بارودۆخی ئێران و راپەڕینی گەل لە ساڵی رابردوودا!
ئێرانییەکان پەندێکیان هەیە کە دەڵێت "ساڵێکی باش، بە بەهارەکەی را دیارە!". بۆیە بەهاری ئەمساڵ و سەرەتای ساڵی نوێ لە ئێران لە هەموو روویەکەوە بێ هاوتایە. هەرچەندە بەهاری سروشت ئاوێتەیە بە دەنگی خۆشی باڵندەکان و پشکۆتنی گوڵان و زەردەخەنەی روخسارەکان، بەڵام ئەمساڵ لە ئێران، سەرەتای ساڵی نوێ، راستییەکی زۆر سەرنجڕاکێشتری لە دڵ و هەوێندایە کە لە سەرووی هەموو ئەمانەیە! ئازادی!
رۆڵی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
دیمەنی کۆتایی دیکتاتۆرییەتی ئایینی و دەرکەوتنی ئازادی و بەدیهاتنی مافەکانی گەل، کە بە دڵنیاییەوە کاریگەر دەبێت لە بەرقەرارکردنی سەقامگیری و ئاسایش و ئاشتی و پێکەوەژیان لە ناوچەکەدا! چونکە ئەمانە لە دەیان ساڵی رابردوودا، راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، لە ژێر هەڕەشەی رژێمی مەزهەبی ئێراندا بوون.
لە ئێراندا گەلێکی بوێر و پێداگر و بەهێز، بە ئیرادەیەکی تەواو پتەو لە مەیداندایە بۆ گۆڕینی رژێم، بە موقاومەتێکی ناوازە و دێرین و، بە سنوورگەلێکی روون بەرانبەر بە دوو دیکتاتۆرییەتی شا و دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی. لە یەکەم کەسەوە کە بۆ ئەم مەبەستە گیانی خۆی بەخت کرد تا دوا کەس! هەموو ئەم خۆبەختکردووانەی رێبازی بێگەڕانەوەی خەبات و تێکۆشان، لەم رێگەیەدا زیندوون و ئامادەن و شایەتیدەرن بەسەر رێبوارانی رێگای ئازادی و رزگارکردنی ئێران و خەڵکی ئێراندا.
لە ساڵی رابردوودا ..
لە ساڵی رابردوودا و دوابەدوای راپەڕینە مەزنەکەی ساڵی پێشووتری، گەل و موقاومەتی ئێران نەک هەر توانیان "بەردەوامی" راپەڕینەکە بکەن و لە بۆسەکانی "کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم" بیپارێزن، بەڵکو بە تێپەڕاندنی ئەو بۆسەگەلە، رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران نزیک بکەنەوە!
لە ساڵی رابردوودا ئەو راستییە سەلمێنرا کە دۆخەکە هەرگیز ناگەڕێتەوە بەرەو دواوە. دیکتاتۆری و سیاسەتی سازان لەگەڵیدا گەیشتووەتە خاڵی کۆتایی و رزگاریی ئێران و خەڵکی ئێران خراوەتە بەردەست و سروشت و پێناسەی ئەکتەرەکان زیاتر لە جاران بۆ هەمووان روون بووەتەوە.
لە یەک ساڵی رابردوودا رژێمی ئێران بە مەبەستی گرتنەوەی راپەڕین و سەرکوتکردنی، موقاومەتی ئێرانی کردووەتە ئامانجی سەرەکیی خۆی. ئەوانەی لەم سەردەمەدا لە لایەن رەوتی کۆنەپەرەستی و کۆلۆنیالیزمدا پاڵپشتی کراون، بوون بە "ئەسپی دۆڕاو" و کڕیاریان نییە! ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی ئەم قۆناغە ناونراوە "سەردەمی دەرکەوتنی ناسنامەکان". ئێران شوێنی دیکتاتۆرییەت و وابەستەیی و دیماگۆگی و ئەڵتەرناتیڤی ساختە نییە.
عەلی خامنەیی لە یەک ساڵی رابردوودا، بۆ پاراستنی دەسەڵاتە ناشەرعیەکەی، سەرکوتکردن، گرتن، ئەشکەنجەدان، ئێعدامکردن و رێوشوێنەکانیتری ئەم هەنگاوەی زیاد کردووە. بە هۆی لاوازی و داماوییەوە، تیرۆری دەوڵەتی بەرامبەر بە موقاومەتی ئێران و دۆستانی موقاومەتی زیاتر کردووە، لەوانەش تیرۆرکردنی جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا. (ئالێخۆ ڤیدال کوادراس) کە هەرچەند بە سەختی بریندار کرا، بەڵام نەک هەر پاشەکشەی نەکرد، بەڵکو رک و تووڕەیی و ئیرادەی خۆی بەرامبەر بە دیکتاتۆرییەتی ئایینی زیاتر کرد و بوو بە ئاڵاهەڵگری بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی سازان لەگەڵ ئەم دیکتاتۆریەتە. ئەو نەک هەر پەیمانی نوێ کردەوە لەگەڵ موجاهیدین، بەڵکو ویستی ببێتە ئەندامی فەرمیی رێکخراوی موجاهیدین!
لە یەک ساڵی رابردوودا، تیرۆریزم و شەڕخوازیی دەسەڵاتی دیکتاتۆری مەزهەبیی ئێران لە چاو رابردوو زیاتر دەرکەوت. هەمووان لەسەر ئەوە کۆکن کە ئەمە ئاماژەیە بۆ لاوازبوون و ناسکبوونی دیکتاتۆرییەتی ئێران. پێشوازیکردن رێبەرانی رژێم لە گەیشتنەوەی دیپلۆماتکاری تیرۆریست (ئەسەدوڵڵا ئەسەدی) بە ئێران، کە ئەنجامی سات و سەودایەکی چەپەڵ بوو لەگەڵ دیکتاتۆرییەتی ئایینی و هەروەها پەسەندکردنی حوکمی نیهایی میرغەزەب، (حەمید نووری) لە لایەن دادگای (سوید)ەوە، بەڵگەی سەلمێنەری شکستی ستراتیژیی ئەم رژێمەیە لە گۆڕەپانی سیاسی و دادوەریدا. لە بواری شەڕخوازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا، کەسێک یان لایەنێک نییە کە نەزانێت "هۆکاری سەرەکی شەڕخوازی و شەڕهەڵایسێنەر"، رژێمی دەسەڵاتداری ئێرانە. هەر لەبەر ئەمەشە تاکە رێگەی مومکین بۆ رزگارکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاراستنی گەلانی ناوچەکە، کردنە ئامانجی سەری ماری ویلایەتی فەقیهی لە تارانە. بۆ ئەمەش پێویستە، چوونە تەنیشت گەل و موقاومەتی ئێران رەچاو بکرێت. چونکە لێدانی سەری ماری ویلایەت و رووخاندنی دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی، بەرپرسیارێتی گەل و موقاومەتی ئێرانە!
لە ساڵی رابردوودا دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی، هاوکات لەگەڵ پەرەپێدانی سەرکوتکردن و ئێعدامەکان لە ناوخۆی ئێران، نومایشی دادگاییکردنی ئەندامانی موقاومەتی ئێران لە تاران وەڕێخست، بە مەبەستی رێگەخۆشکردن بۆ تیرۆرکردنی زیاتری ئەندامانی موقاومەتی ئێرانی لە هەردوو دیوی سنوورەکانی ئێراندا. نومایشکردنێک کە لاوازبوون و بێدەرەتانبوونی ئەم دەسەڵاتە بەرامبەر بە (ناوەندەکانی شۆڕش)ی سەر بە موقاومەتی ئێرانی لە سەرتاسەری ئێران نیشان دەدات!
لە ساڵی رابردوودا دەسەڵاتی مەزهەبیی ئێران شانۆی زۆرەلیی هەڵبژاردنی بەڕێوەبرد. هەرچەندە ئەنجامەکانی پێشتر بۆ هەمووان روون بوو، بەڵام ئەندازیاریکردنی ئەم شانۆیە، پێش هەموو شتێک، ناشەرعیبوونی ئەم دەسەڵاتەی ئاشکرا کرد. کەس نیە ئەوە نەزانێت کە هەڵبژاردن لە ئێراندا بوونی نییە. کەمینەیەکی زۆر کەم خۆیان زاڵ کردووە بەسەر دانیشتووانی ئێراندا کە ٨٥ ملیۆن کەسە و، ئەم کەمینەیە کارنامەیەکی قورسی هەیە لە تاوانەکان و بە تاڵانبردنی ماڵ و موڵکی خەڵکی ئێران و هیچ کام لە پاڵێوراوانی ئەم نومایشکردنەیش، نەک هەر لە بەرژوەندی گەل و بۆ گەل نەبوون، بەڵکو ئەوان دەست و پێوەندی وەلی فەقیهن!
لە سەروبەندی ساڵی نوێی لە ئێران، خەڵکی ئێران، خۆیان بۆ دوا شاڵاوی راپەڕینی خۆیان ئامادە کردووە و بڕیاریان داوە دیکتاتۆرییەت لە ئێران لە ناو بەرن. پێشوازیکردنی بەربڵاوی لاوانی ئێرانی و بەتایبەتی ژنان لە "دەزگای رێبەرایەتیکردنی راپەڕین" و تاکە بەدیلی دێموکراتیکی "ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران" کە خانمی (مریەم رەجەوی) نوێنەرایەتی دەکات، وایکردووە دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی بتۆقێت و رەوتی کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم بکەونە خۆ و دوایین فیتنە و کرێگرتەکانی خۆیان بهێنە سەر گۆڕەپانی سیاسی و ئاو بە جۆرێک لێڵ بکەن کە گەل لە دەستکەوتەکانیان دڵسارد ببنەوە! بەڵام زۆر درەنگە بۆ ئەم هەنگاوەیان و زەمەن لە بەرژەوەندی گەلدا بەرەو پێشەوە دەچێت. لە ناوچوون و رووخاندنی دیکتاتۆرییەت و رزگاریی گەلی ئێران بێ مشتومەڕ و حەتمییە و خەریکە گۆڕانکاری گەورە لەم ناوچەیەی جیهان رووبدات!