نێڵسۆن ماندێلا و ماهاتما گاندی بە ئەنقەست لە رای گشتیی جیهانیدا کراون بە سەمبۆلی ئاشتیخوازی و خەباتی مەدەنی. سەرکەوتنی ماندێلا بەسەر ئاپارتایدی ئافریقای باشوور و سەربەخۆیی هیندوستان بەرهەمی خەباتی چەکداری بوون نەک خەباتی مەدەنی. لە هەر دوو وڵاتدا پێشتر خەباتی مەدەنی تووشی شکست هاتبوو و گواسترابۆوە بۆ خەباتی چەکداری و توندوتیژانە.
نێڵسۆن ماندێلا:
ماندێلا نزیکەی ١٥ ساڵ بە شێوەی مەدەنیانە لە رێکخراوی کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقادا خەبات دەکا، بەڵام کە دەزانی هیچ دەستکەوتی نیە و حکوومەت زیاتر گوشاریان بۆ دێنێ و چالاکییەکانیان و رێکخراوەکەیان قەدەغە دەکا، ساڵی ١٩٦١ خەباتی چەکداری دەست پێ دەکا. دوای ئەو کاتە، نێڵسۆن ماندێلا هیچکات خوازیاری ئاشتی لەگەڵ رێژیمی ئاپاڕتاید نەبووە و ستراتێژی ئازادیی ئەفریقای باشووریش هیچکات مەدەنیانە نەبووە. ماندێلا ساڵێک دواتر دەگیرێ و زیندانی دەکرێ. لە ماوەی ٢٧ ساڵ زینداندا بە دەیان جار لە لایەن حکوومەتەوە پێشنیاری ئازادکرانی پێ دەدرێ، بەڵام هیچکات رازی نابێ لە بەرامبەر ئازاد کرانی، فەرمان بە رێکخراوەکەی بکا کە واز لە خەباتی چەکداری و توند و تیژانە بێنێ. ئەو دەیزانی دیکتاتۆڕ لە زمانی ئاشتی تێناگا، بۆیە لە تەواوی ماوەی زینداندا وازی لە تاکتیکی شەڕ نەهێنا. پەیامی ماندێلا روون بوو: “ناتوندوتیژی پڕەنسیپێکی ئەخلاقی نیە، بەڵکوو ستراتێژییە و بەکارهێنانیشی وەکوو چەکێکی ناکاریگەر رەوشتێکی جوان نیە”. بەکارهێنانی گوتاری ئەخلاقی و قەناعەت پێکردن بە سەرکوتکەر ناتوانێ کلیلی سەرکەوتن بێ. لە ئەنجامدا، هێرشەکانی رێکخراوەکەی بۆ سەر دامەزراوە حکوومییەکان و کۆمپانیا رۆژئاواییەکان و تەقاندنەوەی لوولەی نەوت و هەندێک شوێنی دیکە، حکوومەتی ناچار کرد مل بۆ دانوستان لەگەڵ ماندێلا شۆڕ بکا. ساڵی ١٩٨٦ وتەبێژی کۆمپانیای نەوتیی “شێڵ” کە ئەو کات پشتگیری لە رێژیمی ئەفریقای باشوور دەکرد، رایگەیاند کە بایکۆتی کۆمپانیاکەیان لە لایەن خەڵک و وڵاتانەوە هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی بەسەر داهاتی کۆمپانیاکەیاندا نەبوو، بەڵام هێرشەکانی رێکخراوی کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقا لە رووی ئابوورییەوە زیانێکی یەکجار زۆری پێ گەیاندبوو.
ماهاتما گاندی:
ماهاتما گاندی ساڵی ١٩٢٠ کەمپەینێکی گەورەی خەباتی ناتوندوتیژی بەڕێوە دەبا، وەکوو بایکۆتی کاڵای ئینگلیزی و مانگرتن و پشتگیری بەرهەمی ناوخۆ و رێپێوانی مەدەنیانە. لەو ماوەیەدا سێ خۆپێشاندەر بە دەست پۆلیسەوە دەکوژرێن. خەڵکەکەش لە بەرامبەردا هێرش دەبەنە سەر بنکەیەکی پۆلیس و ٢٢ پۆلیس دەکوژن. گاندی بڕیار دەدا لە سەرانسەری هیندوستان کەمپەینەکە رابگیرێ، بەڵام راگرتنی کەمپەینەکە دەبێتە هۆی ئەوەی باڵەکانی نێو ئەو بزووتنەوەیە بکەونە دژایەتییی یەکتر، بە تایبەت لە نێوان گرووپە مەزهەبییەکاندا. ئەوەش ئەو پڕەنسیپەمان وەبیر دێنێتەوە کە خەبات نەکردن لە دژی دەسەڵات (ئەستوونی)، دەبێتە هۆی دژایەتی نێوخۆیی (ئاسۆیی). بە شێک لە خەڵکەکە لە دژی پۆلیس چەکیان هەڵگرت. نووسەرێکی سۆسیالیستی لایەنگری خەباتی مەدەنی بە ناوی بهاگات سینگ گرووپێکی چەکداری دروست کرد و بۆمبێکی لە نێو پاڕلماندا تەقاندەوە. سینگ لەگەڵ دوو لە هاوڕێیانی دەستگیر کران و لە سێدارە دران. سینگ وەکوو شەهید و قارەمانی نەتەوەیی ناسرا و جەماوەرێکی یەکجار زۆر دوای ئەو رووداوە چەکیان هەڵگرت و تەڤلی خەباتی چەکداری بوون.
یەکێک لە رێبەرە هەرە ناسراوەکانی خەباتی چەکداری لە هیندوستان “سوبهاس چاندرا” بوو کە سەرۆکی رێکخراوی “کۆنگرەی نەتەوەیی هیند” بوو کە گەورەترین رێکخراوی سەربەخۆییخوازی سەر بە گاندی بوو. بەڵام دوای ئەو رووداوانە لە گاندی جیا بۆوە و رێکخراوێکی نوێی بە ناوی “سوپای نیشتمانی هیند” دروست کرد کە لە ٤٠ هەزار چەکدار پێکهاتبوو و هاوپەیمانێتی لەگەڵ ژاپۆن پێکهێنا لە دژی ئینگلیزەکان. ساڵی ١٩٤٢، کۆنگرەی نەتەوەیی هیند سەر بە گاندی، کەمپەینێکی دیکەی خەباتی مەدەنی وەڕێخست، بەڵام هەر لە یەکەم رۆژەکانەوە سەرکوت کرا و زۆربەی ئەندامەکانیان رەوانەی زیندان کران. دیسان خۆپێشاندەران ناچار بوون هێرش بکەنەوە سەر پۆلیس و هەندێک ناوەندی دیکە و کاری توندوتیژی ئەنجام بدەن. هەندێک هەرێمی هیندوستان لە لایەن خەڵکەوە کۆنتڕۆڵ کران و حکومەتی سەربەخۆیان راگەیاند، بەڵام ساڵی ١٩٤٤ گاندی فەرمانی پێ کردن کە هەڵبوەشێنەوە.
ساڵی ١٩٤٦ چەند ئەفسەری رێکخراوی سوپای نیشتمانی هیند کە لە خەباتی چەکداری دا بوون، لە لایەن حکوومەتەوە دادگایی کران کە بوو بە هۆی بەرز بوونەوەی هەستی نەتەوایەتیی جەماوەر و گەورەتر بوونەوەی رێکخراوەکە. ئەوە بووە هۆی ئەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتن بکەوێتە نێو هێزی دەریایی هیندوستان و ٢٠ هەزار کەس لە هێزی دەریاوانی چونە نێو مانگرتنەوە و هیزی دەریاوانیان لە چالاکی وەستاند. لە ئەنجامدا، پاشایەتیی بڕیتانیا ملی بۆ دانوستان شۆڕ کرد، بەڵام دوای رێککەوتن، بریتانییەکان خەیانەتیان لە رێککەوتنەکە کرد و زۆربەی مانگرتووانیان دەستگیر کرد و بەرەورووی دادگای نیزامییان کردنەوە.
ساڵی ١٩٤٧ سەرۆک وەزیری بڕیتانیا رایگەیاند کە بزووتنەوەی مەدەنی گاندی گوشارێکی ئەوتۆی بۆ سەر بڕیتانیا دروست نەکردبوو، بەڵکوو رێکخراوی سوپای نیشتمانی هیند و هێزی دەریاوانی بوون کە پاشەکشەیان بە بریتانیا کرد تا سەربەخۆیی هیند قەبووڵ بکا.
مێژوونووس “رامێش چاندرا ماژومدار” دەڵێ : “ئەوەیکە بزووتنەوەی مەدەنی و نافەرمانیی مەدەنی هیندوستانی بەرەو سەربەخۆیی بردبێ، بێ بنەمایە، چونکە کەمپەینەکانی خەباتی مەدەنیی گاندی ١٤ ساڵ بەر لە سەربەخۆیی بە تەواوی کۆتاییان پێ هاتبوو.
لە کاتی دانوستان بۆ سەربەخۆیی، ئینگلیزەکان بە ئەنقەست گاندییان بانگهێشت کرد تا وەک لایەنی سەرەکیی بیناسێنن و هیچ گرنگییان بە رێبەرانی خەباتی چەکداری و لایەنەکانی دیکە نەدا. هەروەها سوبهاس چاندرا سەرۆکی رێکخراوی سوپای نیشتمانی لە ساڵی ١٩٤٥ـەوە تا ئێستاش بێ سەروشوێنە و تەرمەکەشی نەدۆزراوەتەوە. بریتانیەکان تەنیا دژی ئەوە نەبوون کە خەباتکارانی راستەقینەی هیند بەشێک بن لە دانوستانی سەربەخۆیی، بەڵکوو دژی ئەوش بوون ناویان بهێندرێ و دەیانویست لە رای گشتی هیندوستان و جیهان بسڕدرێنەوە. تەنانەت راگەیاندنەکانی بڕیتانیا وەکوو بی بی سی قەدەغە کرابوون کە هەر جۆرە هەواڵ و زانیارییەک لە سەر رێکخراوی سوپای نیشتمانی هیند بڵاو بکەنەوە، لەبەر ئەوەی نەبێتە ئیلهام بۆ کۆڵۆنییەکانی دیکەی بڕیتانیا. لە بەرامبەردا بودجەیەکی زۆر بۆ ژیانی گاندی و زەق کردنەوەی گاندی لە جیهاندا تەرخان کرا و دەیان و سەدان تێز و کتێب و رێپۆرتاژ و فیلمیان لێ بەرهەم هێنا تا رای گشتیی جیهان بە لاڕێدا ببەن و تەنیا گاندی بکەن بە قارەمانی سەربەخۆیی و خەباتی مەدەنیانە و رەشکردنی خەباتی چەکداری.
ـــــــــــــــــــ
سەرچاوە: کتێبی “هەموو شێوەکانی بەرگری” لە نووسینی “ئەریک مەک بەی”