یه‌کێتی شۆڕشگێرانی کوردستان
Revolutionary Union of Kurdistan
یه‌کشه‌ممه‌ 15 ره‌زبه‌ر 2724

         

بەدیلی دیکتاتۆرییەت لە ئێران!

بەدیلی دیکتاتۆرییەت لە ئێران!
عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

وانەیەک لە وانەکانی راپەڕینی گەل لە دژی دیکتاتۆریەت!

لە ساڵی 1357 (1979) و لە چەند مانگ بەر لە رووخانی دیکتاتۆرییەتی پاشایەتی لە ئێران، خەڵکی ئێران روو لە شۆڕش هاواریان دەکرد "چەکدارمان بکەن". ئەم داواکارییە لە لایەن (خومەینی)یەوە رەت کرایەوە و ئەمەش وەک بەڵگەنامەیەک، کە لە راستیدا، خومەینی و هاوبیرانی، نوێنەرایەتی خەڵکی ئێرانیان نەکردووە و لاف لێدانی ئەم "رەوتە دواکەوتووە" سەبارەت بە گەل و نیشتمان، تا چ رادەیەک ناسک و بێ بنەمایە. لە ئەنجامدا، ئەم رەوتە "نە هەڵقوڵای ناو گەل"بووە و "نە بۆ گەل" بووە و پاڵدانەوەی لەسەر کورسی "رێبەرایەتیی  شۆڕش" هەر لە سەرەتاوە و لە بنەڕەتدا ناڕەوا بووە. هەر بەو هۆیەشەوە، سەرەڕای وەڵامی نەرێنی خومەینی بۆ "خەباتی چەکداری دژ بە دیکتاتۆرییەتی شا"، خەڵکی ئێران لە شۆڕش و جوڵە نەوەستا و دەستیان بۆ "چەک" برد و کۆتایییان هێنا بە دیکتاتۆرییەتی پاشایەتی هاوکێشەکانیان لە بەرژەوەندی خۆیاندا گۆڕی.

خەڵکی ئێران بە وەها داواکارییەک و وەها هەنگاوێک لە راپەڕیندا، لە سەرەتای رێگایەکدا بوون کە ئەوان بەرەو ئازادی و وەدیهاتنی مافەکانیان ببات. وەها خواست و هەنگاوێک کە نەک هەر دەسەڵاتی دیکتاتۆری شا، بەڵکو خومەینی و هاوبیرانیشی لە چەکداربوونی خەڵک تۆقابوون. بۆچی?

درووشمی سەرەکیی رۆژ!

ئێستا لەگەڵ گۆڕینی دەسەڵات لە دیکتاتۆری شاوە بۆ دیکتاتۆری ئایینی، هەر ئەو خەڵکە لە قۆناغێکیتری راپەڕین و لە دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئایینی و لە ساڵانی رابردوودا هەڵگری ئەم دروشمەن کە "خۆزگە چەکم دەست کەوتبا!". لە چاوخشاندنێکی قووڵ بەسەر دوو راپەڕینی جەماوەری ساڵی 1979 و 2022دا، ئەو راستییە دەبینین کە هێشتا دیکتاتۆریەتێک لە ئێراندا حوکم دەکات. ئەویان "پاشایەتی" و ئەمیشیان "مەزهەبی" بوو. هەردووکیان "ڕەها" بوون و شەرعیەتیان لە شتێکەوە وەرگرت کە خۆیان ناویان نابوو "خودا"!

خومەینی گەورەترین دزی سەدە لە ئێراندا!

ئەوانەی راپەڕینی دژە پاشایەتی لە ساڵی 1357 (1979)یان لە بیر ماوەتەوە دەزانن کە خومەینی هەرگیز خۆی لە "خەباتی چەکداری" دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری شا نەدا. لە کاتێکدا لەسەر کورسی "رێبەرایەتی" دانرابوو. ئیبراهیم یەزدی، راوێژکاری ئەو کاتەی خومەینی لەو پێوەندییەدا وتی: لە مانگی پووشپەڕی ساڵی 1356 (1978) چوومە نەجەف و زۆر قسەم لەگەڵ خومەینی کرد. خومەینی دژی خەباتی چەکداری بوو بەرانبەر بە دەسەڵاتی شا. بە لایەوە هۆیەکەشی ئەوە بوو کە لە خەباتی چەکداریدا، رێکخراوە سیاسیە-سەربازییەکان جڵەوی راپەڕین بە دەستەوە دەگرن و پێش ئێمە دەکەون. چونکە رێکخراویان هەیە. ئەگەر بمانەوێت خەباتەکە بگەیەنینە ئەم ئاستە، ئەوان سەردەکەون و ئێمەش دەبێت پێڕەوییان بکەین”.

خەبات زانستە!

خەباتکردن زانستێکە دەبێت فێری بێت و یاساکانی پەیڕەو بکەیت. ئەگەرنا هەموو شتێک دووبارەبوونەوەیە و "بێسود و بێهودەیە. لەسەر بنەمای وەها زانستێکە کە قورسایی خەبات هەمیشە لەسەر شانی ئەو تاک و لایەنانە بووە کە وەک "زانست" سەیری بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەتیان کردووە و لەسەر شەقام و گۆڕەپانی راپەڕیندا "باج"یان بۆ داوە. رێبەرایەتیی شۆڕشی جەماوەریش دەبێت لەم جۆر و کوالیتییە بێت، ئەگینا ساختەیە و خۆی دەرهاویشتەی شتێکیترە.

دزە سەرەکییەکانی راپەڕینی گەل!

هەروەک لە راپەڕینی خەڵکی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ (1979)دا بینیمان، خومەینی و هاوبیرانی، کە بە "دزینی رێبەرایەتی راپەڕین" خەونی دیکتاتۆرییەکی خراپتریان لە مێشکدا بوو، یەکەم گورزیان لە کۆمەڵگەی ئێران وەشاند بە دابەشکردنی ساختەی "ئیسلام" و "غەیرەئیسلام" و دواجار بوونە سەرچاوەی ترسناکترین دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا.

ئێستایش لە سەروبەندی سەرکەوتنی راپەڕینی خەڵکی ئێران لە دژی دیکتاتۆریی مەزهەبیدا، پاشماوەکانی دیکتاتۆری پێشوو، بە پشتیوانیکردنی کۆنەپەرستان و کۆلۆنیالیزم، بە هەمان فێڵ و تاکتیکی "بێ تێچو" و "مشەخۆری" و "دزینی رێبەڕایەتیی شۆڕش" بە نیازن رێگە نەدەن راپەڕینی گەل بەرەو رێشەکێشکردنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران مل بنێت و سەرکەوێت.

ئیدیعای بێ بنەما!

ئەوانەی کە ژیانی بایۆلۆژیکی خۆیان لەسەر دزینی ملیارەها دارایی خەڵکی ئێران هەڵچنیوە، دەیانەوێت بە "ئایدیۆلۆژیای دیکتاتۆرییت"ەوە، جارێکیتر بگەن بە دەسەڵات و بۆ گەیشتن بە "دەسەڵات"یش نەک هەر خۆیان لە "دیموکراسی" و "ئازادی" دەشارنەوە و ناتوانن بەشداریکردنی هیچ تاک و گروپێک لە حوکمڕانیدا قبوڵ بکەن، بەڵکو هەڵگری هیچکام لە مەرجەکانی دیموکراتییەت نین بۆ جێگرتنەوەی دیکتاتۆرییەتی ئایینی! بە تایبەت کە لە لایەن خەڵکی ئیرانەوە رەت کراونەتەوە و ناسراون.

لە هزر و یاسا و فەرهەنگی درۆینەیاندا هیچ راستییەک و هیچ یاسایەک و هیچ پلان و پرۆتۆکۆلێک نییە کە دژی دیکتاتۆریەت بێت و چنگەڕنێیانە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لە ئێراندا. هەوڵێک کە بە ئەزموون سەلمێنراوە بێسود و بێهودەیە و جگە لە یارمەتیدانی دیکتاتۆرییەتی ئایینی هیچ بەرهەمێکی نەبووە و نابێت.

ڕاپەڕین، پێویستی و پێداویستییەکانی پێشکەوتن!

ئێستا دوای تێپەڕاندنی مانگی حەوتەمی راپەڕین لە دژی دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی، دروشمەکانی خەڵکی ئێران باس لە پێویستی و مەرجەکانی سەرکەوتن بەسەر دەسەڵاتی دیکتاتۆری دەکەن. جگە لە درووشمی گشتگیری "مردن بۆ ستەمکار، چ شا بێت و چ ئاخوند"، کە ئاماژەیە بۆ رەتکردنەوەی دوو "دەسەڵاتی دیکتاتۆری پاشایەتی" و "دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی"، ئەم درووشمە دەڵێنەوە لەسەر شەقامەکاندا کە "ئاخ بۆ چەک" و "خۆزگە چەکم دەستکەوێت". بە واتایەکی تر خەڵکی ئێران بە دوای "چەک"دا دەگەڕێن تا لە هەنگاوی یەکەمدا بوون و کیانی راپەڕین و دەستکەوتەکانیان بپارێزن و لە هەنگاوی دواتریشدا بە هەماهەنگی و هاوئاهەنگی لەگەڵ "دەزگای رێبەرایەتی و سەرکردایەتیی شۆڕش". بەرەو سەرخستنی راپەڕین" هەنگاو بنێن.

ئەوان ئێستا لە جاران بەهێزترن. چونکە هەم پێیەکیان لە واقیعی گۆڕەپانەکەدایە و هەم بوونەتە بزووتنەوەیەکی رێکخراوتر، کە "ناوەندەکانی شۆڕش" لە ناو کۆمەڵگادا دەبینن کە لە ریزی پێشەوەی راپەڕیندان و پێوەندییان هەیە بەو دەزگایەوە کە رێبەڕایەتیی شۆڕش دەکات و رێگە نادەن خەبات و تێکۆشان و رەنج و ئازارەکانیان بە فیڕۆ بچێت و جارێکیتر لەلایەن دیکتاتۆرییەکانەوە بدزرێت وەک چۆن لە ساڵی ١٣٥٧(1979) بینیمان.

دەزگایەکی هەڵقوڵاوی گەل و بۆ گەل!

"دەزگای گشتیی سەرکردایەتیی راپەڕین" وەک تاکە بەدیلێکی دێموکراتیک لە بەرانبەر دیکتاتۆرییەت لە ئێران، جێ متمانەی ئەو خەڵکەیە کە دژی دیکتاتۆرییەکان راپەڕیون. خەڵکی ئێران ئێستا تەنیا بیر لە رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران و گەیشتن بە دەسەڵاتیکی جەماوەری، نیشتمانی و دیموکراتیک دەکەنەوە کە بنەمای  لەسەر جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت بێت و تیایدا ئازادی دەستەبەر کرابێت. خەڵکی ئێران لەوە بەدەر هەموو شتێکیتریان رەتکردووەتەوە.

خەڵکی ئێران بە رەتکردنەوەی باڵباڵێنی خەیاڵی لە ناو دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی و هەموو جۆرەکانیتری دیکتاتۆرییەت، بڕیاریان داوە کە "دیکتاتۆرییەت" لە وڵاتەکەیاندا بنەبڕ بکەن. ئەوان لە کۆسپ و لەمپەڕ و رووبەڕووبونەوەکان ناترسن. ئەوان لە راپەڕینی ئەم دواییانەی خۆیاندا هەوڵ و هەڵبەز و دابەزی جۆراوجۆر و قسە و درووشمە بریقەدارەکانی کۆنەپەرستان و کۆلۆنیالیستەکان و هەلپەرستان و بەرژەوەندیخوازەکانیان بە ئەزموون کردووە و لە خواستی سەرەکی خۆیان پاشەکشە ناکەن. واتا رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری!

ئاسۆی راپەڕین!

بێ گومان گەلێک خواستی "گەیشتن بە ئازادی"ی دابێتە بەر خۆی، نابێتە "دۆڕاو" و شکست ناهێنێت و سەرکەوتنی بێ مشتومڕە. چونکە باجەکەی داوە و باجەکەی دەدات. سەردەمی داخوازی لە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری و دروشمەکانی پێش راپەڕین بەسەر چووە. وەک: "چالاکی مەدەنی، مانگرتن، ژن و ژیان، رووخاندنی هێمنانەی دیکتاتۆرییەت، ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی، ناتوندوتیژی، حیجاب و ...هتد". ئەوانە ناتوانێت نوێنەرایەتی داخوازیی سەرەکیی خەڵکی ئێران بکات. مەگەر لە ژێر رۆشنایی داخوازی سەرەکی خەڵکدا بێت، واتە "رەتکردنەوەی دوو دیکتاتۆرییەتی شا و ویلایەتی فەقیهی" و بەتایبەت رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی!

هەربۆیە پێویستە ساڵی نوێ، وەک قۆناغێکی پڕ لە گۆڕانکاری وەربگیرێت. ساڵێک کە "تاقیکردنەوەیەکی گەورەی مێژووییە" بۆ هەموو ئێرانییەکان و خەڵکی ئێران خۆیان ئامادە کردووە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان.

کۆتایی.


1 ساڵ و 4 مانگ و 22 ڕۆژ و 6 کاتژمێر و له‌مه‌وپێش‌

ئامانج و ستراتیژیەکانی یەکێتی


کوردستان، خەونی بنیاتنانی نەتەوە و سەربەخۆیی

کورد کە یەکێکە لە گەورەترین گەلانی بێ دەوڵەتی جیهان، بە درێژایی مێژوو هەمیشە لە پێناو مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی خەباتی کردووە. کورد لە چیاکانی زاگرۆسەوە تا دەشتەکانی موسڵ هەمیشە خۆی وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ و سەربەرز بینیوە کە کولتوور و زمان و شوناسەکەی وەک بەڵگەی زیندوو بۆ نەتەوەیەکی گەورە ماوەتەوە. ئەمڕۆ ئەم خەونە لە هەموو کاتێک نزیکترە لە واقیع.
مێژووی دوورودرێژی ستەم و ناعەدالەتی سەپێنراو بەسەر کورددا، ناتوانێت ڕێگری بکات لە گەشەکردنی ئیرادەی ئەم نەتەوەیە بۆ سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی. هەر جارەی بە دابەشبوونی سنووری و جوگرافی، کورد بە هێزێکی زیاترەوە لە خۆڵەمێش هەڵدەهات. هەر لە ڕێکەوتنی سایکس پیکۆوە تا چەندین شۆڕش و ڕاپەڕین، کورد هەمیشە بەرەنگاری سەپاندنی دەرەکی بووەتەوە و بەرگری لە مافەکانی کردووە.

ئەمڕۆ خەونی پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان تەنها ئامانجێکی سیاسی نییە، بەڵکو پێویستییەکی مێژووییشە. کەسانێک کە هەزاران ساڵە لەژێر هەژموون و کۆنترۆڵی ئەوانی تردا ژیاون، ئێستا مافی خۆیان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەیی خۆیان دەبینن. بۆچی کورد حکومەتی نەبێت؟ بۆ نابێ لە خاکێکدا بژین کە خۆیان بەڕێوەی دەبەن، بە یاسای خۆیانەوە، بۆ گەلی خۆیان و بەناوی ناسنامەی خۆیانەوە؟

ئێران، تورکیە، سوریا و عێراق هەمیشە بە سیاسەتی سەرکوت و دووبەرەکی هەوڵیان داوە پێش بە یەکڕیزی کورد بگرن. بەڵام مێژوو دەریخستووە کە هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت بۆ هەمیشەیی ئیرادەی نەتەوەیەک بۆ ئازادی و سەربەخۆیی سەرکوت بکات. دابەشبوونی ئێران و پێکهێنانی کوردستانی سەربەخۆ نەک هەر بە مانای شکاندنی سنوورە جوگرافییەکان، بەڵکو شکاندنی زنجیرە مێژووییەکانی ستەم و نادادپەروەریشە.

ئایندە هی ئەوانەن کە خەبات بۆ ئازادی و کەرامەت دەکەن. کورد ئەمڕۆ خەبات بۆ سەربەخۆیی دەکات، بەڵام ئەمە تەنها سەرەتایەکە. ئەو ڕۆژەی ئاڵای کوردستان شانبەشانی ئاڵاکانی تری جیهان هەڵدەگیرێت، ئەو ڕۆژە تەنها ڕۆژی سەرکەوتنی کورد نییە، بەڵکو سەرکەوتنی هەموو ئەو گەلانەیە کە باوەڕیان بە مافی چارەی خۆنووسین و دادپەروەری هەیە.

کورد چیتر نایەوێت تەنها چاودێرێکی مێژوو بێت، بەڵکو دەبێتە خوڵقێنەری داهاتووی خۆی. بە یەکڕیزی و ئیرادە و باوەڕبوون بە دەسەڵاتی خۆیان، ڕۆژێک *کوردستانی سەربەخۆ* جێگەی خۆی لەسەر نەخشەی جیهان دەبێت، وەک هێمای بەرخۆدان و وەستان و هیوا بۆ هەموو گەلانی ستەملێکراو.

په‌یوه‌ندی


کاکی ڕؤستەم ئالماسی 
[email protected]
یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان
[email protected]
watsapp
46700455523+

تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان


1- لینکی فه‌‌‌یسبووک
٢/ لینکی یوتوب

٣/ لینکی تویته‌‌‌ر