یه‌کێتی شۆڕشگێرانی کوردستان
Revolutionary Union of Kurdistan
دووشه‌مه‌‌ 29 به‌فرانبار 2725

         

پەنابەران لە نێوان سیاسەت و کولتووردا

پەنابەران لە نێوان سیاسەت و کولتووردا
مەنسوور تەها

مێژوو چەندین جار نیشانی داوە کە دەربەدەری ئەگەر هۆشیاری و ڕێکخستنی لەگەڵ نەبێت، دەتوانێت سیاسەت لە هێزێک بۆ گۆڕانکارییەوە بکاتە خوویەکی بێکاریگەر. شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” نەک هەر تەحەدای دەسەڵاتی سەرکوتکردنی لە ناوخۆدا کرد، بەڵکو سروشت و باشبوونی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتیشی ئاشکرا کرد. ئەم شۆڕشە پرسیارێکی بنەڕەتی لە بەردەمماندا هێنایە ئاراوە:
ئایا ئەوەی ئێمە لەهەندەران پێی دەڵێین "چالاکی سیاسی" بەڕاستی سیاسەتە؟
لە شارێکی وەک لینشۆپینگ، یازدە خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی لەم شۆڕشە ژن ژیان ئازادی بەڕێوەچوو؛ خۆپیشاندانێک کە بڕیار بوو هێمای پەیوەندی نێوان هەندەران و شەقامی کوردستان بێت. بەڵام بەشداریکردن سنووردار و تا ڕادەی پەنجەکانی دەست بوو. لە بەرامبەردا هەمان کۆمەڵگا بە سەدان کەس لە بۆنە حزبییەکاندا دەردەکەوێت کە سەنتەری سەماکردن و لێدان و بەرهەمهێنانەوەی هێماکانە. ئەم دژایەتییە بەڕێکەوت و ڕووکەش نییە؛ نیشانەی قەیرانێکی قووڵە لە تێگەیشتن لە سیاسەتدا.
سیاسەت، پێش ئەوەی مەراسیم بێت، **بەرپرسیارێتی مێژووییە.
کاتێک ٢٥٠ کەس بۆ مەراسیمێکی ڕەمزی خۆیان نیشان دەدەن، هەریەکەیان ٢٠٠ کرۆن دەدەن، بەڵام بۆ کردەیەکی سیاسی ڕاستەقینە کە تەنانەت ئامادەبوونی جەستەیی بە گرانبەها دەزانن، مرۆڤ دەبێت ئازایانە دان بەوەدا بنێت کە سیاسەت بووەتە ڕێوڕەسمێک بۆ هەڵپەرین؛ ڕێوڕەسمێک کە بۆ دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکان وەک بێدەنگی وایە.
سەما و ئاهەنگگێڕان بەشێکە لە کولتوور؛ بەڵام کاتێک جێگای ڕێکخستن و پەروەردە و کردەی سیاسی دەگرنەوە، نابنە ئامرازی ڕزگاری. داگیرکەر لە سیاسەتێکی لەو شێوەیە ناترسێت، چونکە نابێتە هەرەشەی بۆ دەگیرکەران.
کێشەکە تەنیا بێباکی تاکەکان نییە؛ کێشەکە ئەو پێکهاتە کۆنانەیە کە دەیان ساڵە خۆیان بەرهەم دەهێننەوە. ئەو لایەنانەی کە:
پەروەردەی سیاسییان بە جددی وەرنەگرتووە
ڕەخنەی ناوخۆیی بە هەڕەشە دەزانن
نەوەی نوێیان پەراوێزخستووە
لە پێکهاتەیەکی وادا پەنابەری دەبێتە ناوچەیەکی ئەمن،و سەکۆیەک بۆ فشاری سیاسی؛ شوێنێک کە مرۆڤ بتوانێت "داواکاری" بکات بەبێ ئەوەی باج بدات.ئایا ئەم سیاسەتە ئەمڕۆی پەنابەران بوەتە هەڕەشە بۆ سەر داگیرکاری؟
وەڵامەکە ئەگەر ڕاستگۆ بین، نەخێرە.

سیاسەتی کاریگەر تەنانەت لە پەنابەریشدا پێویستی بە ڕێکخستن و پلاندانان و ڕاهێنان و بوێری هەیە. بەبێ ئەم خاڵانە چالاکییەکان نەک هەر بێکاریگەرن، بەڵکو وەهمی خەباتیش دروست دەکەن؛ وەهمێک کە مەترسیدارترە لە بێدەنگی.
دەرەنجام: گەڕانەوە بۆ سیاسەت وەک بەرپرسیارێتی
هەڵگرساندنەوەی شۆڕشێکی نوێ هێشتا لە ناو کۆمەڵگەی کوردستان زیندووە، بەڵام مانەوەی بەندە بە ڕاستگۆیی ئێمەوە.
 دەبێت قبووڵی بکەین کە سیاسەت لە پەنابەریشدا  پێویستی بە ڕیکخستنێکی  بنەڕەتی هەیە،
یان دەبێت حیزبەکان  بوێری ئەوەیان هەبێت کە کولتوورو رێسمی کوردی رووداوێکی میژویش بە هەلپەرین بەرێوە بردن  ناو نەنەین سیاسەت.

مێژوو ڕوحمی  نییە بەرامبەر بە ئیدیعاکان، تەنیا کردارە ڕێکخراویی و هۆشییاری کۆمەڵگە دەناسێتەوە.
ئەگەر ئاوارە بون و دور لە وڵات لە ڕزگارییدا ڕۆڵی هەبێت، دەبێت چالاکیان لە شێوەی کولتووری و هەڵپەرکی وە بۆ خۆڕێکخستن خۆپیشاندان و پەیوەندی دیپلۆماسی  کە ببێتە هۆی سەرنجی وڵاتانی دنیا بەتایبەت زلهێزانی دنیا، ئەگەرنا، لە باشترین حاڵەتدا دەبێنە بینەرێک بۆ کارەساتە مرۆیی و ژینگەی لە کوردستان و کە لە باشترین حاڵەتدا بەشێک لە  گەلێک کە بە چەقبەستوویی و داگیرراوی دوڵەت بۆ دەوڵەت خوێن برێژین و دوای ماوەێک ئاواری ئەودیوی سنوورەکان بین.
بە گشتی ئەمانە پرسیارن لای ئەمن و شاید دەیان کەسی دیکە:

ئایا ئەوەی لە دەرەوەی وڵاتدا پێی دەڵێین سیاسەت، بەڕاستی هێزی گۆڕانکارییە، یان شێوازێکە بۆ هەڵاتن لە بەرپرسیارێتی؟
  کاتێک سەدان کەس بۆ مەراسیم کە هەڵپەرین بێت دەچن، بەڵام بۆ کردەی سیاسی ڕاستەقینە نا، ئەمە چی لەسەر تێگەیشتنی ئێمە لە سیاسەت دەڵێت؟
  ئایا کولتوور و هەڵپەرکی کاتێک دەبنە شوێنگرەوەی کردەی سیاسی، سیاسەت دژ بەداگیرکەر دەبێتە چی؟
  تا چ ڕادەیەک پێکهاتە و ڕێکخستنە کۆنەکان سیاسەت لە  پەنابەران لە پەنابەریدا گەیاندوەتە ئەم ئاستە؟
  ئایا ئەم شێوازەی سیاسەت لە هەندەراندا هەڕەشەیە بۆ سەر داگیرکاری، یان ئاسودەییە بۆی؟
مێژوو چۆن لەسەر بێکرداری پەنابەران قسە دەکات؟
خوپیشاندانەکانی  پشتوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان بزۆرینەی بەشدار بوان خەڵکی ڕۆژهەڵاتی بوون بەڵام کە باس لە ڕۆژهەڵات دەکرێت دەبێت پرسیار؟

27 ڕۆژ و 2 کاتژمێر و 39 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

ئامانج و ستراتیژیەکانی یەکێتی


کوردستان، خەونی بنیاتنانی نەتەوە و سەربەخۆیی

کورد کە یەکێکە لە گەورەترین گەلانی بێ دەوڵەتی جیهان، بە درێژایی مێژوو هەمیشە لە پێناو مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی خەباتی کردووە. کورد لە چیاکانی زاگرۆسەوە تا دەشتەکانی موسڵ هەمیشە خۆی وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ و سەربەرز بینیوە کە کولتوور و زمان و شوناسەکەی وەک بەڵگەی زیندوو بۆ نەتەوەیەکی گەورە ماوەتەوە. ئەمڕۆ ئەم خەونە لە هەموو کاتێک نزیکترە لە واقیع.
مێژووی دوورودرێژی ستەم و ناعەدالەتی سەپێنراو بەسەر کورددا، ناتوانێت ڕێگری بکات لە گەشەکردنی ئیرادەی ئەم نەتەوەیە بۆ سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی. هەر جارەی بە دابەشبوونی سنووری و جوگرافی، کورد بە هێزێکی زیاترەوە لە خۆڵەمێش هەڵدەهات. هەر لە ڕێکەوتنی سایکس پیکۆوە تا چەندین شۆڕش و ڕاپەڕین، کورد هەمیشە بەرەنگاری سەپاندنی دەرەکی بووەتەوە و بەرگری لە مافەکانی کردووە.

ئەمڕۆ خەونی پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان تەنها ئامانجێکی سیاسی نییە، بەڵکو پێویستییەکی مێژووییشە. کەسانێک کە هەزاران ساڵە لەژێر هەژموون و کۆنترۆڵی ئەوانی تردا ژیاون، ئێستا مافی خۆیان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەیی خۆیان دەبینن. بۆچی کورد حکومەتی نەبێت؟ بۆ نابێ لە خاکێکدا بژین کە خۆیان بەڕێوەی دەبەن، بە یاسای خۆیانەوە، بۆ گەلی خۆیان و بەناوی ناسنامەی خۆیانەوە؟

ئێران، تورکیە، سوریا و عێراق هەمیشە بە سیاسەتی سەرکوت و دووبەرەکی هەوڵیان داوە پێش بە یەکڕیزی کورد بگرن. بەڵام مێژوو دەریخستووە کە هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت بۆ هەمیشەیی ئیرادەی نەتەوەیەک بۆ ئازادی و سەربەخۆیی سەرکوت بکات. دابەشبوونی ئێران و پێکهێنانی کوردستانی سەربەخۆ نەک هەر بە مانای شکاندنی سنوورە جوگرافییەکان، بەڵکو شکاندنی زنجیرە مێژووییەکانی ستەم و نادادپەروەریشە.

ئایندە هی ئەوانەن کە خەبات بۆ ئازادی و کەرامەت دەکەن. کورد ئەمڕۆ خەبات بۆ سەربەخۆیی دەکات، بەڵام ئەمە تەنها سەرەتایەکە. ئەو ڕۆژەی ئاڵای کوردستان شانبەشانی ئاڵاکانی تری جیهان هەڵدەگیرێت، ئەو ڕۆژە تەنها ڕۆژی سەرکەوتنی کورد نییە، بەڵکو سەرکەوتنی هەموو ئەو گەلانەیە کە باوەڕیان بە مافی چارەی خۆنووسین و دادپەروەری هەیە.

کورد چیتر نایەوێت تەنها چاودێرێکی مێژوو بێت، بەڵکو دەبێتە خوڵقێنەری داهاتووی خۆی. بە یەکڕیزی و ئیرادە و باوەڕبوون بە دەسەڵاتی خۆیان، ڕۆژێک *کوردستانی سەربەخۆ* جێگەی خۆی لەسەر نەخشەی جیهان دەبێت، وەک هێمای بەرخۆدان و وەستان و هیوا بۆ هەموو گەلانی ستەملێکراو.

په‌یوه‌ندی


کاکی ڕۆستەم ئاڵماسی 
[email protected]
یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان
[email protected]
watsapp
46700455523+

تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان


1- لینکی فه‌‌‌یسبووک
٢/ لینکی یوتوب

٣/ لینکی تویته‌‌‌ر