لە چەند سەدەی رابردوودا لە ئێران، ئەو رژێمەی دەسەڵاتدار بووە، هەر کامەیان و بە رادەیەک (دیکتاتۆری) بوون و خەڵکیان لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەش کردووە! بە تایبەت دیکتاتۆریی پاشایەتیی پەهلەوی و دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی. یەکێکیان لە ساڵی ١٢٩٩ (1920) بە کودەتا و ئەویتریان لە ساڵی 1357 (1979) بە هەنگاوێکی فریودەرانەی ئیسلامی هاتە سەر دەسەڵات. هیچ کام لەم دوو دیکتاتۆرییەتە جێی پەسندی خەڵکی ئێران نەبوون و خەڵک و رێکخراوە جەماوەری و شورشگێڕەکان، بە شێوازی جیاواز لەدژی ئەم دەسەڵاتانە لە خەبات و تێکۆشاندا بوون!
ئەگەرچی وابەستەیی دیکتاتۆریی پەهلەوی بە بێگانە و، دڕندەیی و "خۆ بە خوایی دانان"ی دیکتاتۆریی ولایەتی فەقیهی، تایبەتمەندی سەرەکی ئەم دوو جۆرە دیکتاتۆریەتە بووە، بەڵام تایبەتمەندی هاوبەشیان، (دەسەڵاتخوازی و سەرکوتکردنی گەل) بووە.
دوو دیوی دراوێک!
ئەوەی کە "تایبەتمەندی سیستەمێک لە ناوەوە و دەرەوەی خاکەکەی، دوو دیوی دراوێکن" بنەمایەکی بنەڕەتییە بۆ پێناسەکردنی حکومەتەکان. لەسەر ئەو بنەمایەش دەتوانین بڵێین دەسەڵاتی ئایینیی ئێران "دۆستی" هیچ گەل و وڵاتێک نەبووە و نیە. چونکە پێش هەمووان، دوژمن بی خەڵکەکەی خۆیەتی لە ناو ئێران و لە هەر شوێنێک بۆی هەڵکەوتبێت، وەک ئاژەڵێکی کێوی گازی گرتووە و ئازاری ئەم و ئەوی داوە و بە خوێنی ئەوانیتر ژیاوە. ئەمە دەرئەنجامی ئەزمونێکی ٤٥ ساڵەیە سەبارەت بە رژێمی ئایینی لە ئێران!
رژێمی ویلایەتی فەقیهی وەک ئاژەڵێک وایە کە باس لە مرۆڤایەتی و ئیسلام و شارستانیەت و ئایین و مافی مرۆڤ و دیموکراسی و نەتەوە دەکات، لە کاتێکدا ئەم چەمکانە تایبەتن بە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و ئەم دەسەڵاتە، لە یەک کاتدا لە هەردوو دیوی سنوورەکانی ئێراندا، بۆ فرەخوازی و مانەوە لە دەسەڵات لە هیج تاوانێک سڵ ناکاتەوە!
لە سەرەتای هاتنە سەر کارەوە تا ئەمڕۆ، سەرکوتکردنی خەڵک، گرتن، ئەشکەنجەدان، لەسێدارەدان و کوشتنی نەیاران، سیمای دیار و بەرچاوی ئەم دەسەڵاتە بووە. هاوکات لەگەڵ ئەمجۆرە تاوانانە لە ناوخۆی سنوورەکاندا، دەستوەردان لە کاروباری وڵاتان، تیرۆریزم و شەڕخوازی دژ بە نەیارانی ئێرانی و غەیرە ئێرانی، کە ئاوێتەی دیماگۆگی بە ناو "ئیسلام" بووە، سیمای دووهەمی ئەم دەسەڵاتە بووە. لەکاتێکدا ئیسلام ئایینی رەحمەت و لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەیە و ئاشتی و ئازادییە و هەموو جۆرەکانی "زۆرەملی" رەتدەکاتەوە!
وانەیەک لە مێژوو!
ئەوەی رژێمی دژە مرۆی ئێران دەخاتە (لوتکەی رژێمە دیکتاتۆرییەکان)ەوە، ئەوەیە کە دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی جگە لە دیماگۆگەکان لەژێر ناوی ئیسلامدا، هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە کە "شەڕ لە دژی خەڵکی ئێران" بە شەڕهەڵایسان لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێراندا پەڕاوێز بخات. هەر بۆیە لە یادمانە کە چۆن خومەینی، هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاریەوە لە ساڵی1979، زەمینەی شەڕ لەگەڵ عێراقی خۆش کرد و لە هەنگاوی دواتردا، شەڕخوازیی خۆی بە "بەرگریکردنی پیرۆز" (دفاع مقدس) ناوبرد و درێژەی دا بە شەڕەکە لە ژێر ناوی "رزگارکردنی قودس بە رێگەی کەربەلا"وە. شەڕێک کە نەک هەر هەرگیز بە "ئاشتی" نەگەیشت، بەڵکو بە دیماگۆگ و هەنگاوی فریودەرانە، حکومەتەکەی ئەوسای عێراقی هان دا بۆ هێرشکردنە سەر کوەیت، بۆ ئەوەی لەسەر دەستی هاوپەیمانان بیڕووخێنێت!
هەمووان ئەوەیان لە بیرە کە خومەینی و رژێمەکەی لە ساڵی ١٩٨٨ (١٣٦٧) بڕیارنامەی ٥٩٨ی ئاگربەستی نەتەوە یەکگرتووەکانی قبوڵ کرد، بۆ ئەوەی لە لایەن "ئەڕتەشی ئازادیبەخشی میللیی ئێران"ەوە نەڕووخێندرێت. بەڵام لە ساڵی 1369 (1991) سەرۆک کۆماری ئاخوندان، واتا (عەلی ئەکبەر هاشمیی رەفسەنجانی) عێراقی هەڵخەڵەتاند و زەمینەی بۆ هێزی قودسی سوپای پاسداران خۆش کرد بۆ داگیرکردنی عێراق! بەجۆرێک کە ئەگەر "ئەڕتەشی ئازادیبەخشی میللیی ئێران" لە ناوچەی سنووری ناوەڕاستی عێراق بەرانبەر بە ئێران نەبوایە، رژێمی ئێران لە هەمان ساڵدا عێراقی داگیرکردبوو! بە تایبەت کە پێش ئەم وادەیە، بە بانگەشەی پشتگیریکردن لە هێرشی عێراق بۆ سەر کوەیت، حکومەتی ئێران "هێزی ئاسمانی"ی عێراقی پەک خستبوو و ژمارێکی زۆری لە فڕۆکە جەنگییەکانی عێراقی داڵدەدابوو.
لایەنە کارەساتبارەکەی ئەم پرۆسەیە ئەوە بوو کە رێگای رزگارکردنی ئێران و عێراق و ناوچەکە لە (بناژۆخوازی ئیسلامی)، واتا ئێران، بە تەواوی بەردەست بوو و کلیلی کردنەوەی "دەرگا داخراوەکان" بۆ بەرەنگاربوونەوە لە دژی "سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆریەتی ئایینی ئێران" بەدەست بەرهەڵستکارانی ئێرانەوە بوو، کە لە راستیدا ئاڵاهەڵگری بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی بوون.
لە راستیدا هەڵەی ستراتیژی و رۆژەڕەشیی (عێراق) لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە حکومەتی پێشووی عێراق بە پشتبەستن و "متمانە" بە دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی بەرەو "باشووری عێراق" کەوتە رێ و هێرشی برد و ئەوەش بووە هۆی ئەوە کە دوژمنی لەمێژینەی عێراق، واتە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئێران، وردە وردە و بە فێڵ و فێڵبازی، رێگەی بۆ هاتنەژوورەوە و داگیرکردنی عێراق خۆش کرد و لە هەنگاوی دواتردا، بە هاوئاهەنگی و رێکخستنی خۆی لەگەڵ هێرشی وڵاتانی هاوپەیمان )عێراق( هەڵلووشێت!
بارودۆخی ئێستای عێراق و پەرەسەندنی هێزی بە وەکالەتی ئەم رژێمە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەرئەنجامی راستەوخۆی سیاسەتی نەرم و نیانی و هێمنانەیە بەرامبەر بە دەسەڵاتی ئایینی لە ئێران. ئەم هەڵە سیاسی-ستراتیژییەی وڵاتان لە ناوچەکە و لە جیهان، کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی هاوچەرخی تووشی ئەم دۆخە ناخۆش و نالەبارەی ئێستا کردووە.
هەڵەیەکی سیاسی و ستراتیژی کە رێگەی بە دەسەڵاتی ئایینی ئێران دا بە هەڵگیرسانی شەڕ لە پشت سنوورەکانی ئێرانەوە، رووخاندنی خۆی لەسەر دەستی خەڵکی ئێران و بەرهەڵستکارانی راستەقینەی دوابخات و خەڵکی بێتاوانی ئێران و ئەم ناوچەیە لە جیهان، بکاتە گۆشتی قوربانی و لەسەر پێ مانەوەی دیکتاتۆرییەت تا ئێستا. لە فەلەستین و غەزەوە بگرە تا لوبنان، سوریا، عێراق و یەمەن و تەنانەت وڵاتانی وەک ئۆکرانیا، یان وڵاتانی دوور کە هەر کامەیان بوونەتە ئامانجی هێرشی تیرۆریستی و بناژۆخوازی ئیسلامی.
دوا وشە!
ئەزمون و دەستکەوتەکانی چوار تا پێنج دەیەی رابردوو ئەوە دەردەخات کە نابێ رێگە بە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی ئێران بدرێت شەڕ لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران هەڵگیرسێنێت و دەبێ سەری مارەکە لە تاران پان بکرێتەوە. چونکە (شەڕی سەرەکی) لە ناو ئێران و لە نێوان خەڵکی ئێران و ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرەدا لە ئاڕادایە و لە لایەن بەرخۆدانێکی بەهێزەوە نوێنەرایەتی دەکرێت کە دەتوانێت بە خێرایی "کات" بە قازانجی گەلی ئێران بگۆڕێت و دیکتاتۆرییەت لە ناوخۆی ئێراندا بخاتە خوارەوە. بە واتایەکیتر، تاکە رێگای دەربازبوون لە بارودۆخی ئێستای ناوچەکە، وەستانە لە تەنیشت خەڵک و موقاومەتی ئیران، لە پێناو پێشخستن و سەرخستنی شەڕی سەرەکی لە بەرانبەر رێژیمی ئێران لە ناو سنوورەکانی ئێراندا!