ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی کۆماری ئازەربایجان، هێرشی چەکداری بۆ سەر باڵوێزخانەی وڵاتەکەی لە تاران بە "تیرۆریست" ناوبرد و جەختی کرد: هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر بارەگا دیپلۆماسییەکان جێگەی قبوڵکردن نییە.
بە وتەی بەشێک لە چالاکانی سۆشیال میدیا، ئەندامانی سپای پاسداران لە هێرشی سەر باڵوێزخانەی کۆماری ئازەربایجان لە تاران دەستیان هەبووە.
ئایخان حاجی زادە، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئازەربایجان، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی "تارت هابەر"ی تورکی، ئەگەری چۆڵکردنی باڵیۆزخانەی ئەم وڵاتەی لە تاران ڕاگەیاند.
لە وەڵامی پرسیاری پێشکەشکارەکە سەبارەت بە پاڵنەری هێرشبەرەکە، حاجی زادە وتی: باکو باوەڕی بەوە نییە کە هێرش بۆ سەر باڵیۆزخانەی کۆماری ئازەربایجان لە ئێران بە هۆکاری شەخسی ئەنجام درابێت.
هەروەها ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێرشی چەکداری بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە تاران شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند کە "دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس و ئەمنیەتی دەستوەردانیان کرد و دەستدرێژیکارەکەیان دەستگیرکرد، کە ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە".
کەنانی زیادی کرد: ئەنجامی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان ئاماژەن بۆ پاڵنەرە کەسییەکانی پشت ئەم کارە."