نەتەوەی سەربەرز و خۆڕاگری کورد!
ئازادیخوازانی ڕۆژئاوا!
جارێکی دیکە دەستی خوێناوی تیرۆر و تەمومژاوی، ئەمجارەیان لە شێوەی گرووپەکانی سەر بە جەولانی (تەحریر شام) و بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی داگیرکەران و زلهێزە ناوچەییەکان، گەڕەکە خۆڕاگر و ئارامەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی شاری حەلەبی کردە ئامانج.
ئەم هێرشانە تەنیا هەڵکوتانە سەر چەند گەڕەکێک نین؛
ئەم هێرشانە هێرشێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئیرادەی نەتەوەیەک کە بڕیاری داوە بە ئازادی بژی،
لەسەر مۆدێلی ژیانی دیموکراسی و پێکەوە ژیانی گەلان و لەسەر کەرامەتی نەتەوەی کورد.
شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ساڵانێکە بوونەتە قەڵای بەهێزی بەرخۆدانی جەماوەری دژ بە توندڕەوی و تیرۆر؛
کە کورد و عەرەب و ئاشووری و گەلانی دیکە شان بە شانی یەکتر ژیاون، بێ چەوساندنەوە و جیاکاری.
هەر ئەم ڕاستییەیە کە تیرۆریستانی ترساندووە؛
چونکە لە کۆمەڵگایەک دەترسن کە ئازاد و خۆبەڕێوەبەری و هۆشیار بێت.
ئێمە یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان و ریکخراوی یاری کورد بە ئیرادە شۆڕشگێڕانە هێرشە تیرۆریستیەکان بۆ سەر خەڵکی مەدەنی بێ دیفاع شەرمەزار دەکەن و ڕایبگەیەنن:
هەر فیشەکێک ئاراستەی شێخ مەقسوود دەکرێت، ئاگری توڕەیی و بەرخۆدانی نەتەوەی کورد هەڵدەگیرسێنێت.
هەر دڵۆپە خوێنێک کە لە ئەشرەفییە ڕژا، سوێندێکی نوێیە بۆ درێژەدان بە ڕێگای ئازادی.
سڵاو و ڕێز بۆ پاڵەوانانی هێزی بەرگری
کە بە ئیرادەیەکی بەهێز پۆڵایینەوە، لە بەرامبەر ئامێری تیرۆردا دەوەستێت.
بەرگریکردن لە شێخ مەقسوود ئەوەیەبەرگریکردنە لە ڕۆژئاوا و بەرگریکردن لە داهاتوی ئازادی کوردستان.
ئێمە بە ڕوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاگادار دەکەینەوە:
بێدەنگی لە بەرامبەر تیرۆردا بەشداریکردنە لە تاوانێکدا.
هەر جۆرە چاوپۆشیکردنێک لەم تاوانانە، بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆی ئەو خوێنەی ڕژاوەی لێدەکەوێتەوە.
میللەتی کورد لە ڕۆژئاوا!
بزانە کە تۆ تەنیا نیت.لە سلێمانیە و هەولیر بۆ قامیشلۆ و کۆبانی و ئیلام و ئابدانان و بۆ خۆی و ماکۆ هەموو کوردستان، دڵی شۆڕشگێڕانیان لەگەڵت لێدەدات و پشتوان و لەگەڵتانە.
تیرۆرستان تێکدەشکێت،
داگیرکارییەکە دەڕووخێت،
بەڵام *ئیرادەی میللەت هەرگیز ناشکێت*
سەرکەوتن بۆ بەرخودانە
وە داهاتووش بۆ نەتەوەی کوردە!