ئەمڕۆ کوردستان تەنیا لە قەیرانی ناکۆکی حزبیدا تێوەنەگلاوە؛ هەروەها ڕووبەڕووی واقیعێکی تاڵتر بووینەتەوە: لەدەستدانی دەرفەتە مێژووییەکان کە دەکرا ڕەوتی داهاتوو بگۆڕن. ئەو دەرفەتانەی کە بە قوربانیدانی هەزاران کەس، بە خوێن و زیندانیکردن و دەربەدەری و مەینەتی دروست بوون، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئیرادەی بەکۆمەڵ و یەکگرتوویی سیاسی، نەگەیشتنە ئەنجامێکی شایستە.
شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” یەکێک بوو لە گەورەترین ئەو دەرفەتانە؛ ڕاپەڕینێک کە نەک هەر کوردستانی هەژاند، بەڵکو ویژدانی ناوچەکەشی هەژاند. بزووتنەوەیەک کە دەکرا خاڵی بەستنەوەی خەباتی کورد بە داخوازییەکی هەمەلایەنەی ئینسانی و دیموکراسی بێت. بەڵام نەبوونی هەماهەنگی و جیاوازی سیاسی و حیساباتی کورتخایەنی حزبی نەیهێشت ئەم سەرمایە زەبەلاحە ببێتە هێزێکی ڕێکخراو و بەردەوام.
لە چەند مانگی ڕابردوودا ناڕەزایەتییەکانی باشووری کوردستانی ڕۆژهەڵات جارێکی دیکە نیشانی دا کە کۆمەڵگا زیندووە و ئامادەیە بۆ گۆڕانکاری. هەزاران کەس بەهای بەرخۆدان و بوونە قوربانی و دەنگیان بەرزکردەوە وەک ناڕەزایەتی. بەڵام جارێکی دیکە ڕژیمی دەسەڵاتدار بەبێ بچووکترین لێپرسینەوە لە تاوانەکانی زیاد لە ٣٧٠٠ شەهید، ئەم قۆناغە بەرەو تێپەڕاندن دەگوزەرێنێت؛ نەک لەبەر ئەوەی بەهێزتر بووە، بەڵکو لەبەر ئەوەی شکستمان هێناوە لە پشتوانی و فشاری کۆمەڵایەتی بۆ کردارێکی سیاسی کاریگەر.
هەر ڕۆژێک کە بەبێ یەکڕیزی و ستراتیژێکی هاوبەش تێدەپەڕێت، ڕۆژێکە بۆ ژیانی حکومەتێکی تاوانبار
حیزبە کوردستانیەکان ناتوانن ئەم واقیعە پشتگوێ بخەن. کاتێک خەڵک لە شەقامەکاندا بەهای کوردستانی بوون دەدەن کێبڕکێی ناوخۆیی حیزبەکان کەلێنێکی مەترسیدار دروست کرد. بۆشاییەک کە لە ئەنجامدا هیوا و شکستی دووبارەبوونەوەی لێکەوتەوە. مەسەلەکە تەنیا سەرکوتی دەرەکی نییە؛ مەسەلەکە ئەوەیە کە چۆن نەبوونی یەکڕیزی و لێپرسینەوە گەورەترین سەرمایەی ئێمە قوربانیدانی دانو فیداکاری گەلی کردووە بە دەرفەتی بەفیڕۆچوو.
ئەمڕۆ یەکگرتوویی هەڵبژاردەیەکی ئەخلاقی یان دروشمی بانگەشەی هەڵبژاردن نییە؛ پێویستییەکی مێژووییە. یەکڕیزییەک کە لەسەر بنەمای شەفافیەت و لێپرسینەوە و ڕێزگرتن لە ئیرادەی گەل نەبێت نەک چارەسەر نابێت، بەڵکو خۆی بەشێک دەبێت لە قەیرانەکە.
کوردستان چیتر توانای دووبارەکردنەوەی مێژوو نییە. ئەو خوێنەی کە ڕژاوە، ئەو ناڕەزایەتیانەی کە کپ کراون و ئەو دەرفەتانەی کە لەدەست دراون، هەموویان بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە کات لە بەرژەوەندی ئێمەدا کار ناکات.
کوردستان موڵکی حیزبێک دیاری کراو نییە، نە گۆڕەپانی کێبڕکێ؛ نە رابرواردن و گاڵتە کردن بە سیاسەت و کاری هاوبەشە. گەلێک کە چەندین جار سەلماندوویانە کە ئامادەن زۆرترین باج بدەن بۆ ئازادی. ئەگەر سیاسەت نەتوانێت لەگەڵ ئەم قوربانیدانەدا بگونجێت، مێژووحیزبەکان بە بەرپرسیار دەزانێت، نەک خەڵک.
دەرفەتەکان یەک بە یەک تێدەپەڕن؛
یان پردێک بۆ داهاتوو دروست دەکەین،
یان جارێکی تر بە پەشیمانییەوە تێیاندا تێدەپەڕین.