خوشک و برا کوردەکانی ڕۆژهەڵات،
لەم ڕۆژە پڕ لە گێژاوانەی کە سێبەری دووبەرەکی و سوکایەتی بە یەکتر، قورساییەکی زۆری لەسەر بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت، ئێمە وەک یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان و ڕیکخراوی یاری کورد بە دەنگێکی بەرز و دڵێکی پڕ لە هیوا بانگەوازێک بۆ یەکڕیزی و کۆتاییهێنان بەم خولگە وێرانکەرە دەردەکەین. پەخشکردنەوەی فایلە دەنگییە ١٥ ساڵە لەوەپێشی بەرێز کاک ئەمیر کەریمی، کە ئێستا سەرکردایەتی پژاک دەکات، و هێرشە توند بۆ سەر مێژووی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەک هەر برینی کۆنی کوڵاندوەتەوە ، بەڵکو بووەتە بیانووی سوکایەتی و ناڕەزایی نوێ. ئەم جۆرە کردەوانە، زۆرجار لەگەڵ شێواندنی مێژوودا، تەنها دوژمنە هاوبەشەکانمان دڵخۆش دەکات و دەستکەوتەکانی زیاد لە چوار دەیی لەگەڵ ڕژیمی داگیرکەر دەخاتە مەترسییەوە.
بەڵام ئەم دابەشبوونانە ڕەگ و ڕیشەی قووڵتریان هەیە: مێژووی حیزبە کوردییەکان، پڕ لە خاڵە بەهێز و لاوازەکان، پێگەیشتووە بۆ ڕەخنەی جددی و بنیاتنەر. بەداخەوە تا ئێستا هیچ لایەنێک ئامادە نەبوون بە شێوەیەکی شەفاف پێداچوونەوە بە ڕابردووی خۆیدا بکاتەوە. ئەم دوودڵییە بووەتە کێشەیەکی درێژخایەن کە ساڵانە مشتومڕ و باسێ گەرم و ناڕەزایی قووڵ دروست دەکات؛ ناڕەزایی کە زۆرجار بە داوای لێبوردنی ڕووکەش کۆتایی دێت، بەڵام برینەکان ساڕێژ ناکەن. بۆچی ڕێگە بدەین ئەم خولە دووبارەبوونەوەیە وزەی خەبات دژ بە داگیرکەران بەفیڕۆ بدات؟ گشتی حزبە کوردستانیەکان پێوێستمانە ئاورێک لە ڕابردوو بەدەینو و هەڵەکان قبوڵ کەین بە داوای لێبوردنێکی گشتی کە دەبێتە هۆی کۆتایی هەتایی بۆ ئەوەی لە داهاتوو هەر شێوە باسێک لەمەر ئەم ناکۆکیانەی ناوخۆی حیزبەکان نەیێتە باسێکی رۆژ.
ئێمە پێمان وایە کاتی ئەوە هاتووە یەکجارەکی و بۆ هەمیشە کۆتایی بەم دووبەرەکی و بێرێزیانە بهێنرێت. پێشنیارەکەمان ڕوونە: لەناوندی دیالۆگ کە ئێستا بە هۆی چەند کێشەوە سڕ کراوە بە ئامەدەبونتان و بەردەوامی لە کارەکان تیشک بخرێتە سەر ڕۆشنگەری نەک لەناوبردن. لەم ناوندە دەتوانێت شەفافیەت دابین بکات و بنەمایەک بۆ متمانەی یەکتر دروست بکات بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی گشتی و بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەی ڕاستەقینە و گفتوگۆی بنیاتنەر. پێکهاتەی کوردی وەک هێزی سەرەکی بزووتنەوەکە دەبێت پاڵنەر بن بۆ ئەوەی حزبەکان ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ یەکریزی و یەکگرتوویی، کە کلیلی ڕزگاریمانە.
با لە مێژوو بە ئیرادەیەکی ئاسنین نەک وەک چەکێک لە دژی یەکتر، بەڵکو وەکو چرایەک بۆ داهاتوو بەکاربهێنین. ڕۆژی ڕووخانی دەسەڵاتە داگیرکەرەکان نزیکە، بەڵام تەنیا یەکگرتووی دەبێتە هۆی سەرکەوتنمان.
بە هیوای یەکڕیزی و سەرکەوتن،
یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان و ڕیکخراوی یاری کورد
سێشهمه 27 خهزهڵوهر 2725