هاونیشتمانیانی خۆڕاگر
لاوانی ناسیۆنالیست
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان
ئەمڕۆ ٣٠ گوڵانی ٢٧٢٤ی كوردی بەرامبەر بە ٢٠ی مای ٢٠٢٤ی زایینی ٣٣ ساڵ بەسەر دامەزرانی یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان، ئاڵاهەڵگری رزگاری و خەباتكاری سەربەخۆیی و ماندوویی نەناسی رێگای كورد بە دەوڵەتبوون و تریبونی بانگی دادپەروەری كۆمەڵایەتی و یەكسانی و خۆڕاگری رۆژانی سەخت و شێری مەیدانی كوردایەتی و حزبی لاوانی ناسیۆنالیست تێدەپەڕێت.
زیاد لە سێ دەیە هەڵگری پەیامی مافی دیاریكردنی چارەنووس و بانگەوازی بەردەوام بۆ سازان و دامەزرانی بەرەی كوردستانی کە پێمان وایە ڕزگاری گەلی کورد لە خەبات و شەڕی چەكداری شۆڕشگێڕانە دەگاتە ئامانج نەك هەر ئاسان نییە، بەڵكو تاقەت پروكێن و رووبارێك لە خوێن و ئارەقە نرخی لەسەرپێ مان و بەردەوامی لە تێكۆشان و كۆڵنەدانە.
یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان لەم بۆنە پڕ لە شانازیەدا هاوكات لەگەڵ دانەواندنی سەری رێز و وەفا لەبەر روحی بەرزی شەهیدانی رێگەی رزگاری و سەربەخۆیی كوردستان، پیرۆزبایی گەرمیش ئاراستەی كادر و پێشمەرگە و لایەنگر و دۆستانی حیزبمان دەكات و لە ٣٣ەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبە تێكۆشەرەكەماندا بە سەرەنجدان بە هەلومەرجی كوردستانی گەورە و ناوچەكە و جیهان لە چەند خاڵێكدا را و بانگەوازی خۆمان دەخەینە بەر رای گشتی:
- ئێستا كە دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان، یەك لەدوای یەك لاواز دەكرێن و بەرەو نەمان دەبردرێن و، هەرئێستاكەش كە لە دوو بەشی كوردستان كورد توانیویەتی بە هەموو کەموو کوریەکەوە بەرێوبەریێکی بۆخۆی بخوڵقێنێ، زەرورەت لە رابردوو زیاتر دەخوازێ كە سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ لێك تێگەیشتن و سازان و پێكهێنانی بەرەیەك بەبێ هەڵاواردنی هیچ لایەنێك پەلەی لێ بكەین، یەكێتی شۆرشگێڕانی كوردستان هەمێشە پێشرەو بوە لە پەیوەندی و ئامادەی هەر چەشنە هەنگاو هەڵێنانەوەیەكە لەو پەیوەندیەدا.
لەم کاتە گرنگەدا، پێویستی بە یەکگرتن و هاودەنگی زیاتر لە جاران هەست پێدەکرێت. هەموومان بە تێگەیشتنێکی قووڵ لە مێژوو و کولتوور و ئاواتەکانی گەلی کورد، دەزانین کە تەنیا دەتوانین بە هاودەنگی و هاوکاری هاوبەشەوە ئامانجە درێژەکانمان بەدەست بهێنین. ناکۆکی و هەمەجۆریی بۆچونی ئایدیولۆژی نابێت ڕێگری لە گەیشتن بە ئامانجێکی هاوبەش و باڵاتر بکات، واتە ئازادی و خۆشگوزەرانی گەلی کورد. با ڕابردوو کەینە دەرس و ئامۆژگاری بە سەرنج دانە سەر خاڵە هاوبەشەکان بە رێزگرتن لە جیاوازییەکان، و بۆ هەنگاونان بەرەو داهاتوویەکی ئازاد و دادپەروەرانە و سەربەست. یەکێتی و یەکرێزی گەورەترین سەرمایە و هێزی ئێمەیە. ئایندەیەکی گەش بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات و هەموو خەڵکی کورد بە یەکێتی و هاودەنگی دروست بکەین.
- یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان داوا لە هەردوو بەشی کوردستان رۆژئاوای كوردستان و باشووری کوردستان دەکات كە لەپێناو پاراستنی دەسكەوتە مێژووییەكانی هەوڵی دامەزرانی پەیوەندییەكی پتەو بدەن بۆ پشتوانی کارو بارسیاسی و دیپلۆماسی و ئاوەدانی و بەرگریکردن لە هەر هێرشێکی نادادپەروەرانە بۆ سەر هەریەک لەخاکی کوردستان.
یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان لە دەستپێكی ساڵی نوێی خەباتماندا داواكارە لە كادر و پێشمەرگە و لایەنگرانی حیزبە تێكۆشەركەمان كە لە جاران زیاتر لەبەڕ هەلومەرجەكە خۆماندو بكەن و لە خەمی گەشەی هەمەلایەنەی یەكێتییەكەماندا بن و بە كار و چالاكی و پرۆژەی نوێوە بەردەوامی و خۆڕاگری و وەفاداریتان بە یەكێتی و گەلەكەمان بسەلمێننەوە.
هەزاران سڵاو لە روحی بەرزی شەهیدانی كورد و كوردستان بەتایبەتی سەرقافڵەی شەهیدانی یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان هاوڕێی هەمیشە زیندومامۆستا سەفا کەلهور كاك سەعیدی یەزدانپەنا