بەرخۆدانی چالاک و ستراتیژییەکی هەمەلایەنە پێویستە بەرەنگاربوونەوە بەهێرشە دڕندەییەکان
هێرشی بەردەوامی داگیرکەران بۆ سەڕ کوردستان به تایبەتی هێرشی دڕندانەی دەوڵەتی تورکیا و سازکردنی بنکە و سەربازگەی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان و کاردانەوەی ئەو لایەنە کوردستانیانە کە داکۆکی لە مافی راستەقینەی کورد دەکەن بەردەوام ئەو هێرش و دەستدرێژیانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیە مەحکووم و شەرمەزار کردووە و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێ ئەو هێرش و پەلاماردانەی تورکیایان کردووە. بەڵام ئیدانەکردنی زارەکی، هەرچەندە گرنگ و پێویست بێت، نەیتوانیوە چارەسەری کێشەکە بکات. ئیدانەکردن دەتوانێت سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕابکێشێت و فشاری دیپلۆماسی لە سەر داگیرکەران دروست بکات، بەڵام دەوڵەتانی داگیرکەر لە سەرەوەی هەموویان دەوڵەتی تورکیا بەچەکی پێشکەتووی وڵاتان بە بەر چاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی رۆژانە هێرشی دڕندانە دەکاتە سەر خاکی پیرۆزی کوردستان
ناکرێ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانە تەنیا لە سەرکۆنەکردنی زارەکیدا سنووردار بکرێت. بەڵکوو دەبێت و پێویستە ڕێوشوێنی کردەیی و هەمەلایەنەتر بگیرێتەبەر بۆ ڕێگرتن لەو پێشێلکارییانە. بە واتایەکی تر، جەخت لەوە دەکەینەوە کە پلان و بەرنامەی نەتەوەییمان هەبێت بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی دوژمنکاری و پێشلکاری داگیرکەران لە کوردستان .
ئەرکە لە سەر هێزە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستان سکاڵا لە سەر دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا تۆمار بکەن و خوپیشاندان لە وڵاتانی ئورووپا و ئەمریکا لەبەرانبەر کونسولخانەکانی تورکیە وەرێ بخەن بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی نێودەوڵەتی. هەرچەندە ئاشتی و دیالۆگ لە پێشینەی کارە، بەڵام کاتێک ئەم چارەسەرانە بێ ئەنجام دەمێننەوە، بەرخۆدانی چالاک و بەکارهێنانی ئامرازی هاوشێوە لە دژی شەڕ ئەنگێزی دەبێتە ئەمرێکی حەتمی و پێویستە بە هاودەنگی لە نێوان هێزە کوردستانیەکان بەئیرادەیەکی بەهێز و نەتەوەیی ڕوبەڕوی ئەم ناعەداڵەتییانە بینەوەو ، کاردانەوەی پێویستمان هەبێت.
تەنیا ڕێگە و ڕێوشوێن بریتیە لە بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری، دامەزراندنی بەرەی کوردستان و دامەزراندنی هاوپەیمانی ستراتیژی لەگەڵ هێزەکانی دیکەی ناوچەکە . بە واتایەکی تر ئەگەر لایەنی بەرامبەر ڕوو لە هێرشی ئاسمانی و سەربازی کردوە ، وەڵامی گونجاو دەتوانێت بەرگری چەکداری بێت.
بویە جارێکەش جەخت لەوە دەکەینەوە کە بەرەنگاربوونەوە بەرانبەر بە داگیرکار پێویستی بە ستراتیژییەکی هەمەلایەنە و فرەلایەنە هەیە کە بتوانێت هەم لە ڕووی سیاسی و هەم لە ڕووی سەربازییەوە کاریگەر بێت. تا ئەو ستراتیژانە بە باشی جێبەجێ نەکرێن، خووی داگیرکەران بۆ هێرشکردنە سەر کوردستان بەردەوام دەبێت و ژیانی خەڵک و باشووری کوردستان زیاتر دەکەوێتە مەترسییەوە.