دکتۆر نووری دەرسیمی (١٨٩٢ – ١٩٧٣) لە کتێبی (دەرسیم لە مێژووی کوردستاندا) کە بەر لە حەفتا و یەک ساڵ لە حەڵەب بڵاوی کردووەتەوە، باس لە دیدارێکی خۆی و حەسەن خەیری لە ماڵی جەمشید ئاغای سەرۆک هۆزی فەرهادان لە هۆزات (خۆزات)ی دەرسیم لە ساڵی ١٩٢٤دەکات. لەو دانیشتنەدا کۆمەڵێک لە سەرۆک هۆزەکانی دەرسیم ئامادە بوونە. قسە و باسەکانی ئەم کۆبوونەوەیە بەتایبەتی گفتوگۆکانی نێوان حەسەن خەیری و نووری دەرسیمی دەتوانن کەمێک تیشک بخەنە سەر هەندێ لە پرسەکانی ئەو ڕۆژانە و جیاوازی دید و بۆچوونەکان لە نێو کورداندا بەگشتی و کوردانی دەرسیمدا بەتایبەتی دەربخەن و دەکرێت وەڵامێکیش بن بۆ هەندێ لێکدانەوەی سیاسیی ئەم ڕۆژانەی ئێستا.
دەرسیمی (دێرسیمی) هۆی وەبیرهێنانەوەی ئەو وتووێژەی لە دوای سی دەیە بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە پێی وابووە گرنگیی مێژوویی هەیە و دەکرێت بۆ ((هاوخوێنەکانی)) ببێت بە پەند و دەرسی لێ وەربگرن. ئەو کاتە حەسەن خەیری کەوتبووە بەر غەزەبی مستەفا کەمال و پەنای بردبووە لای سەید ڕەزا و خۆی لە دەرسیم حەشار دابوو. هێشتا خەونی ئەوەی هەبوو بگەڕیتەوە بۆ ئەنجوومەنی نیشتمانیی مەزنی تورکیا (پەڕلەمان) و جارێکی تر ببێتەوە بە نوێنەری دەرسیم لەوێ، بەڵام ئەمجارەیان نەک هاوپۆل و هاوبیری مستەفا کەمال بەڵکو لە سەر لیستی (تەرەقی پەروەر جمهورییەت فرقاسی – پارتی کۆماریی پێشکەوتنپەروەری تورکیا). ئەم پارتە وەک هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن لە بەرامبەر پارتی گەلی کۆماریی مستەفا کەمال لە ١٧ نۆڤەمبەری ١٩٢٤ دامەزرێنرا. ئەوانەی لە دژی تاکڕەویی مستەفا کەمال بوون ئەم پارتەیان دامەزراند و کەسانی ناسراو وەن پێگەی وەک کازم قەرەبەکر پاشا و ڕەووف ئۆربای و عەلی فوئاد و ڕەفعەت بەگ و ٢٥ کەسایەتی دیاری نێو بزووتنەوەی کەمالی و ئەو سەردەمەی تورکیا لە حیزبەکەی مستەفا کەمال جیابوونەوە و ئەم پارتەیان دامەزراند. هەموو ئەمانە لە بزووتنەوەی سەربەخۆییدا ڕۆڵی دیاریان هەبوو و خاوەن پلە و پایەی بەرز بوون و لە بەرامبەر مەیلی دیکتاتۆری و دەسەڵاتخوازیی مستەفا کەمالدا پرینسپەکانی لیبیرالیزم و دیموکراسییان وەک بنەمای سەرەکی بۆ پارتەکەیان ڕاگەیاند. مستەفا کەمال لە وتارە پێنج ڕۆژییەکەیدا (نطق) هێڕشی توندی کردە سەر ئەمانە و بە ناپاک و خیانەتکار و دژی نیشتمان تۆمەتباری کردن و سەرهەڵدانی ١٩٢٥بە هەل زانی بۆ ئەوەی ئەم حیزبە و هەموو گروپ و کەسە ناڕازییەکان بێدەنگ و قەدەغە بکات. حەسەن خەیری وەک هاوپۆلێکی مستەفا کەمال و ئەفسەرێکی سوپای عوسمانی و کوڕی سەرۆک هۆزێکی ناودار و نوێنەری دەرسیم لە هەردوو مەجلیسی مەبعوسان و نیشتمانیدا، خۆی لە مستەفا کەمال بە کەمتر نەدەزانی و چەند جارێک لە مەجلیسدا چوو بوو بەگژیدا و بە دیکتاتۆر و دەسەلاتخواز و هاوبیری ئەنوەر پاشا تۆمەتباری کردووە. دەوترێت گوایە جارێکیان دەمانچەشی لێ ڕاکێشاوە و لە کۆتاییشدا چووە پاڵ نەیارەکانی و لە نیو ئەو پارتەی ئۆپۆزیسیۆندا جێگای گرت. مستەفا کەمالیش زۆر لێی بەداخ بوو و بۆ هەلێک دەگەڕا لە نیوی ببات. ئەمانە هەموویان ناچاریان کردبوو پەنا بباتە بەر دەرسیم و سەید ڕەزا و لە چاوەڕوانی ئەوەدا بێت لە ڕێگای ئەم پارتەوە بگەڕێتەوە بۆ پەڕلەمان و ڕووبەڕووی دیکتاتۆریی مستەفا کەمال ببێتەوە. ئەم پارتە لە داڕشتنی دروشمەکانیدا بارودۆخی کۆمەڵگای تورکیای لەبەر چاو نەگرتبوو، کۆمەڵگایەک کە هێشتا لە سەدەکانی نێوەڕاستدا دەژیا، ڕێژەی نەخوێندەواری زیاتر لە ٩٠٪ بوو، هەزاران گوند بێ قوتابخانە و نەخۆشخانە بوون، بەشی هەرە زۆری دانیشتوان بەسەر خێل و هۆزدا دابەش ببوون و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و هۆشیاری سیاسی لە زۆربەی ناوچەکانی تورکیا لە ئاستێکی زۆر نزمدا بوو، بۆیە ئەو پارتە بەرگەی فشارەکانی ڕژێمی کەمالی نەگرت و وەک زۆر لە نووسەران دەڵین بە مردوویی لە دایک بوو و لە دوای شەش مانگ قەدەغە کراو و ناوی لە ناواندا نەما.
بێمەوە سەر ((وتووێژە مێژووییەکەی)) حەسەن خەیری و نووری دەرسیمی. دەرسیمی لە زمانی حەسەن خەیرییەوە دەگڕێتەوە کە لەو دانیشتنەدا وتوویەتی ((کاتێ لە کۆنفرانسی ئاشتیی لۆزان باس لە پەیماننامەی سێڤر کرا ، پرسیارێک هاتە گۆڕێ سەبارەت بەوەی ئایە کوردەکان دەیانەوێت لە گەڵ تورکدا بمێننەوە یا نا؟. لەو بارەیەوە نامەیەک گەیشتبووە ئەنجوومەنی نیشتمانیی مەزنی تورکیا بۆ ئەوەی لەم بارەیەوە ڕوونکردنەوە بدات. مستەفا کەمال کۆبوونەوەیەکی نهێنی لەگەڵ نوێنەرانی کورددا لە مەجلیس کرد و ویستی بیرورایان لەو بارەوە بزانێ. من داوام کرد قسە بکەم و زۆر بەڕاشکاوانە ڕامگەیاند کە بە هێچ شیوەیەک کورد نایەوێت لە تورکەکان جیا ببێتەوە. پەنام بۆ ڕووداوە مێژووییەکان برد لە کاتی حەزرەتی معاویەوە تا ئەم ڕۆژانە بۆ پشتیوانی لە قسەکانم. مستەفا کەمال ئەم قسانەی منی ئەوەندە بەدڵ بوو، پێی دەکوتا بە ئەرزا و بەگەرمی چەپڵەی بۆم لێدەدا. تەنانەت تکای لێ کردم بۆ ڕۆژی دواتر بە جلی کوردییەوە بێم بۆ مەجلیس، من و نوێنەرانی کوردی هاوڕێم هەموو بە جل وبەرگی میللی کوردییەوە چووینە مەجلیس و تەلیگرافمان نارد بۆ کۆنفرانسی لۆزان کە نامانەوێت لە تورکەکان جیا ببینەوە)).(Dersimi, S. 189) (.
دەرسیمی دەڵەیت حەسەن خەیری لە دوای ئەم قسانەی بە تەوزەوە سەیرێکی ئەمی کردووە و وتوویەتی((هاوڕێم دکتۆر نووری وا چەندین ساڵە خەریکی خەباتە بۆ سەربەخۆیی کوردستان، ئەم کارە دەرسیم لەنێو دەبات، دکتۆر نوریم زۆر خۆشدەوێ بەڵام لەگەڵ ئەم ئامانجەیدا نیم. بۆ ئێمە هاوپەیمانی لەگەڵ تورکەکاندا و پێشخستنی گەلەکەمان گرنگە و ئەوجا ڕزگاری بەخۆی دێت...تاد)) هەندێ لەم قسانە. لێرەدا زۆر بە ڕوونی حەسەن خەیری ئامانج و بەرژەوەندی دەرسیم لە ئامانج و بەرژەوەندی گشیی کوردستان نەک هەر جیا دەکاتەوە، بەلکو بە ناکۆکیان دادەنێت. لە بەرامبەردا دکتۆر نووری دەرسیمی نوێنەرایەتی ئەو بەشەی کوردانی دەرسیم دەکات کە داهاتوو و چارەنووسی خۆیان لە کوردستانێکی ئازدا و سەربەخۆدا دەبێنن.
نووری دەرسیمی دەڵێت منیش لە وەڵامدا پێم وت((بەڕێز خەیری بەگ، تۆ ئێستا نوێنەرێکی کوردی دابڕاوی لە تورکەکان و لەبەر ئەوەی ئەندامی پارتی تەرەقی پەروەری کەوتوویەتی بەر غەزەبی مستەفا کەمال، بە ئومێدی ئەوەی لە سایەی ئەم پارتەدا جارێکی دیکە ببیتەوە بە نوێنەری دەرسیم، بەڵام لە مەیاندا بەهەڵەدا چووی، ڕۆژێک دێت ناتوانی ناوی کورد بێنی، لەبەر ئەوەی ئێستا حکوومەتی تورک لە بارێکی داتەپیودایە، کە دەڵێی کوردم بەڕووتدا پێدەکەنێ، جلی کوردیت پێ لەبەر دەکات، بەڵام ئەو کاتە دێت کە لەبەرکردنی جلی کوردیت بەتاوان بۆ لەقەڵەم دەدەن)). دواتر لە دادگاکردنیدا یەکێ لەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی حەسەن خەیری کرایەوە ئەم مەسەلەی چوونی بوو بە جلی کوردییەوە بۆ مەجلیس. هەروەها دەرسیمی پێی وتووە ((نابێ ئێمە ئەم هەلە لەدەست بدەین و دەبێ پەیوەندیمان لەگەڵ تورکەکاندا ببڕین، ڕەنگبێ بەو نامەی کە بۆ لۆزانتان ناردووە گۆڕی خۆتان هەڵکەندبێ)). دواتر نووری دەرسیمی دەڵیت((بەداخەوە حەسەن خەیری تورکی باش نەناسیبوو، دیارە پاش ئەوەی بڕیاری لەسێدارەدانی درا لەوە تێگەیشتبوو و پەسنی ئەوانەی دابوو کە لە ڕێگای سەربەخۆیی کوردستاندا گیانیان بەخت کردبوو، بۆیە لەبەردەم داری سێدارەدا هاوار دەکات (( بژێ گەلی کورد، ئەی شەهیدانی کوردستان وا حەسەن خەیریش دێتە لاتان و باوەشتان پیدا دەکات)) (( هەمان سەرچاوە، ل. ١٩٠)).
لێرەدا نووری دەرسیمی بانگ لە گەنجی کورد دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە بە گێڕانەوەی ئەم باسانە دیمەنێکی مێژوویی کارەستباری خستووەتە بەردەمیان بۆ ئەوەی پەندی لێ وەربگرن و بزانن کە (( بێ نرخترین شت لە دونیادا ئەو سۆزی شەرەفەیە کە تورک دەیدات)). دکتۆر نووری دەرسیمی خاوەن وتارێکی کوردپەروەرانە و نیشتمانپەروەرانەیە و هەندێ لە وتە و دروشمەکانی لەگەڵ ئەوانەی گوایە حەسەن خەیری لەبەردەم داری سێدارەدا وتوونی تێکەل بەیەک کراون.
بۆ لێکدانەوەی دەقی ئەم وتانەی نووری دەرسیمی و حەسەن خەیری هەندێ پرس دێنە ئاراوە:
یەکەم: دەرسیمی لە دوای تێپەڕبوونی سی ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژانەدا کە ئەم قسە و باسانەیان تیدا کراون، لە ئاوارەییدا ئەم قسانە لە کتێبەکەیدا دەگێڕیتەوە. ڕێی تێناچێ ڕووداوەکانی ئەو سی ساڵە کە پڕ بوون لە کارەسات و کوشتار و وێرانکاری لە باکووری کوردستان ڕەنگەیان لەم بۆچوونانەیدا نەدابێتەوە و لەبەر ڕۆشنایی ئەو ئەزموونانە باسی ڕووداوەکانی سەرلەنوێ دانڕژتبێتەوە. هیچ سەرچاوەیەکی دیکەمان لە بەردەستدا نییە ئەم وتانە پشتڕاست بکاتەوە یا پێچەوانەکەی بخاتە ڕوو. زۆر لە نووسەران تەنها سەرچاوەیان بۆ ئە،م باسانە ئەم گێڕانەوەیەی دەرسیمییە.
دووەم: دکتۆر نووری دەرسیمی کەسایەتییەکی سیاسی کوردی چالاکی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمە و ئاگاداری زۆر لە ڕووداوەکانی چارەکەی یەکەمی باکووری کوردستان و زیاتر لە سێ دەیەی ڕۆژئاوای کوردستانە. ئەو لە هەردوو کتێبەکەیدا زانیاری زۆری سەبارەت بە مێژوو، جوگرافیا، خو و نەریت، ئایین و هۆزەکانی دەرسیم و ڕووداوەکانی ئەو دەڤەرەی کوردستان تۆمار کردووە. ئەم دوو کتێبەی بوونە بە سەرچاوەی ڕەسەنی لێکۆڵینەوە لەو دەڤەرە. لە هەمان کاتدا وەک هەموو کەسایەتی و سیاسەتمەدارانی کوردی سەد ساڵی ڕابڕدوو بەشێکی گرنگی بیرەوەری و نووسینەکانی بۆ پەسنی دووربینی و دید و بۆچوونەکانی تەرخان کردووە و بە مەبەست بووبێ یان نا لەم گێرانەوانەدا ڕۆڵی خۆی گەورە پیشان داوە.
سێیەم: هەرچەندە ئەوە زانراوە کە دکتۆر نووری دەرسیمی ئەندامێکی چالاکی بزووتنەوەی کوردی و ئەندامی کۆمەڵەی تەعالی کوردستان و دواتریش خۆیبوون بووە و نوێنەرایەتی ئەو بەشەی کوردانی دەرسیمی کردووە کە ئازادی و بەختەوەری خۆیان لە سەربەخۆیی کوردستاندا بینیوە، لەبەرامبەر ئەوانەی پرسی دەرسیمیان بەدابڕوای لە گەڵ دۆزی گشتیی کورددا داناوە، پێدەچێت حەسەن خەیری نوێنەرێکی دیاری ئەم ڕەوتەی دووەم بووبێت.
چوارەم: دیارە حەسەن خەیری لەو گۆشەنیگاوەوە بەشداری لە بزووتنەوەی گشتیی کوردیدا نەکردووە و باوەڕی بەوە بووە کە دانیشتوانی دەرسیم دەبێ فێری خوێندەواری بکرێن و گەشەی کۆمەڵایەتی ناوچەکانیان بگرێتەوە و پێشکەوتنی جڤاکی و هۆشیاری سیاسی بەدەست بێنن و سیستەمی خێلەکی لاواز بکرێت، بۆیە ئەو بەگەرمی لەگەڵ ناوەندە عەلمانییەکانی تورکیادا کاری بۆ جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت و نەهێشتنی حوکمی شەریعەت کردووە. ئەو پێی وابووە تەنها ئەو کاتە ئازادی بە خۆی دێت. پێموایە ڕووداوەکانی سەدەی ڕابردووی کوردستان بەشێکی ئەم تێزانەی حەسەن خەیریان پشتڕاست کردووەتەوە. بۆیە ناکرێت وەک بەشدارێکی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی سەیر بکرێت و وا لەقەڵەم بدرێت کە خیانەتی لێی کردووە، ئەو لە بنەڕەتەدا لە دەرەوەی ئەو چوارچیوەیە کاری کردووە. باوەڕی بەوە بووە خۆبەڕیەوەبەرێتییەک بۆ دەرسیم و ناوچەکانی کوردانی عەلەوی دروست بکرێت. هەرچەندە بە تۆمەتی پشتگیری لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٢٥ لە سێدارە درا، بەڵام ئەو لە گەڵ دروشمەکانی شێخ سەعید و یاوەرانیدا نەبووە بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەدنییان بە گێڕانەوەی حوکمی شەریعەتەوە هەبوو. فەرماندەی بەرەی ئەلعەزیزی ڕاپەڕینی ١٩٢٥ شێخ شەریف ماڵەکەی بەزۆر داگیر کردبوو و بەزۆریش تەلیگرافی پێ نارد بۆ سەرۆک هۆەکانی دەرسیم، ئەو تەلیگرافەی دواتر کرا بە بەڵگەی تاوانبار کردنی و بە هۆیەوە لەسیدارە درا.
پێنجەم: ئەو لە دژی دیکتاتۆری مستەفا کەمال وەستایەوە و هەوڵی ئەوەی دەدا لە ڕێگای ئۆپۆزیسیۆنی سیاسییەوە دەسەڵاتی لە دەست دەربێنن و تورکیا بە ڕێگای لیبیرالیزم و دیموکراسیدا ببەن. ڕەنگبێ ئەو کاتەی ئەم وتووێژەیان لەگەڵ دکتۆر نووری دەرسیمیدا لە ساڵی ١٩٢٤ کردووە بەبیریدا نەهاتبێ دەسەڵاتی کەماڵی ئەو هەموو کارەساتە بەسەر کورددا دێنێت و کوشتاری و وێرانکاری ترسناکیش لە دەرسیم ئەنجام دەدات.
شەشەم: بەپێی چەند سەرچاوەیەک حەسەن خەیری لەبەردەم دادگادا سەر دانەنواندووە و ئامادە نەبووە داوای لێبووردن لە مستەفا کەمال بکات بۆ ئەوەی لێی خۆش بێت، کاتێ یەکێک لە دادوەرەکان کە لە هەمان کاتدا لە مەجلیسدا لە گەڵیدا بووە و دەیزانێ خەیری و مستەفا کەمال هاوپۆل بوونە و باش یەکتری دەناسن، بەوەش قایل نەبووە وەک ئاغا و سەرۆک هپۆزەکانی دیکەی کورد بۆ ڕۆژئاوای تورکیا دوور بخرێتەوە.
لە وتاری داهاتوودا تیشک دەخەمە سەر هەندێ بابەتی دیکەی ئەم کتێبانەی دکتۆر نووری دەرسیمی سەبارەت بە چەند پرسێکی بزووتنەوەی نیشتمانیی کورد لە نیوەی یەکەمی سەدەی ڕابردوودا.
بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە ئەم دوو کتێبەی دکتۆر نووری دەرسیمی:
1. Vet. M. Nuri Dersimi, Kürdıstan Tarihinde Dersim, Halep. Ani Matbaası, 1952.
2. Vet. Dr. M. Nuri Dersimi, Dersim ve Kürt Milli Mücadelesine Dair Hatıratım, Sadeleştirerek, Notlayarak ve Resimleyerek yayına hazırlayan Mehmet Bayrakö Öz-ge yayınları, Ankara 1992.
نووسینوەرگیراو لە گۆڤاری نووسین نووسین