لە ڕوانگەی زمانەوانیی مێژوویی و سیاسییەوە، هیچ نەتەوەیەکی گەورە لە جیهاندا نییە کە زمانەکەی هاوشێوەی ناسنامەی نەتەوەیی خۆی نەبێت. زمان تەنیا ئامرازێکی پەیوەندی نییە، بەڵکو هەڵگری یادەوەری بەکۆمەڵ و دەستووری نەنووسراوی گەلێک و سنووری ڕاستەقینەی نێوان "ئێمە" و "ئەوانی دیکە"یە. کاتێک دەڵێین “من کوردم” بە پلەی یەکەم مانای ئەوەیە زمانی زگماکی من کوردییە”؛ئەم ڕستەیە هەستێکی ڕۆمانسی نییە، بەڵکو لێدوانێکی وردی زانستی و یاساییە.
زمانی کوردی یەکێکە لە کۆنترین زمانە زیندووەکانی دنیا کە لە پلەی هەشتمین زمانی جیهانیە لە روی دەوڵەمندی وشە و ڕێنوسیەوە.
زمانی کوردی "زاراوە"ی فارسی، عەرەبی، یان تورکی نییە، بەڵکو زمانێکی سەربەخۆیە کە هەمان ئەو وشانەن کە لە نووسراوەکانی بێستوون (خەتی بزماری) و لە دەقە مانییەکان بەکارهێنراون. بە واتایەکی تر، زمانی کوردی زمانێکی "نوێ" یان "خۆجێیی" نییە، بەڵکو درێژەپێدەری ڕاستەوخۆی جوگرافیای دانیشتوانەکەیەتی، کە لە ناوچە شاخاوییەکانی زاگرۆس لە بەڵای بەعەرەب و فارس و تورککردن ڕێژەیی ڕزگاریان بووە و بەو هۆیەوە ڕەسەنتر و دێرینتر لەو زمانی دراوسێکانمان کە بە داگیرکردنی وڵاتەکەمان دابشکردنی و زۆر ناوچەیان لە ڕووی دیموگرافی گۆڕی بەڵام هێشتا پارێزراوە.
بنەمای بنەڕەتی بنیاتنانی نەتەوەی مۆدێرن زمانە.
لە دوای شۆڕشی فەرەنسا (١٧٨٩)ەوە، پێناسەی یاسایی-سیاسی بۆ "نەتەوە" بریتی بووە لە:
"نەتەوە کۆمەڵێک مرۆڤە کە زمانێکی هاوبەش و یادەوەرییەکی مێژوویی هاوبەش و خاکێکی هاوبەش ژیاون و ئارەزووی بەڕێوەبردنی خۆیان دەکەن. (ئێرنست ڕێنان، ١٨٨٢)
هیچ کام لە نەتەوە بێدەوڵەتەکانی ئەورووپا (کەتەلۆنی، باسک، سکۆتلەندی، فلانمیش) ناتوانن بانگەشەی ئەوە بکەن کە زمانەکیان بەقەد زمانی کوردی ڕەسەنە لە ڕووی دێرینی و فراوانی جوگرافی و دەوڵەمەندی ئەدەبیەوە. کوردی خاوەنی:
چیرۆکێکی نەتەوەیی نووسراو (مەم و زین ئەحمەد خانی، سەدەی ١٧)
ڕێنووسێکی سەربەخۆیە (پیتی، سەدەی یازدەهەم)
ئەدەبیاتی کلاسیک لە سەدەی ١٢ تا ١٩ (نالی، سالم، مەحوی، بێخود، حاجی قادر کۆی)
زیاتر لە ٦٠ ملیۆن کەسی زمانی ڕەسەن لە خاکێکی بەردەوام لە کەنداوی ئیسکەندەرونەوە تا دەریاچەی ورمێ تا دەگاتە کەنداوی عەرەبی.
ئەمانە ڕێک ئەو تایبەتمەندیانەن کە نەتەوەکانی ئەوروپای مۆدێرن (ئەڵمانییەکان، ئیتالییەکان، پۆلەندییەکان) لە سەدەی نۆزدەهەمدا دەوڵەتی نەتەوەیی لەسەریان بنیاتنا.
جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان (مادەی ئەوەڵ)، پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان (مادەی ٢٧) و بە تایبەتی چوارچێوەی ئەوروپی بۆ پاراستنی کەمینە نەتەوەییەکان (١٩٩٥) و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە مافی کەسانی سەر بە کەمینە نەتەوەییەکان یان نەتەوەیی و ئایینی و زمانەوانییەکان (١٩٩٢) هەموویان هەمان بنەما دووپات دەکەنەوە:
“نابێت هیچ ملیەتێک زمانەوانی لە مافی بەکارهێنانی تەواوی زمانەکەی لە پەروەردە و ڕاگەیاندن و دادپەروەری و ئیدارەی خۆجێی بێبەش بکرێت”.
به ڵام ئه م مافه دەبێته "خۆ چارەنووسی" کاتێک ئەو گرووپەی که باسی لێوه دەکرێ، هەموو سیفەتەکانی "نەتەوە"ێکیان هه بێت: زمانێکی سه ڕبه خۆ، خاکێکی دیاریکراو، کولتوورێکی دیاریکراو و ئیرادەیەکی به کۆ بۆ خۆبه ڕێوه بردن. کورد نەک هەر هەموو ئەم تایبەتمەندیانەی هەیە، بەڵکو لە ڕووی مێژووییەوە یەکەم نەتەوە بوون کە بە فەرمی لە سەدەی بیستەمدا دەوڵەتدارییان بەدەستهێنا (پەیمانی سور، ١٩٢٠) – مافێک کە زلهێزە کۆلۆنیالیستەکان پێشێلیان کرد.
ئەگەر زمانی فارسی = نەتەوەی ئێرانی، زمانی عەرەبی = نەتەوەی عەرەب، زمانی تورکی = نەتەوەی تورک، ئەوا زمانی کوردیش = نەتەوەی کوردستانە. نکۆڵیکردن لەم یەکسانییە، نکۆڵیکردنە لە پرەنسیپی بنەڕەتیی بنیاتنانی نەتەوەی مۆدێرن.
کەسێک کە زمانی دایکی کوردی بێت، ناسنامەکەی کوردە، کە بنەچەی کوردە، هەر بۆیەش لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییە مۆدێرنەکاندا، “مافی نەتەوەیی” و، لە ئەنجامدا، “مافی دەوڵەتداری”ی هەیە – لانیکەم بە هەمان ڕادەی کە سربەکان کۆسۆڤۆ، سلۆڤاکیایان لە کۆماری چێک جیاکردەوە، یان تیمۆری ڕۆژهەڵات سەربەخۆیی لە ئەندەنوسیا بەدەستهێنا.
زمانی من کوردییە.
کەواتە من میللەتێکم.
وە میللەتێک مافی خۆیەتی حکومەتی خۆی هەبێت.