بەناوی شەهیدانی ڕێگای ئازادی و سەربەخۆیی
پیاوێک کە بە پەیامەکی جیوز ناوی ئەبەدییە لە مێژووی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و خەباتی ئازادی خوازی کردستان.
بە بۆنەی ٣٣هەمین ساڵی شەهید بوونی ڕێبەری یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان کاک سەعید یەزدان پەناه، بە دڵێکی پڕ لە شانازی و دڵتەنگی ڕێز لە یادی ئەو سەرکردە مەزنە دەگرین. تەنیا چوار مانگ لە سەرکردایەتیکردنی یەکێتی تێپەریبوو، بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن دوژمنانی نەتەوەکەمان و یەکێتیەکەمان تیرۆر کرا. بەڵام ئایدیاڵەکانی کە بۆ سەربەخۆیی کوردستان و بنیاتنانی بەرەیەکی هاوبەش لە نێوان هەموو هێزە شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بوو. کاک سەعید ئەم پیاوە مەزنە ڕەمزی وەستان و ئیرادەی پۆڵایین و قوربانیدان بوو بۆ ئازادی گەلی کورد. شەهیدبوونی تەنیا کۆتایی ڕێگاکە نەبوو، بەڵکو سەرەتایەکی نوێ بوو بۆ هەزاران تێکۆشەر کە باوەڕیان پێی هێناوە. هەموو هەنگاوێکی، هەر قسەیەکی، ڕووناکییەک بوو بۆ داهاتوویەکی گەشاوەتر، بۆ کۆمەڵگایەکی ئازاد و سەربەست.
ئەم سەرکردە مەزنە بە بیرۆکەی نوێ و بوێرانە پلانێکی نوێی بۆ ئازادی و ڕزگاری گەلی کورد لە زنجیرەکانی ستەمکاری و داگیرکاری پێشکەش کرد. بیرکردنەوەکان کە لە سەردەمی خۆیاندا و ئەمڕۆشدا ناوازە و پێشکەوتنخوازانە بوون، وەک میراتێکی هەمیشەیی لە مێژووی خەباتەکانی کوردستاندا چەسپێنراون. یادی کاک سەعید و ئایدیاڵە بەرزەکانی ڕۆژانە هێزێکی زیاترمان پێدەبەخشێت و زیاتر ئیرادەمان بۆ درێژەدان بە ڕێبازەکەی دەبەخشێت.
ئەو ڕێگایەی بۆ یەکڕیزی و سەربەخۆیی گەلی کورد بە میرات بە ئێمە سپێردراوە و بە وەفا دەمێنینەوە بەو پەیمانەی لەگەڵ کاک سەعید بەستوومانە. ئەمڕۆ لە یادی ساڵرؤژی شەهید بونی کاک سەعید یەزدانپەنا و بە ئیلهام وەرگرتن لە ئیرادە و باوەڕەکەی، ئاڵای تێکۆشان لە هەموو کاتێک بەرزتر دەکەینەوە تا ئەو ڕۆژەی ئایدیاڵەکانی یەکێتی دێنە ئاراوە.
ئەمڕۆ ئێمەی ڕێبوارانی ئەم ڕێگەیە، ئەرکی سەرشانمانە ئایدیاڵ و ئامانجەکانی یەکێتی و سەرکردەی شەهید کاک سەعید یەزدانپەنا بە زیندووی بهێڵینەوە. لە ڕۆژە تاریکەکانی زوڵمدا باسی یەکڕیزی و خەبات و تەبایی دەکرد و ئەمڕۆش دەبێ درێژە بە ڕێبازەکەی بدەین و ئایدیالەکانی یەکێتی و یادەوەرییەکەی کاک سەعید بکەینە درۆشمی ڕزگاری.
کاک سەعید یەزدانپەنا، هێمای وەستان و خۆڕاگری، بۆ هەمیشە لە دڵماندا دەمێنێتەوە. ڕێگاکەی پڕ ڕێبوار.
شیعری مامۆستا جهلال مهلهکشا بۆ شەهیدی سەرکردەی یەکێتیکەمان کاک سەعید
من هەرگیز شێعر بۆ پادشا و بۆ سوڵتان و
بۆ سەرۆك و بۆ رابەر ناڵێم
من هەرگیز شێعر لە بەرۆكی پیاوكۆژ نادەم
شێعر ناكەم بە گۆچانی گەدایی و
سەر بە دەرگای هیچ گەورە ماڵێكا ناكەم
بەڵام بۆ گوڵ،
بۆ پەپوولە و بۆ ئەستێره
تا بتوانم ئەچریكێنم
شەهید گوڵە
شەهید ئەستێرەی ئاسمانی نیشتمانە
شەهید پەپوولەی رەنگینی باڵی
باغی گەلە و …
رۆحی هەڵۆی بەرزەفڕی…
شاخەكانی كوردستانە.
***
ئەی پەپوولەی ئەوینداری –
شیلەی گوڵزاری سەربەستی
ئەی ئەستێرەی ئاسمانی تەمتومانی وڵاتەكەم
ئەی نەو گوڵی باغی ئاوات
ناوت ئەكەم بە ملوانكە
بۆ گەردنی كام شاخ بەرزە
ناوت ئەكەم بە تووی ئومید
بۆ نێو دڵی چەوساوەكان
ئەی پەڵەنگی كۆڵنەدەری “سەقزلوو”
ئەی شەهید سەعید.
تۆ نەمردووی…
ها . زایەڵەی تفەنگەكەت
هەر شاخ بە شاخ دەچیت و هەر نابڕیتەوە.
وشە وشەی ناوە پیرۆزەكەت دەڵێی
كەوە مووروی ملوانكەیەكی زێڕینە و
لە گەردنی چیای شاهۆ، پیرەمەگروون، قەندیل و ئاگری ئاڵاوە
خوێنت چۆمێكی بە خوڕە…
لە دەماری یەك بە یەكی پێشمەرگەكانا دەجمێت .
كوڕی ڕەشی كوردستانی گەورەو مەزن
تۆ تووی شۆڕشت بۆ گەیشتن بە ئاواتی مێژینەی كوردان چاندووە
ئەو تفەنگە بەزیوانەی
لە هەوراز بۆ نشێو دەچن
ئەو لووتكانەی
سەریان بەرەو بنارەكان شۆڕ كردووە
قەت نازانن
ئەم دایكە نەزۆك نییە
ئەم ئاسمانە بە بێ هەڵۆ قەت هەڵ ناكا
بووی بە تانە و كەوتیتە سەر گلێنەی چاویان
بووی بە دڕك و رۆچویتە ناو دڵ و دەروون و هەناویان
هەموو چوون و
نیشتمانیان بە جێهێشت و
لە ژێر تیشكی چلچرای نێو مەیخانەكانی لەندەن و بۆن و پاریس و ئۆپساڵا
كوردایەتی رشایەوە
بەڵام تۆ توند باوەشت كرد بەم دایكە خەمبارەدا و …
وەك مەولانا ئەنبەر خاتوونی دڵبەرت جێنەهێشت و
وەك دێوانە
لە ناو گڕی عەشقی شەمدا توایتەوە
دارەبەنێكی عەشقێكی پاك نەبێ چلۆن
سیامەندێ ئەچێ بە گژ كوێستانێكا؟
ئەی خەزاڵێ نەبێ چلۆن كاكە لاسێ
بۆهێنانی گوڵی مەبەست
هەڵدەزنی بە هەڵاڵانێ سەر كەشا
تۆ لە خاكی دڵی شەیدای ئەویندارانی كوردستان
تۆ لە تۆرمەی كەڵە پیاوانی ئوستورە و
تۆ لە زنجیرەی قەقنەس و
تۆ لە سرتەی باڵی پەپوولە خولقابووی.
چۆن دڵیان هات
چرای دڵی تۆ خامۆش كەن
چۆن دڵیان هات
رۆحی پەپوولە بكوژن و
خوناو لە گوڵ بسڕنەوە.
چۆن دڵیان هات
مەولانا لە عەنبەر خاتوون دوور خەنەوە.
ئەیان زانی، پەریخانی كوردستانی بە تۆ نەبێ
لە قەڵاچەی دێوی داگیركەری بەدخوو رزگار نابێ .