ئازادی هاوڕێیکی ئۆجەلان: دەنگی زیندوو و زیندووی ئیرادەی گەلێک کە تەسلیم نابێت
لە مێژووی گەلانی خۆڕاگردا زیندان نە کۆتاییە و نە شکست؛ بەڵکو بەرزکردنەوەی ئاڵای ئیرادەیە لەناو ئەو دیوارانەی کە بە تەل و چەک دروستکراون. ئازادیی وەیسی ئاکتاش دۆستی دێرینی ڕێبەری پارتی کڕیکارانی کوردستان بەرێز عەبدوڵڵا ئۆجالان، دوای سێ دەیە لە دیل بوون لە ئەشکەنجەگای ئیمرالی، نەک هەر ڕووداوێکی سیاسییە، بەڵکو نیشانەی زیندوویی ئایدیاڵە کە حکومەتەکان نەیانتوانیوە بینێژن.
تورکیا، دەوڵەتێکی فاشیستی کە سەدان ساڵە بە هەموو توانای خۆیەوە هەوڵی خنکاندنی بیرۆکەی ئازادی و یەکسانی گەلی کورد داوە، ئەمڕۆ ناچارە لەگەڵ هەمان ئەو نەوەیە قسە بکات کە ڕۆژێک لەسەر وتنی ڕاستییەکان زیندانی کردبوو. ئازادیی ئاکتاش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە فاشیزمی تورک هەرچەندە لە ڕووکەشدا باڵادەستە، بەڵام لە ناوخۆدا ترس و دوودڵی لە بەهێزی نەتەوەکەمان هەیە.
لەبیرمان نەچووە کە بۆچی وەیسی ئاکتاش زیندانی کرا: نەک لەسەر تاوانێک، بەڵکو لەبەر دڵسۆزی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجالان هەزری پەکەکەبۆ دۆزی ڕزگاری گەلی کورد. نوێنەرایەتی نەوەیەک دەکات کە نەک لە دیلێتی جەستەیی، بەڵکو لە ئازادیی بیرکردنەوەدا درێژە بەو خەباتە دەدات.
ئێستا کە حکومەتی تورکیا لەژێر گوشاری بیروڕای گشتی و پێشهاتە ناوچەییەکان، هەوڵدەدات بە ئازادکردنی یەکێک لە سیمبولەکانی بەرخۆدان، ڕووخسارێکی دیپلۆماسی بخاتەڕوو و پرۆسەیەک بە ناوی "ئاشتی" پێشبخات، دەبێت وریا بین. پێویستە گەلەکەمان بزانێت: ئاشتییەک لەسەر بنەمای هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکان و بێدەنگکردنی ئیرادەی شاخەکان ئاشتی نییە، ئەوە تەسلیمبوونە.
پەکەک ئێستا چووەتە ناو فۆرمێکی تری خەباتەوە.
سوتاندنی چەک ئەگەر لە پێگەی دەسەڵات و ستراتیژییەوە بێت، تاکتیکێکی شۆڕشگێڕانەیە. بەڵام هەر هەوڵێکی حکومەتێکی فاشیستی بۆ بێدەنگکردنی دەنگی خەڵک تەنها گۆڕانکارییە لە میتۆدی سەرکوتکردندا. تورکیا ناتوانێ پرسی کورد چارەسەر بکات تا دان بە مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کورددا نەنێت و دان بە فیدراڵی یان سەربەخۆییدا نەنێت و سەرکردایەتی کورد نەک وەک دیل بەڵکو بە شەرعی بزانێت.
لەم نێوەندەدا، کۆبوونەوەکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان لەگەڵ بەرێز ئۆجالان، هەرچەندە لە ڕوانگەی دیپلۆماسییەوە گرنگە، بەڵام نابێت جێگەی خەباتی شۆڕشگێڕانە لە شاخ و شار و گۆڕەپانەکاندا بگرێتەوە. مێژوو دەریخستووە کە هەر ئاشتییەک بەبێ دادپەروەری و ئازادی تەنها ئاگرە لە ژێر خۆڵەمێشدا.
گەلەکەمان لە چوار پارچەی کوردستان، لە کۆبانیەوە تا باسان، لە ئیلامەوە تا ئامەد، ئەم پەیامەی پێگەیشتووە: خەباتی بێ وچان تاکە ڕێگایە بۆ ئازادی گەلێک لەداگیرکاری
ئازادی وەیسی ئاکتاش سەرکەوتنی گەلی کوردە نەک بەرژەوەندی تورکیا.
هەر هەنگاوێک کە دوژمن لە پێگەی لاوازییەوە دەینێت، دەبێت بە هەنگاوە پتەوتر و هەزری تۆکمەی نیشتمانی وەڵامی بدرێتەوە. ئاپۆ جێەتی ڕێگەی دیموکراسی ڕادیکاڵ و ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی و ئازادی ژنانە؛ ڕێگایەک کە زیندان و ئەشکەنجە و خیانەت نەیتوانێ بێدەنگی بکات.
لە کۆتاییدا گەلەکەمان دەبێت یەک بێت:
هیچ دانوستانێک بەبێ قبوڵکردنی شوناس و مافیەکانی گەلی کورد شەرعی نییە.
هیچ ئازادییەک بەبێ ئازادکردنی تەواوەتی بەرێز عەبدوڵڵا ئۆجالان و دانپێدانانی پەکەکە تەواو نابێت.