سنوور یان ئەدەب و پەروردە؟ڕەخنەیەک لە دوو ڕێباز
سنوور یان ئەدەب و پەروردە؟ڕەخنەیەک لە دوو ڕێباز
تکایە حزبەکان سنوورێک بۆ ئەم ململانێیەی ئەندامەکانیان لە تۆرەکۆمەڵایەتیە بگرنە بەر! ئەمە داواکریە بوو کە لە لایەن ڕەخنەگران و نووسەرانی کورد زۆر لەبەر چاوە بوو، بەڵام وەک رەخنە گرێک لە مەر ئەم باسە دەڵێم تکایە بەشی پەروەردە لە حزبەکانتان بکەنەوە ئەندام و لایەنگەرانەکانتان پەروردە بکەن کە جیاوازی نێوان رەخنە و جنێو بزانن.
لە گۆڕەپانی پشێوی سیاسەتی کوردستان کە هەر وشەیەک دەتوانێ پریشکێک بێت بۆ یەکڕیزی یان تەقینەوەیەک بۆ دووبەرەکی، ڕۆژانی ڕابردوو شایەتی شەپۆلی پێکدادانی زارەکی و تۆمەتی تیژ لە نێوان لایەنەکاندا بووین کە تائێستا درێژەی هەیە.
فایلێکی دەنگی کۆن کە ١٥ ساڵ زیادە بڵاوکراوەتەوە، کە کاک ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) تیایدا بە توندی ڕەخنەی لە مێژوو و ئەدای حزبەکانی وەک کۆمەڵە و دیموکرات گرتوە، بە خێرایی کەش و هەوای بەرەو سووکایەتی و شێواندنی مێژوویی و جەمسەرگیری برد. ڕەخنەگران، لەوانەش بەشێک لە چالاکوانان و میدیاکانی کورد، دەستبەجێ داوای “سنوور”یان بۆ ئەم سووکایەتیانە دەکرد. بەڵام ئایا بەڕاستی سنوورێک بەسە؟ یان ڕەگی کێشەکە لە نەبوونی “ڕەوشتی سیاسی”دایە؛ ڕەوشتێک کە ڕەخنە سانسۆر ناکات، بەڵکو بنەمایەک بۆ گفتوگۆی بنیاتنەر و یەکێتی ستراتیژی دابین دەکات؟ لەم نووسینەدا، وەک چاودێرێکی بێلایەن بەڵام پابەند بە دۆزی ڕزگاریخوازی کورد، ئامانجم ئەوەیە ڕەخنە لەم ململانێیە بگرم و چارەسەرێکی کردەیی پێشنیار بکەم، چارەسەرێک کە لە مێژووی پڕ لە گێژاوی بزووتنەوەی کوردەوە سەرهەڵبدات.
فایلە دەنگییەکەی کاک ئەمیر کەریمی کە بە ڕواڵەت بەشێکە لە وتارەکانی پەروەردە و ڕاهێنانی پژاک لە ساڵانێک لەمەوبەر، نەک هەر ڕەخنەیەکی کەسی بەڵکو ڕەنگدانەوەی سیاسەتەکانی پەروەردەو ڕاهێنانی حیزبیە.
ئەم ململانێیانە ئەگەرچی لەسەر فایلێکی دەنگی کۆن بێت، بەڵام ڕەگ و ڕیشەی لە مێژوویەکی دوور و درێژی دووبەرەکی و ململانێی خوێناویی نێوان حزبە کوردییەکاندایە. هەر لە شەڕەکانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووی کۆمەڵە و حیزبی دێموکراتەوە، چەک کردنی سپای ڕزگاری و دەیان حیزبی کە لە ڕۆژهەڵات. تا دەگاتە دابەشبوونی ئەم دواییەی کۆمەڵە بۆ لقی زەحمەتکیشان و شۆڕشگێڕان و ڕکابەرییە بەردەوامەکانی لەگەڵ یەکتر کە زۆرجار بووەتە هۆی پەراوێز خستنی یەکتر.
لەم نێوەندەدا، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەمیشە سوودی لەم دابەشبوونانە وەرگرتووە؛ دانوستانەکانی حیزبەکان بەبێ ئامادە بوونی گشتی لایەنەکان، نموونەی هەوڵدان بوو بۆ "پەراوێزخستنی" ڕکابەرەکان. ئەمڕۆ لە کاتێکدا کە بزووتنە کوردستانیەکان ڕووبەڕووی تەحەددای ناوچەیی وەک چەکداماڵینی زۆرەملێ و فشارەکانی بەغدا دەبێتەوە، دووبارەکردنەوەی ئەم نەخشە لە هەر کوێ و دەستی هەر لایەنێکی دەسپێشخەر بوبێت نەک هەر خیانەتێکە لە خوێنی هەزاران خەباتکار، بەڵکو پردێکە بۆ لەناوبردنی ئایدیالی هاوبەشەکانی کورد.
ڕەخنەگران دیاریکردنی سنوورەکان وەک چارەسەرێکی دەستبەجێ پێشنیار دەکەن: "با لایەنەکان سنوورێکیان هەبێت بۆ سووکایەتی نەکردن بۆ ئەوەی کەشوهەوا ئارام بێتەوە". ئەم ڕێگەیە هەرچەندە خێرخوازانەیە، بەڵام ڕووکەشییە. ڕەنگە سنوورەکان وەک دیواری بەرلین بێدەنگی کاتی بکڕن، بەڵام ڕەگ و ڕیشەی حیزبایەت وشک ناکەنەوە. مێژوو نیشان دەدات کە سەرکوتکردنی تۆرەیی دەبێتە هۆی تەقینەوەی گەورەتر.
لەبەرامبەردا “ئەتەکێتی سیاسی” کە من نەک بە مانای ئەدەبی ڕووکەش پێناسەی بکەم، وەک کولتوورێکی دیالۆگی شارستانی و ڕێزگرتن لە نەیار و ڕەخنەی بنیاتنەر پێناسەی دەکەم – ڕادیکاڵترە. ئەتەکێتی سیاسی سنوورەکان ناکێشێت؛ پرد دروست دەکات. ئیلهام لە نەریتەکان وەردەگرێت، کە خۆڕەخنەگرتن و ڕەخنەی ڕادیکاڵ، بەبێ سووکایەتیکردن، دەبێتە هۆی گۆڕانکاری. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین بەبێ ئەوەی بزانێت دوژمنایەتی و رق و قین بەرهەم دەهێنێت.
ڕەوشتی سیاسی پێویستی بە ڕاهێنانە،چارەسەری پراکتیکی: لە پەروەردەوە بۆ هاوپەیمانی ستراتیژی.
بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، حیزبە کوردییەکان – لە پژاک و کۆمەڵەوە تا حزبی دیموکرات، دەبێ بەپێکهێنانی لێژنەی دیالۆگی سەربەخۆ: نەک لەژێر کاریگەریی حیزبێکدا، بەڵکو بە ئامادەبوونی چالاکانی مەدەنی و ڕۆشنبیرانی کورد، بۆ لێکۆڵینەوە لە بەڵگەنامەی مێژوویی کە بۆ رای گشتی لە وتار یا راگەیاندێکدا بڵاو بکرێتەوە. یا هەر لایەنێک داوای لێبوردن بکات لەو مێژوویەی باسی دەکرێت کە بوەتە رێگر لە گەیشتن بە ئامانجەکانی نەتەوەی و یەکریزی ناوماڵی کورد.
دووشهمه 3 سهرماوهز 2725