بەناوی ئازادی و خاکی پیرۆزی کوردستان
ئاوێر، ئەمڕۆ شایەتحاڵی وڵاتپارێزانێکە کە بۆ لە پێناوی پاراستنی ژینگەی نیشتمان خۆیان کردە قوربانی و لەو ئاگردا سووتان.
"لەگەڵ ئەوپەڕی خەم و پەژارەیدا، لەدەستدانی تاڵ و دڵتەزێنی کۆچی دوایی سێ لە چالاکوانانی دڵسۆز، بەپەرۆش و ئازای ژینگەپارێز، شەهیدان حەمید مورادی، چیاکۆ یوسفینەژاد و خەبات ئەمینی کە لە هەڵمەتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەی چیای ئاویەری سنە گیانی خۆیان بەخت کرد، نەک لە بەرەکانی شەڕ لەگەڵ دوژمن، بەڵکو لە سەنگەری پاراستنی سروشت و خاکدا گیانیان لەدەستدا. ئەوان تەنیا پارێزەری دار و خاک نەبوون، بەڵکو پارێزەری ناسنامەمان و ژیانمان و داهاتووی نەوەکانی داهاتووش بوون.
یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان و ڕیکخراوی یاریکورد ، بە دڵێکی پڕ لە خەم و شانازییەوە، ڕێز لە یاد و ڕێبازی ئەو شەهیدانە دەگرێت. شەهیدی بێ چەکن کە تاکە چەکیان خۆشەویستی بۆ کوردستان بوو. پرسە و سەرەخۆشی و سڵاوی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەکانیان و خەڵکی سنە و کوردستانی گەورە، بۆ هەر دڵێک دەنێرین کە بۆ داهاتوی ژینگەی نیشتمان لێدەدات.
بەڵێن دەدەین درێژە بە ڕێبازی ئەم ڕۆڵە ڕاستەقینەی نەتەوەی کورد بدەین، بۆ ئازادی، بۆ ژیان لە خاکێکی ئازاددا، بۆ سروشت کە مافی مانەوەی هەیە.
شەهیدانی ڕێبازی سروشت، ڕێگاکەتان بەردەوامە.
یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان و ڕێکخراوی یاریکورد
دووشهمه 6 گهلاوێژ 2725