هاونیشتمانیانی خۆڕاگر، لاوانی پڕ لە هەستی نیشتمانی و ناسیۆنالیست، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان
ئەمڕۆ 30 گوڵانی 2723ی کوردی بەرامبەر بە 20ی مای 2023ی زایینی 32 ساڵ بەسەر دامەزرانی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، ئاڵاهەڵگری رزگاری و خەباتکاری سەربەخۆیی و ماندوویی نەناسی رێگای کورد بە دەوڵەتبوون و تریبونی بانگی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی و خۆڕاگری رۆژانی سەخت و شێری مەیدانی کوردایەتی و حزبی لاوانی ناسیۆنالیست تێدەپەڕێت.
زیاد لە سێ دەیە هەڵگری پەیامی مافی دیاریکردنی چارەنووس و بانگەوازی بەردەوام بۆ سازان و دامەزرانی بەرەی کوردستانی و شەڕی چەکداری شۆڕشگێڕانە و دەست و پەنجە نەرمکردن لەگەڵ تیرۆری جەستەیی و کەسایەتی و پووچەڵکردنەوەی پیلانە یەک لەدوای یەکەکانی رێژیمی داگیرکەر و کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی ئێران نەک هەر ئاسان نەبوو، بەڵکو تاقەت پروکێن و رووبارێک لە خوێن و ئارەقە نرخی لەسەرپێ مان و بەردەوامی لە تێکۆشان و کۆڵنەدانمانە.
لەو مێژووە 32 ساڵەماندا ، نەبوونی دەرفەتی چالاکیی ئازادانەی یەکێتیمان لە ڕۆژهەڵات، دوورەوڵاتی و تەنانەت کار لە هەندەران دابڕان لە خەڵک وەک سەرچاوەی مرۆیی و ڕێکخراوەیی، تا ڕادەیەکی زۆر کەلێن و بۆشایی پەیوەندیی نێوان یەکێتی و ڕۆژهەڵاتە کە ئەمەش بۆەتە هۆکاری کۆمەڵێک کەموکوڕی.
یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان لەم بۆنە پڕ لە شانازیەدا هاوکات لەگەڵ دانەواندنی سەری رێز و وەفا لەبەر روحی بەرزی شەهیدانی رێگەی رزگاری و سەربەخۆیی کوردستان، پیرۆزبایی گەرمیش ئاراستەی کادر و پێشمەرگە و لایەنگر و دۆستانی حیزبمان دەکات و لە 33ەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبە تێکۆشەرەکەماندا بە سەرەنجدان بە هەلومەرجی کوردستانی گەورە و ناوچەکە و جیهان بانگەوازی خۆمان دەخەینە بەر رای گشتی:
ئێستا کە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان یەک لە دوای یەک لاواز و بەرەو لەناوچوون دەچن و ئێستاش کە کورد توانیویەتی لە دوو پارچەی کوردستان هەرێمێکی ئۆتۆنۆم دروست بکات و دەتوانێت هەنگاوی جدی دوور لە پڕوپاگەندەی حیزبی بۆ ئازادی و سەربەخۆیی هەڵبگرن.
دەخوازیمانە کە سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ لێک تێگەیشتن و سازان و پێکهێنانی بەرەیەک بەبێ هەڵاواردنی هیچ لایەنێک پەلەی لێ بکەین، یەکێتی شۆرشگێڕانی کوردستان ئامادەی هەر چەشنە هەنگاو هەڵێنانەوەیەکە لەو پەیوەندیەدا..
یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان لە دەستپێکی ساڵی نوێی خەباتماندا داواکارە لە کادر و پێشمەرگە و لایەنگرانی حیزبە تێکۆشەرکەمان کە لە جاران زیاتر لەمەڕ هەلومەرجەکە خۆماندو بکەن و لە خەمی گەشەی هەمەلایەنەی یەکێتییەکەماندا بن و بە کار و چالاکی و پرۆژەی نوێوە بەردەوامی و خۆڕاگری و وەفاداریتان بە یەکێتی و گەلەکەمان بسەلمێننەوە گەڵ چاوەروانی ئەوەیە لە بچووکترین دەرفەت بۆ خەبات و بەرەنگاری بقۆزنەوە و هەر وەک مێژویی یەکتی نیشانی داوە.
هەزاران سڵاو لە روحی بەرزی شەهیدانی کورد و کوردستان
بژی کورد
پایەدار بێ کوردستان
یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان
20/5/2023