٢٦سەرماوەز، ڕۆژی ئاڵای کوردستان، یەکێکە لە شکۆمەندترین ڕۆژە نیشتمانییەکانمان. ئەم ڕۆژە یادی هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان بەسەر گۆڕەپانی چوارچێرا لە شاری مەهاباد بە دەستی پێشەوای نەمر قازی محەممەد و هەواڵانی، ئەو ڕۆژەی کە میللەتەکەمان توانی کۆمارێک دابمەزرێنێت و ئاڵای خۆی هەڵبکات.
ئاڵای کوردستان هێمای ناسنامە و ئیرادە و خەباتی نەتەوەکەمانە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی. ئەم ئاڵایە سوورە بە خوێنی هەزاران شەهید، سپییە بە ئازاری بێشومار و سەوزە بە هیوای کوردستانێکی سەوز و ئاوەدان.
بەداخەوە هەموو ساڵێک لە دەرەوەی خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەم ڕۆژە پیرۆزە بەرز ڕادەگرین کەدوای دەیان ساڵ خەبات و تێکۆشان نەمان توانیوە داگیرکەران ڕانەین و ئاڵای نیشتمانەکەمان بە ئازادی بەرز بکرێتەوە و میللەتەکەمان بە شانازییەوە ئاهەنگی بۆ بگێڕێت. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان هێشتا نەیتوانیوە ئەرکی سەرەکی خۆی جێبەجێ بکات، ئەویش ئازادکردنی خاک و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بەسەر هەموو پارچەکانی کوردستاندا.
یەکێتی شۆڕشگێڕی کوردستان و ڕێکخراوی یاری کورد، وەک دو هێزی نەتەوەیی لە مەیدانی خەباتی گلەیی و گازندەی خۆی دەردەبڕێت بەرامبەر کەمتر خەمی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان سەبارەت بە یەکڕێزی و تەبایی نێو ماڵی کورد.
خەباتی کورد بۆ ئازادی و دادپەروەری بەردەوامە بەڵام خەباتی پێشمەرگایەتی و ئەرکی سیاسی زیاتر پاشەکشێ کردووە ، ئەم دۆخە جێگای قبوڵ نییە و دەبێت بە ئیرادەیەکی زیاترەوە بەخۆداچونەوە بە کەم و کۆریەکان و رەمزی سەرکەوتن یەکێتی و بەرەێکی کوردستانی درێژە بە خەبات بدەین تا ئەو ڕۆژە دێت کە ئاڵایێک بەسەر هەموو کوردستانی گەورەدا هەڵبکەین.
با لەم ڕۆژەدا بەڵێن بدەین خەبات چڕتر بکەینەوە و ئاڵای ئازادی بەسەر خاکەکەماندا هەڵبکەین.
بژی ڕۆژی ئاڵای کوردستان!
بژی خەباتی گەلی کورد بۆ ئازادی و سەربەخۆیی!