لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا دوژمنانی ئازادی هەوڵیان دا ڕێبەر و دەنگی بەئاگابووی گەلی کورد کاک سەعید یەزدانپەنا بە تیرۆری ترسنۆکانە بێدەنگ بکەن؛ بەڵام ئەوەی بێدەنگ کرا جەستەی بوو، نەک ئەو ئایدیاڵ و ڕێگایەی کە ژیانی خۆی لە پێناودا بەخت کرد.
کاک سەعید نەک هەر فەرماندە و سەرکردەیەکی بوێر، بەڵکو دوای دەیان دەیە بوە مەشعەلێک بۆ ئازادی و ئیمان بە ئازادی و دادپەروەری و سەربەخۆیی کوردستان. ئەو فێری کردین کە سازشکردن لەگەڵ زوڵم و ستەم خیانەتکردنە لە خوێنی شەهیدان و تاکە ڕێگای ڕزگارکردنی گەلی کورد خەباتێکی بەردەوام و ڕێکخراوە لەدژی دەسەڵاتی داگیرکەران.
ئێمە لە یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان بەڵێن دەدەین درێژەدەربە ڕێبازەکەی و هزرەکانی بین و بو بە چرای ڕووناکی بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتووی کوردستان. دەتوانن جەستەی سەرکردەکانمان تیرۆر بکەن، بەڵام گیانی تێکۆشان و ئیرادەی ئەو گەلەی کە بۆ ئازادی ڕاپەڕیوە هەرگیز ناتوانرێت تیرۆر بکرێت.
هەروەها پێویستە بگوترێ کە هەمیشە سێبەری گومان و پرسیار لە دەوری ئەم تیرۆرە هەبووە؛ تەنانەت هەندێک جار چرپە دەخرێتە سەر ڕۆڵی ئەوانەی لە دوژمنە ئاشکراکان نزیکترن. هەرچەندە ئێمە هیچ حوکمێکی یەکلاکەرەوە نادەین، بەڵام ئەم گومانانە ئەوە دەردەخەن کە ڕاستی ئەم تاوانە هێشتا لە نهێنیدا پۆشراوە و دەبێت ڕۆژێک بە تەواوی ئاشکرا بێت.
یادی ڕێبەری شەهید کاک سەعید یەزدانپەنا هەمیشە لەگەڵمانە و سوێند دەخۆین تا ڕۆژی ڕزگاری یەکجارەکی کوردستان ئاڵاهەڵگری یەكێتی و ڕێبازەکەی بین.
یەکێتی شۆڕشگێڕی کوردستان