نەورۆز بوو ئاگرێکی وەهای خستە جەرگەوە لاوان بە عەشق ئەچوون بەرەوپیری مەرگەوە
هاونیشتمانانی کوردستانی
لەم ڕۆژانەی پڕ لە هیوا و نوێبوونەوەدا ، بەناوی چند لایەنی سیاسی پیرۆزبایی هاتنی نەورۆزی کوردەواری و ساڵی نوێی ٢٧٢٤ی کوردیتان لێ دەکەین.
نەورۆز و سەری ساڵی نوێی ئەمجارەمان بە بەردەوامیی شۆڕشی ژینا بە دروشمی ژن ، ژیان ، ئازادی گڕ و تینێکی زیاترمان بۆ گەیشتن بە نەورۆزی ڕزگاری و ئازادی پێ دەبەخشێت.
هەرچەندە هاتنی نەورۆز و نوێبوونەوەی ساڵ ، جەژن و ئاهەنگ بۆ هەموو گەل و نەوەیەک دەهێنێت بەڵام مخابن بۆ ئێمەی نەتەوەی کورد لە وڵاتێکی داگیرکراودا جیا لەوە دەتوانین بڵێین لانیکەم لە سەد ساڵی ڕابردوودا ، نەورۆز و ساڵی نوێمان بەردەوام ساڕێژکردنی برینە کۆنەکان و هەڵگرتنی برینە نوێیەکانی ئازیزانمان بووە.
هیوادارین لەم ساڵە نوێیەدا ، زیاتر لە جاران پەیامی ئاشتی و دۆستایەتی و تەبایی نێوخۆیی لە دڵی هەر یەک لە ئێمەدا جێگای خۆی بکاتەوە . ئاواتەخوازین هەموومان پێکەوە تێبکۆشین بۆ بنیاتنانی کیانی سەربەخۆ و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان و داهاتوویەکی گەش و دادپەروەرانە بۆ هاونیشتمانیان پێک بهێنرێت .
ئێمە لە لایەن خۆمانەوە سپاس و پێزانینی حەوڵەکانتان کە کۆڵنەدەرانە لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی و گشتیدا نیشانەی داوای بەرەو سەربەخۆیی و پاراستنی شوناسی نەتەوەیی و هەوکات بەرەنگاربوونەوەی ستەمی داگیرکەرانی تێدا دیارە ئەکەین . ئێمەی کورد بە درێژایی مێژوو نموونەی نەتەوەیەک بووین کە هەموو کات دژی داگیرکاریی وڵاتەکەمان و گەیشتن بە ئازادی و دادپەروەری بە هەموو شێوەیەک تێکۆشاوین .
هاتنی نەورۆز لە کوردستان ، هاوکات بیرەوەری و ڕێزلێنان لە تێکۆشەران و گیانبەختکردوانی ڕێگای ڕزگاری و ئازادیی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا لە لایەن کۆمەڵانی خەڵکەوە لەگەڵ خۆیدا دێنێت. هەر لە ئێستادا بە هەزاران ڕۆڵەی کورد لە زیندانەکانی داگیرکەران لە ژێر ئەشکەنجەدان و و بەتایبەتی لە ئێران گیانیان لە مەترسیدایە و لە سێدارەدانی بەردەوامی هەیە. هیوادارین بە یەکگرتوویی و تێکۆشان لە تەواوی بوارەکاندا بتوانین بە ڕاماڵینی داگیرکەران لەم ساڵە تازەدا سەرکەوتوو بین و نەورۆزی ساڵی داهاتوو ، هەموو پێکەوە نەورۆزی سەربەخۆیی و ئازادی جەژن بگرین .
ئیرادەی ڕاپەڕین و گڕ و تینی ڕۆڵەکانی کورد بۆ ڕاماڵینی داگیرکەران لە نیشتمانەکەمان پڕاوپڕە لە هیوا و لە گەشەسەندایە ، کیژان و لاوانی کورد بە هزری نەتەوەیی بە شێوازی جۆراوجۆر لە ڕاپەڕین و بەرەنگار بوونەوە دان ، هەر بۆیە ئاسۆی گەیشتن بە سەربەخۆیی ئازادیی ڕوون و گەشە و بە هیمەتی هەمووان هیوای بەدیهاتنی ئەکەین.
جارێکی تر هیوای سەرکەوتن و ئازادی بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە لە تارەوگەدا تێکۆشەری ڕێگای ڕزگارین یان خۆ لە ژێر ستەمی داگیرکەران و ڕژیمی ئیسلامی ئێراندان و هەروەها هەڵاتنی ئاسۆی بەختەوەری و ئاسوودەیی بۆ کوردستانیان دەخوازین.
نەورۆزتان پیرۆز و ساڵێکی پڕ لە خۆشی و بەختەوەریتان بۆ به ئاوات دەخوازین.
_پارتی سەربەستی کوردستان
_پارتی سەربەخۆیی کوردستان
_ڕێکخراوی یاری کورد
_یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان