یه‌کێتی شۆڕشگێرانی کوردستان
Revolutionary Union of Kurdistan
شه‌ممه‌ 3 سه‌رماوه‌ز 2724

         

پەیامی ڕێکخراوی یاریکورد و یەکێتی شۆڕشگێڕی کوردستان بە بۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی نێونەتەوەیی ژنان

پەیامی ڕێکخراوی یاریکورد و یەکێتی شۆڕشگێڕی کوردستان بە بۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی نێونەتەوەیی  ژنان
یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان ڕێکخراوی یاریکورد

بە ناوی ڕێکخراوی یاری کورد و یەکێتی شۆڕشگێڕی کوردستان بە بۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان پیرۆزبایی لە سەرجەم ژنانی جیهان بەتایبەتی ژنانی کوردستان دەکەین.

لە سەدەی بیستەمدا ژنان لە وڵاتانی سەرمایەداریدا حەقدەستێکی کەمیان وەردەگرت و هیچ پلانێک بۆ پێشکەوتنیان لە بازاڕی کاردا نەبووە و فشار لەسەر ژنان بووە هۆی خەباتێکی مەدەنی بوێرانەی کە وایکرد ژنانی کرێکار بتوانن بزووتنەوەیەک دروست بکەن و هەر ئەم خەباتە بوو کە بووە هۆی دروستبوونی. ڕۆژی جیهانی ژنان.

٨ی مارس لە ساڵی ١٨٥٧دا بە ڕۆژی ژن ناوزەد کرا، کاتێک ژنانی کرێکار لە کارگەکانی جلوبەرگی نیویۆرک ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە زیادکردنی مووچە و کەمکردنەوەی کاتەکان. لە هێرشەکانی پۆلیس بۆ سەر خۆپیشاندەران، چەند ژنێک دەستبەسەرکران و ژمارەیەکی دیکەش کوژران و بریندار بوون.

لە ساڵی ١٩٧٨ نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریدا ڕۆژی ٨ی مارس وەک ڕۆژی جیهانی ژنان دیاری بکات. هەرچەند ڕۆژی ٨ی مارس وەک ڕۆژی جیهانی ژنان ناوزەد کراوە، بەڵام بەداخەوە لە زۆربەی وڵاتان و بەتایبەت کۆماری ئیسلامی ئێران، ژنان بۆیان نییە ئەم ڕۆژە بەرز بنرخێنن و هیچ ماف و ڕێزگرتنێک بۆ ژنان بەدی ناکرێت.

هەرکاتێک وشەی ڕۆژی ژن هاتە ئاراوە، پێویستە مرۆڤ لەبەردەم ئەو کچە شەرڤانانە کڕنۆش ببات و سڵاو و درود بنێردرێت بۆ قارەمانێتی و لێهاتووییان ، کە توانیان بە لێهاتووی و ئیرادەی پۆڵایین گەورەترین و دڕندەترین هێزی تیرۆریستی لە ناوچەکە تێک بشکێنن و ئیرادەی گەلی کوردستان بە سەر تیرۆریستادا زاڵ بکەن.
ژنانی کورد بە گشتی و کچانی دلێری ڕۆژئاوای کوردستان بە تایبەتی بە دەرکەوتنیان دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش توانیان ببنە سیمایەکی جوان بۆ نەتەوە و نیشتمانی کورد لە ئاست کوردستان و جيهاندا.
دەرکەوتنی ژنان لە شەڕی دژ بە داعش، سەرنجی هەموو جیهانی بەلای ئافرەتانی کوردا راکێشا. میدیاکانی رۆژئاوا گرنگییەکی زۆریان بە رۆڵی ژنە شەڕڤانەکان دا و چەندین فیلم و بەڵگە دۆکۆمینتارییان لەسەر کیژانی کورد بەرهم هێنا .
ڕۆڵ و کاریگەری ژنانی کورد لە باشووری کوردستان لە شەڕ دژی تاقمی تیرۆریستی داعش ، مێژوویەکی شکۆمەند و زێڕینە بۆ ئێستا و داهاتووی نەتەوە و نیشتمانی کورد

ئەمساڵ بە پێچەوانەی ساڵانی پێشوو هەشتی مارس ڕووخسارێکی جیاوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشان دا کە لە ڕێوڕەسمی بە خاک سپاردنی شەهید ژینا ئەمینی لە گۆڕستانی ئایچی سەقز بە شێوەیەکی بەرفراوان دروشمی ژن ژیان ئازادی لە لایەن ژنانی کورد و گەلی ڕاپەڕیوی کوردستان بەرز کرایەوە.
هەر زوو دروشمی ژن ژیان ئازادی هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە و دواتر باڵی کێشا بە سەر تێکرای وڵاتی ئێراندا و بە گشتی بوو بە دروشمێکی ناونەتەوەیی و رەمزی شۆڕش و بەرخۆدانی تێکرای گەلانی بندەستی ئێران.
«گۆڤاری لیبراسیۆن»ی فەرەنسی ئەم دروشمەی لەسەر بەرگی یەکەمی ژمارە ٢٥ی خۆیدا لەگەڵ وەرگێڕانی بە فەرەنسی و وێنەیەکی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستانی بڵاو کردەوە

دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ بزووتنەوەی میتوودی ڕۆژاویەکان هەیە کە
دروشمی ژن، ژیان، ئازادی جیاوازیەکی زۆری لە گەڵ بزووتنەوەکانی دیکەی جیهان هەیە ، بە ملیۆنان ژن، ڕاستەوخۆ بەرانبەر دەرەندەترین دەسەڵاتی ناوچەکە ئەویش کۆماری ئیسلامی ئێران هاتنە مەیدان و شەقامەکانیان هەژاند .

چەمکەکانی ژن و ژیان و ئازادی لە ئەدەبیاتی شۆڕشگێڕی و نەتەوەیی کوردیدا ڕەگ و ڕیشەی داکوتا و ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ لە گەشەکردندایە و پەرە دەستێنێ .
لە هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ئافرەتان خەبات و شۆڕشی ژنان لە ژێر دروشمی ژن ژیان ئازادی بەرز دەنرخێنین و ئەم ڕۆژە مەزنە لە تێکرای ژنانی جیهان و کوردستان پیرۆزبایی دەکەین

ڕێکخراوی یاریکورد و یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان


1 ساڵ و 8 مانگ و 15 ڕۆژ و 14 کاتژمێر و 31 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

ئامانج و ستراتیژیەکانی یەکێتی


کوردستان، خەونی بنیاتنانی نەتەوە و سەربەخۆیی

کورد کە یەکێکە لە گەورەترین گەلانی بێ دەوڵەتی جیهان، بە درێژایی مێژوو هەمیشە لە پێناو مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی خەباتی کردووە. کورد لە چیاکانی زاگرۆسەوە تا دەشتەکانی موسڵ هەمیشە خۆی وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ و سەربەرز بینیوە کە کولتوور و زمان و شوناسەکەی وەک بەڵگەی زیندوو بۆ نەتەوەیەکی گەورە ماوەتەوە. ئەمڕۆ ئەم خەونە لە هەموو کاتێک نزیکترە لە واقیع.
مێژووی دوورودرێژی ستەم و ناعەدالەتی سەپێنراو بەسەر کورددا، ناتوانێت ڕێگری بکات لە گەشەکردنی ئیرادەی ئەم نەتەوەیە بۆ سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی. هەر جارەی بە دابەشبوونی سنووری و جوگرافی، کورد بە هێزێکی زیاترەوە لە خۆڵەمێش هەڵدەهات. هەر لە ڕێکەوتنی سایکس پیکۆوە تا چەندین شۆڕش و ڕاپەڕین، کورد هەمیشە بەرەنگاری سەپاندنی دەرەکی بووەتەوە و بەرگری لە مافەکانی کردووە.

ئەمڕۆ خەونی پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان تەنها ئامانجێکی سیاسی نییە، بەڵکو پێویستییەکی مێژووییشە. کەسانێک کە هەزاران ساڵە لەژێر هەژموون و کۆنترۆڵی ئەوانی تردا ژیاون، ئێستا مافی خۆیان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەیی خۆیان دەبینن. بۆچی کورد حکومەتی نەبێت؟ بۆ نابێ لە خاکێکدا بژین کە خۆیان بەڕێوەی دەبەن، بە یاسای خۆیانەوە، بۆ گەلی خۆیان و بەناوی ناسنامەی خۆیانەوە؟

ئێران، تورکیە، سوریا و عێراق هەمیشە بە سیاسەتی سەرکوت و دووبەرەکی هەوڵیان داوە پێش بە یەکڕیزی کورد بگرن. بەڵام مێژوو دەریخستووە کە هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت بۆ هەمیشەیی ئیرادەی نەتەوەیەک بۆ ئازادی و سەربەخۆیی سەرکوت بکات. دابەشبوونی ئێران و پێکهێنانی کوردستانی سەربەخۆ نەک هەر بە مانای شکاندنی سنوورە جوگرافییەکان، بەڵکو شکاندنی زنجیرە مێژووییەکانی ستەم و نادادپەروەریشە.

ئایندە هی ئەوانەن کە خەبات بۆ ئازادی و کەرامەت دەکەن. کورد ئەمڕۆ خەبات بۆ سەربەخۆیی دەکات، بەڵام ئەمە تەنها سەرەتایەکە. ئەو ڕۆژەی ئاڵای کوردستان شانبەشانی ئاڵاکانی تری جیهان هەڵدەگیرێت، ئەو ڕۆژە تەنها ڕۆژی سەرکەوتنی کورد نییە، بەڵکو سەرکەوتنی هەموو ئەو گەلانەیە کە باوەڕیان بە مافی چارەی خۆنووسین و دادپەروەری هەیە.

کورد چیتر نایەوێت تەنها چاودێرێکی مێژوو بێت، بەڵکو دەبێتە خوڵقێنەری داهاتووی خۆی. بە یەکڕیزی و ئیرادە و باوەڕبوون بە دەسەڵاتی خۆیان، ڕۆژێک *کوردستانی سەربەخۆ* جێگەی خۆی لەسەر نەخشەی جیهان دەبێت، وەک هێمای بەرخۆدان و وەستان و هیوا بۆ هەموو گەلانی ستەملێکراو.

په‌یوه‌ندی


کاکی ڕۆستەم ئاڵماسی 
[email protected]
یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان
[email protected]
watsapp
46700455523+

تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان


1- لینکی فه‌‌‌یسبووک
٢/ لینکی یوتوب

٣/ لینکی تویته‌‌‌ر