به بۆنەی نەورۆزی کوردەواری
خەریکە ئاو لە کانی ڕێگە ئەگرێت یار بەهارە
دیسان نەورۆز و جێژنی ئەم هەوار و ئەو هەوارە
لە سەدەکانی لەمەو پێش لە ڕۆژگارانی با و باپیرانمان لە دەوری ئاسن و ئاگر و لە ژیانی لادێ و لە گەل و هۆزی لانەساران و لە داب و نەریت و ئایینە کۆنەکان هەتا ئەمڕۆ پشت بە پشت، سینگ بە سینگ باس و ڕازی ڕابردوومان لە زاری دڵ بیستووە و بە گیانی عەشق لە هۆبەی مێژوو وەکوو گەوهەر پاراستوومانە.
لە سەر ڕووی زەمین زۆر میللەتان هەیە ، زۆریش وڵاتان و ناوچەی جوغڕافیایی پێک هاتووە و درووسم و کە داب و نەریت و فەرهەنگ و کەلتوور ، گەمە و کایەی تایبەت بە خۆیان هەیە و کوردستان و نەتەوی کوردیش یەکێک لەو نەتەوانەیە کە لە پاش هەزاران ساڵ بەسەر هات و ئاڵووگۆڕ و گیرودادی نەتەوایەتی هێشتا ڕەسمە تایبەتەکانی خۆی لە دەس نەداوە و تا ئێستاش هەر ماوەتەوە نەخشی ئەو کۆنە بەزمانە هەر لە دڵ دایە، بەڵام بە داخەوە بە هۆی تێپەڕ بوونی زەمان و گۆڕانی هەل و مەرجەکان ، یان ڕەنگە بە هاتنی سەردەمی نوێ و هاتنی کەرەستەکانی وەکوو تەلەفزیۆن و تەلەفوون و هەروەها ئێنتیرنێت و مۆبایل ئیتر مەجالێک بۆ یاد کردن لەو ئایینانە نەمابێت و لە پشت گوێ خرا بێت و ڕۆژ بە دوای ڕۆژ بەرەو فەرامووشی و لە ناو چوون دەچێت.
ئێمە خۆمان بە بەختەوەر دەزانین کە لەم بابەتە دا ئاماژە بە یەکێک لەو ئایین و ڕەسمە کۆنە کوردەواریە کە لە کوردستان ئەنجام دراوە و دەدرێت باسی لێ بکەین کە لە پاش مێژوویەکی دوور و درێژ کەند و کۆسبی دەوران هەتا ئەمڕۆ هێشتا لە بیر نەچووە و هەر زیندوو ماوەتەوە و هەر ساڵیش لە سەر ساڵی نوێ یادی لە دەکرێتەوە .
هەڵاتێ و مەڵاتێ خوا دڵخۆشی تان باتێ
هەڵاتێ و مەڵاتێ خوا کوڕێکی چاو ڕەشتان باتێ.
لە بەشی موکریانات وتراوە هەلاوە مەلاوە هێلکەیکم خستە بن تاوە کچەکەتان بێت بە بووک کوڕەکەتان بێت بە زاوا.
خەڵک ڕۆژێک پێش لە مەراسیمی هەڵاتێ و مەڵاتێ خۆیان ئامادە دەکرد بۆ بەڕێوە بردنی ئەم ڕەسمە کۆنە بە درووستکردنی کولێرە و کولیچە و ناوساجی(برساق) و کۆ کردنەوەی چیڵکە (چیلکە) و دار و ساز کردنی تۆپێک لە گۆنی(تەلیس)یان پەڕۆ کە پێکەوە دەی پێچن و ئاگری پێوە دەنێن و بەرەو پێشوازی ئەم ڕەسمە کۆنەی کوردەواریە دەڕۆن و بەڕێوەی دەبەن، مەراسیمەکە پێش لە تاریک بوونی ئاسمان و لە دوا نیگاکانی ڕۆژ بە هەرا و هۆریا و قەپوقاڵ پڕ لە شادی و خۆشی منداڵەکان دەست پێ دەکات کە بەو هۆیەوە پێی دەڵێن ئاگری شایی ، لە کۆڵان و سەربان و کەلاوە خۆڵینەکانی ناوچەکە منداڵان بە کوڕ و کچ خۆیان بە جوانی، جل و سیپاڵی نوێ دەڕازێننەوە و تۆپەکە (گۆیەکە) ئاگری تێ بەر دەدەنوو بەو تۆپە ئاگرین و گڕدارە کە بە سووڕدان و هەڵخستنەوەی بەرەو ئاسمان، کۆڵان بە کۆڵان و سەربان بە سەربان خۆشی و شادی لە بڵێسەی ئاگرێکی سووری گەشاوە دەبینن.
ئەم ئایین و شێوەیە وایە کە هەر خاوەن ماڵێک لە سەربانی ماڵەکەی خۆی ئاگر بکاتەوە بۆیە پێشینیان بڕوایان وابووە کە هەر کام لە دانیشتوانی ناوچەکە ئاگر نەکاتەوە تووشی شەڕ و نەهامەتی و خراپی دەبێت ، لە سەردەمی کۆندا ماڵەکان بە قوڕ و بەردو خۆڵ ساز کرابوون بەڵام ئێستا بە هۆی گۆڕینی کەرەستەی درووست کردنی خانووەکان و دەست پێ گەیشتنی مرۆڤ بە کەرستەی ئەمڕۆییانە و بە هۆی قیر و گۆنی(قیروتاو) کردنی سەربانی ماڵەکان ئیتر ئاگر لە سەربانی ماڵەکان ناکرێتەوە.
لە ڕەوایەتەکان و وتەی پیران و بەساڵانداچوان هاتووە کە هەڵاتێ و مەڵاتێ یەکێک لە کۆنە مەراسیم و ئایینەکانی گەلەکەمانە و بەر لە سەردەمی زاینی و بەر لە ئاگر خستنی پێغەمبەری گەورە حەزرەتی ئیبراهیم و دەرهاتنی هەتا ئێستا بە ئێمە گەیشتووە، هەندێکی تریش وا ئەڵێن کە ئەم ئایینە ڕەسمێکی زەردەشتیەو لە سەر ئاگر پەرەستی ئەو سەردەمە و پەیڕەوی کردن لە دینی زەردەشت لە سەردەمی کۆن بۆمان ماوەتەوە ، هەر لە سەر بڕوای ئەو پێشینیانە لە دوای جەنگی ئاتەشگا لە نێوان موسوڵمانەکان و زەردەشتیەکان لە سەر بەرزی کێوی ئاتەشگا ( کێوی ئاتەشگا لە شاری پاوە لە گوندی خانەقایە ) کە کاتێک هەموو پیاوەکان لەو شەڕەدا کوژران ئیتر پیاوێک نەمابوو کە ئاگری ئاتەشگا هەڵبکات و دایگرسێنێت و ئوجاخیان کوێر بوەتەوە ودەبێت ئەو ئاگرە هەڵ بکرێتەوە، هەندێک کەسیش بیر و بۆچوونیان وایە کە گوایە لە ڕۆژگارانی ژیانی مرۆڤ لە کۆنەوە لە بەر ئەرکی ژین و لە پاش تێپەڕ بوونی سەرما و سەهۆڵ و سەختی چەن مانگەی پاییز و زستان، هاتنی بەهاریان جێژن گرتوە و لە شەوی یەکەم و ڕۆژی وەرزی بەهار و سەرەتای مانگی نەورۆز ئاگری شادیان لە سەر ماڵەکان داگیرساندوە و جێژنی هەڵاتێ و مەڵاتێ یان بە بەزمێکی خۆش و گۆرانی و سەما لە دەوری ئاگرەکان بەڕێوە بردووە.
لە هۆنراوەکانی مامۆستا نورە مەحموودی (ڕوانسەری )
کۆکردنەوە و نووسین : مەلا ئاوارە