کۆنفرانسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری تیلبۆرگی هۆڵەند؛ گفتوگۆیەک دەربارەی داهاتوی کوردستان.
تیلبۆرگ/هۆڵەندا- لە ڕۆژی شەممە و یەکشەممە ٢٦ و٢٧/٤/٢٠٢٥، کۆنفرانسێکی گرنگ سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری تیلبۆرگی هۆڵەند بەڕێوەچوو. ئەو دیدارە بە ئامادەبوونی دەیان ئەکادیمیست و سیاسەتمەدار و چالاکانی کورد، بوو بە سەکۆیەک بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و تاوتوێکردنی ئێستا و داهاتووی رۆژەڵاتی کوردستان و ئێران.
بەشداربووانی ئەم کۆنفرانسە بە گرنگیدان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، لێکۆڵینەوەیان لە کاریگەرییەکانی شۆڕشی ژنان لە سەر پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوچەکە کرد و تیشکیان خستە سەر پێویستی یەکڕیزی نەتەوەیی کورد وەک هێزێکی نەتەوەی بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی خەڵکی کوردستان.
لەسەر داوای فەرمی ڕێکخەران کەنەکە بەرێز کاک عەلی فەزلی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان بەشداری کۆبوونەوەکە بوو. ناوبراو وێڕای خستنەڕووی بۆچوونەکانی سەبارەت بە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ئاسۆی داهاتووی ناوچەکەدا وردبووەوە و جەختی لە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی بەرخۆدانی جەماوەری و ڕێکخستنی سیاسی لە پڕۆسەی گۆڕانکاریدا کردەوە.
کۆنفرانسی تیلبۆرگ جگە لە شیکردنەوەی پێشهاتە ناوخۆییەکانی کوردستان، باس لە پرسە ناوچەییەکانیش کرا و گرنگی هاودەنگیی نێوان بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی کورد لە سەرانسەری جوگرافیای کوردستان تاوتوێ کرا.
کەشێکی گفتوگۆی کراوە و ڕەخنەی بنیاتنەر و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری پراکتیکی نیشانەی ئەم کۆبوونەوەیە بوون.
لە کۆتاییدا بەشداربووان جەختیان لە بەردەوامیی پەیوەندییەکان و پەرەپێدانی هاوکارییەکان و فراوانکردنی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ ئایندەیەکی ئازاد و دیموکراسی بۆ کوردستان کردەوە.