێکەڵ کردوە، بوەتە کەلێنێکی مەترسیدار. کەلێنێک کە ناتوانن لە کاتی پێویست ڕێکخستن بکەن ناتوانن بریارێکی بدەن کە کارتیکەری بێت تەنانەت لە سەر خەسارەی مرۆیی و ڕیگەیی بۆ ڕزگاری لە زیندان و بەند، هەمووی ئەمانە بە فشاری بۆ دەسەڵات ئامانجەکان دەپێکێت
.
ئەگەر لایەنەکان تەنیا بە دەرکردنی بەیاننامە، ڕاگەیاندنی ژمارەی کوژراو و زیندانییەکان، یان بە بەکارهێنانی ئازارەکانی خەڵک بە مەبەستی پڕوپاگەندە، ئەوا بە کردەوە دەبنە ڕەنگدانەوەی کارەساتەکە نەک گۆڕینی کارەساتەکە. ژماردنی قوربانییەکان، هەرچەندە پێویست بێت، بەڵام ستراتیژێکی سیاسی نییە. ئەگەر پلانێکی ڕوون بۆ ڕێکخستنی ناوخۆیی و پشتیوانی کردەیی بۆ بنەماڵەکان و دروستکردنی تۆڕی شۆڕشگێڕانەی یەکگرتوو و پێناسەکردنی ئاسۆیەکی ڕوون نەبێت، ئیدیعای "خەبات" دەبێتە وشەیەکی پووچ.
بێدەنگی یان هەڵوێستە ناڕوونەکان لە کاتێکدا کە کۆمەڵگا لە ژێر فشاری سیستەماتیک و هەڕەشەی بەردەوامدا دەژی، تەنها نەبوونی دەنگ نییە، بەڵکو نیشانەی شڵەژانی پەیوەندییەتییەکی بنەڕەتییە لەنێوان بانگەشەی ڕێبەری و ڕاستیی ژیانی مەیداندا؛ ئەو کاتەی کە ڕێبەری خۆی لە ئاستی وتاردا دەناسێنێت، بەڵام لە ئاستی کرداردا ناتوانێت بەربەرەکانی ئەو ڕاستییە بگرێت ئەستۆ، دوورییەک دروست دەبێت کە نەک تەنها سیاسییە، بەڵکو ئەخلاقیشە. ئەم دوورییە بە هێواشی دەبێتە داڕمانی متمانە و لاوازبوونی بنەمای مشروعیەت.
بەڵام خراپتر لە بێدەنگیە، دووروویە لە زمان و کرداردا؛ ئەوەی لە ئاستی وتاردا بانگەشەی کرداری چەکداری دەکات، بەڵام لە ئاستی بەرپرسیاریەتی و ئەنجامی ئەو کردارە خۆیی لێدەزێتەوە، یان ئەوەی هەڵگری درۆشمێکن کە بێ ئەوەی ژێرخانی کۆمەڵایەتی، ڕێکخستنی ناوخۆیی و هەماهەنگیی سیاسی بۆیان بنیادنابێت؛ ئەم جۆرە گوتارە، ئەگەر لە بنەڕەتدا بە ئامادەکاری و ڕێکخستنەوەی ڕاستەقینە پشتیوان نەکرێت، دەبێتە هۆی دروستبوونی وەهمی هێز و تێکچوونی باوەڕی گشتی.
لە ڕوانگەی فەلسەفەی خەباتەوە، سەرکردایەتی ڕاستەقینە تەنها بەرزکردنەوەی دەنگی نییە، بەڵکو توانای دانانی هاوسەنگییە لە نێوان ئامانج و ئامرازەکان، لە نێوان قسە و کردار و لە نێوان خەون و دەسەڵاتی ماددیدا؛ هەرکاتێک ئەم هاوسەنگییە تێکچوو، خەبات لە ڕێبازی ئاراستەیی خۆی لادەدا و کۆمەڵگا لە مەودای هەڵپەسێردراودا لە نێوان هیوا و ناڕوونیدا سەرگەردان دەمێنێتەوە.
بێدەنگی یان وەڵامدانەوەی ناڕوون لەو ساتانەی کە کۆمەڵگا لە ژێر فشاردایە، ئەو پەیامە دەگەیەنێت کە بۆشاییەک لە نێوان سەرکردایەتی گوماناوی و واقیعی سەر زەویدا هەیە. خراپتر لە بێدەنگی دووانەیی قسەکردنە: ئیدیعاکردنی کردەوەی شۆڕشگێری بەبێ ئەوەی بەرپرسیاریەتی لێکەوتەکانی قبوڵ بکات، یان بەرزکردنەوەی دروشمی ناسیونالیستی بەبێ دابینکردنی ژێرخانی کۆمەڵایەتی پێویست.
بەڵام ڕەخنە دەبێ لە خۆمانەوە دەست پێ بکات. ئایا ئێمە کە خۆمان بە ڕەخنەگری پێکهاتەی هەبوو و بانگەشەی سەربەخۆیی فیکری و سیاسی دەزانین، بەڕاستی توانیومانە کولتوورێکی سیاسی جیاواز و پێشکەوتنخوازانە بنیات بنێن؟ ئایا ئێمە لە دووبارەبوونەوەی ناکۆکی ناوخۆیی و دووبەرەکی و ڕکابەریی کەسی ناسالم و تێڕوانینە بەسەرچووەکانمان تێپەراندوە؟ یان ئێمە هێشتا لە هەمان ئەو نەخشانەدا گیرمان خواردووە کە بەدرێژایی دەیان ساڵ بزووتنەوەکەمان پەرش و بڵاویی پێ کردووین؟
هەروەها ئەگەر توڕەییەمان لەدەسەڵات بەرنامەیەکی ڕوون و دروشمەکان بە ڕێکخستنی یەکگرتووەوە نەبەستینەوە و ئیرادە و ورەی شۆڕشگێرانە بە ستراتیژییەکی ڕەچاوکراو نەخەینە گڕ، لە ڕاستیدا جیاوازییەکمان لەگەڵ ڕابردوودا نییە. بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی، پێش ئەوەی بیەوێت دەستی باڵا بەدەستبهێنێت لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتی داگیرکەر، ناچارە سەرەتا بە ڕاستگۆیی و بوێرییەوە ڕووبەڕووی لاوازییە ناوخۆییەکانی ببێتەوە و ڕاستیان بکاتەوە؛ چونکە بەبێ ئەم خۆڕاگرییە، هیچ هێزێک تەنانەت ئەگەر سۆزدار و بەربڵاویش بێت،ناتوانێت سەقامگیری و سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.
لە کەشێکی پڕ لە خوێن و توڕەییدا، سروشتییە هەندێک لە بەرزکردنەوەی ئاستی پێکدادان و ناکۆکی و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆدا چارەسەر ببینن؛ بەڵام ئەزموونی ناوچەکە دەریخستووە کە چوونە ناو چرخەی ڕووداو و وەڵام کاردانەوەی ناهەماهەنگ و بەپەلە، بەبێ پشتیوانی کۆمەڵایەتی فراوان، دەبێتە هۆی زیادبوونی تێچووی مرۆیی نەک ڕزگاری.
کۆتاییهێنان بەم دۆخە لە ڕێگەی ناچالاکی، نە لە ڕێگەی کاردانەوەی سۆزداری و کاتی، مومکین نییە؛ تەنیا لە ڕێگەی گۆڕینی هاوکێشەی دەسەڵات و پشتبەستن بە ڕێکخستنی یەکگرتوو و یەکێتی ناوخۆیی و شەرعیەتی کۆمەڵایەتی و فشاری سیاسی بەردەوام و ئامانجدار دەکرێت. ئەگەر خەڵک بەتەنها لە مەیدانەکەدا بمێننەوە و هێزەکان یان جەریانی دەرەوەی گۆڕەپانەکە تەنها بە قسەکردن ڕازی بن، ئەم بۆشاییە درەنگ یان زوو دەبێتە هۆی بێمتمانەیی قووڵ و دابرانێکی تەواو لە نێوان کۆمەڵگا و ئیدیعاکارانی سەرکردایەتیدا.
ئەمڕۆ کوردستان لە لێواری دابرانێکی مێژووییدایە؛ دابرانێک کە نەک تەنها لە نێوان خەڵک و حکومەتدا، بەڵکو لە نێوان کۆمەڵگا و ئەو هێزانەی کە ئیدیعای نوێنەرایەتی دەکەن، دروست دەبێت. ئەگەر لایەنەکان نەتوانن لە بانگەشەوە بۆ کردار و لە دروشمەوە بۆ ڕێکخراو و لە کێبڕکێوە بۆ هاوکاری بڕۆن، مێژوو وازیان لێدەهێنێت.
هیچ نەتەوەیەک تەنیا بە ڕاگەیاندنی هەڵوێستێک ڕزگاری نابێت و هیچ بزووتنەوەیەک تەنیا بە ئیدیعاکردنی میلیتاریستی سەرکەوتوو نییە. ئەوەی چارەنووس دیاری دەکات، ڕاستگۆیی ناوەوە، بەرپرسیارێتی، پلانێکی ڕوون و توانای گۆڕینی توڕەیی بەکۆمەڵ بۆ هێزێکی ڕێکخراو و بەردەوامە.
هەنگاوی یەکەمی ڕزگاری، ئازایەتی ڕەخنەگرتنە لە خۆت.