میللەتی تێکۆشەری کوردستان
گەنجانی ناسیۆنالیست
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان
ئەمڕۆ 30ی گوڵانی 2725، کوردی ٢٠مای 2025، یەکێتی شۆڕشگێڕی کوردستان 34 ساڵەی ئاڵاهەڵگری ڕێگای ڕزگاری و ئازادی و بەرخۆدانی بێوچان لەدژی داگیرکەر و دوژمنانی نەتەوەی کورد بووە. حیزبێک کە لە دڵی گەنجان و شۆڕشگێڕانێکی ناسیۆنالیستەوە لەدایک بووە و پەناگەیەک بۆ ئایدیالیستەکان لەسەر ڕێگای سەربەخۆیی.
گرنگی بەدواداچوون بۆ سەربەخۆیی بوو بە پرەنسیپێکی گرنگ و چارەنووسساز و هۆکاری سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەک کە لە مێژووی بزووتنەوە هاوچەرخەکانی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان بۆ یەکەمجار ناوازە بوو، کە وەک یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان ناوی لێنرا.
یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان بە باوەڕی پتەوی بە بنەمای سەربەخۆیی بۆ گەلی کورد و کارلێککردن لەگەڵ پرەنسیپە گەردوونییەکان و یاسا، سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنووسین بە مەرجی پێویست بۆ بەختەوەری گەلی کورد دەزانێت. لە چوارچێوەی توانا وهێزی خۆیدا فشاری خستۆتە سەر ئەم گرنگییە مێژووییە و لەم پرۆسەی خەباتەدا توانیویەتی لە هەموو هێرشێکی سیاسی و تیرۆری فیزیکی تێپەڕێنێت.
یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی درێژخایەن بە ستراتیژی سەرەکی خەباتی خۆی و یەکێک لە میحوەرە سەرەکییەکانی داواکارییە ئایدیاڵییەکانی دەزانێت.
یەکێتی شۆڕشگێڕی کوردستان بە درێژایی ئەم ٣٤ ساڵە، بێوچان و چەقبەستووانە، بە پشت بەستن بە هێز و ئیرادەی خۆی، و باوەڕی بەو ئایدیاڵە پیرۆزە ناسیۆنالیستیانەی کە مافی بێبەشنەکراوی هەموو نەتەوەیەکی ئازادە، ڕێگای ئازادی و کەرامەت و سەربەخۆیی خۆی گرێدراوی هیچ لایەن و لاێک نەکردوە. لە سەختترین هەلومەرجدا، لە بەرامبەر دووبەرەکی و بێهیوایی و هێرشی دوژمنانمان وەستاین و باوەڕمان بە پێکهێنانی بەرەیەکی کوردی بەهێز و گشتگیرە.
ئێمە یەکڕیزی و تەبایی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان پێکهینانی بەرەی کوردستان بە تاکتیکێکی سەرەکی و پێوێستی و بە دوا وێستگەی ڕزگارکەری هەموو خەباتێکی ڕزگاریخوازانە دەزانین. بۆیە یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان بەدرێژایی ساڵانی تەمەنی هەمیشە پێشەنگ بووە لە بانگەوازی یەکڕیزی و دیالۆگ لە نێوان بزووتنەوە و حیزبە کوردییەکان و دامەزراندنی بەرەیەکی یەکگرتوو. بەرەیەک کە لەسەر پرەنسیپی نەتەوەیی و بێ دەستێوەردانی دەرەکی و بێ هیچ سازشێک لەسەر مافەکانی گەلی کورد بنیات بنرێت.
ئەمڕۆ کە حکومەتە داگیرکەرەکان یەک لە دوای یەک بەدەست قەیران و لاوازی پێکهاتەیی دەناڵێنن، ئەرکی ئێمە لە هیچ کاتێک بەفیرۆ نەدەین و . پێویستە بە دیدێکی نوێ هەنگاوێک بەرەو یەکڕیزی و هاوئاهەنگی بنێین، دوورکەوتنەوە لە دابەشبوونی فیکری و ئایدیۆلۆژی. تەنها بە هاوپشتی دەتوانین ئازادی و بەختەوەری نەتەوەکەمان بەدەست بهێنین.
ڕۆژهەڵات و باشوور و ڕۆژاوای و باکور هەموومان بەشێکین لە یەک جەستە. یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان داوای هاوکاری و گرێدانی ستراتیژی لە نێوان بەشە جیاوازەکانی کوردستان لە بوارەکانی سیاسەت، دیپلۆماسی، ئابووری، و بەرگری دەکات، بۆ ئەوەی بتوانین بە هێز وەڵامی هەر هێرشێکی دڕندانە بدەینەوە بۆ سەر هەر بستێک لە خاکی کوردستان.
لە سەرەتای ساڵێکی نوێی خەباتدا، داوا لە کادیر و پێشمەرگە و لایەنگران و دۆستانی یەکێتیەکەمان دەکەین کە وەک هەمیشە بە ئیرادەێکی پۆڵایین و وزەو کۆڵەندەرانە خۆیان تەرخان بکەن بۆ فراوانکردنی توانا و هێز و بە دڵسۆزی و داهێنان و پلاندانان بۆ یەکڕیزی و پتەوتر بکەن و شایستەی درێژەی ڕێگەی شەهیدەکانمان بین.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی نەتەوەی کورد هاوڕێی هەمیشە زیندوومان مامۆستا شەهید سەفا کەلهوڕ و کاک سەعیدی یەزدانپانە.