دامەزرانی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان تروسکانەوەی ئەو ئاسۆ ڕوونە بوو کە ئێستا بەرهەمەکەی بۆتە ڕەوتی سەربەخۆییخوازان.
٣٠ ی گوڵانی ساڵی ١٩٩١ لە شەوەزەنگی خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد و، لە هەلومەرجێکی هەستیاری مێژوویی دا و، بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانی، بە هەوڵ و هیمەتی دڵسۆزانی گەل و خاک و نەتەوە و نیشتمان ، شۆڕشێکی نوێ، بە گوتار و هزری نوێی سەربەخۆییخوازی کە لەو سەردەم دا وەک خاڵی وەرچەرخان بەرەو نوێگەری چاوی لێدەکرا و هێنانە گۆڕی پرسی سەربەخۆییخوازی لە لای هەندێک لە حیزب و لایەنەکان وەک تابۆ چاوی لێدەکە.
دامەزرانی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان وەرسووڕانێکی مژووی بوو لە خەبات و تێکۆشانی چەندین دەیەی ڕابردووی گەلی کورد لە کوردستان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ئەگەر پێشتر حیزب و لایەنەکان تەنیا خۆیان بە خودموختاری بۆ کوردستان و دێموکراسی بۆ ئێران و یا بە گشتی مانەوە لە چوارچێوەی ئێرانی دەستکرد دا دەدیتەوە، ئەوە ئەمجارە گوتارێکی نوێ لە شەقامی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتە ئاراوە و ئەویش بیر و هزری سەربەخۆییخوازی بوو کە بووە ڕێچکە و ڕێڕەوی خەباتی نەتەوایەتیی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان.
دیارە مێژووی بیر و هزری سەربەخۆییخوازای تەنیا ناگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دامەزرانی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، بەڵکوو مێژووی سەدان ساڵەی هەیە و نەتەوەی کورد لەو پێناوە دا لە ماوەی سەدان ساڵەی ڕابردوودا ، هەزاران قوربانی بۆ داوە .
شۆڕشەکانی گەلی کورد لە شۆڕشی دێرسیم و شێخ سەعیدی پیرانەوە تا دەگاتە شۆڕشی بارزان و شەهید سمکۆ و پێشەوا قازی محەممەد و شۆڕشی نوێ هەر هەموویان گۆش ئامان.
بەڵام ئەوەی جێگەی داخە، لە ماوەی نزیکەی ٦٠ ساڵی ڕابردۆوە خەباتە لە سەر ئاستی بەرزی سەربەخۆییخوازی ڕا بچووک کراوە بۆ سەر ئاستی ئێرانی بوون و مانەوە و داواکاریی ماف لە ئێرانیەکان کە ئەمەش تا ڕادەیەکی زۆر خەباتی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تووشی ماندوویەتی و بێ هیوایی کرد و سەرەڕای ئەو هەموو قوربانیەی بۆ دێمۆکراتیزە کردنی ایران درا، بەڵام دەستکەوت نە لە ئاستی چاوەڕوانی دابوو نە لە ئاستی تێچووەکانمان دا .
ئەگەر بە کورتی خەسارناسیەکی خەباتی ٦٠ ساڵی ڕابردوومان بکەین کە تێیدا حیزب و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەند ساڵ پاش نەمانی کۆماری کوردستان و لە سێدارە دانی پێشەواکەی، ویست و خواستی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتیان لە سەربەخۆییخوازییەوە کە مافی بێ ئەملاو ئەولای نەتەوەی کوردە ، بۆ پرسی مانەوە لە چوارچێوەی ئێراندا و جاریک لە ژێر ناوی خودموختاری و جاریک لە ژێر ناوی فیدراڵخوازی بچووک و بچووکتر و کەم بایەخ کرد.
سەرەڕای هەموو ئەم خەسارانە ، بە خۆشحاڵیەوە ئێستا کەم نین ئەو تاک و هێز و لایەنانەی پرسی سەربەخۆیی بۆ کوردستانیان کردۆتە ڕێبازی خەبات و تێکۆشانیان کە بە داخەوە ئەویش ئەو جۆرەی پێویستە نەتوانراوە ڕیزەکانی خۆیان ڕێکبخەن، کە هومێد دەکەم ئەو ڕەوتەی ئێستاکە لە ژێر ناوی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان هاتۆتە ناو گۆڕەپانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ، ببێتە مایەی هیوا و هومێدی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بۆ یەکڕیزی و یەکدەنگیی ناو ماڵی کورد بە گشتی و سەربەخۆییخوازان بە تایبەتی.
یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان کە یەکێک بووە لە بناغەدانەرانی ئەم هاوپەیمانییە، بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی مێژوویی و وەک ئەندامی چالاکی هاوپەیمانی، داوا لە گشت هێز و لایەن و تاکی سەربەخۆییخوازی کوردستان دەکا کە لە دەوری چەتری هاوپەیمانی کۆببنەوە تاکوو پێکەوە و دەست لە ناو دەستی یەک، هاوشان و هاوخەبات بین بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی کورد و کوردستان.
لە کۆتاییدا لە ساڵڕۆژی دامەزرانی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، وێڕای پیرۆزبایی گەرمی خۆم لە هەموو خەڵکی کوردستان و سەربەخۆییخوازانی کورد بە گشتی و ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان بە تایبەتی، دڵنیاتان دەکەمەوە کە تا گەیشتن بە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە خەبات و تێکۆشانمان بەردەوام و شێلگیر دەبین و گەشبینین کە خەباتی نەتەوایەتی و ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان سەردەکەوێ.
کاکی ڕۆستەم ئەڵماسی
ڕێبەری یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان
٣٠ ی گوڵانی ٢٧٢٢ کوردی
٢٠ مەی ٢٠ ٢٢ میلادی