اتحادیه انقلابی کردستان
Revolutionary Union of Kurdistan
یکشنبه 15 مهر 1403

       

وتووێژی ناوەندی ڕۆژی کورد لە گەڵ کاکی ڕۆستەم ئەڵماسی

وتووێژی ناوەندی ڕۆژی کورد لە گەڵ کاکی ڕۆستەم ئەڵماسی
کاکی ڕۆستەم ئاڵماسی

وتووێژی ناوەندی ڕۆژی کورد لە گەڵ کاکی ڕۆستەم ئەڵماسی

ڕۆژی کورد:  ڕەوشی جیهان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی لە گۆڕانکاری خێرا و بنەڕەتی دایە، ڕژیمی سەدام حوسێن تێکڕووخا و هاوکات لە ئەنجامی بەهاری عەڕەبی دا کۆمەڵێک وڵاتی وەک توونس، لیبی و میسر توانیان بە سەر دیکتاتۆری دا زاڵ بن ، کورد لە باشوور توانی لە کوردستانی داگیرکراو لە لایەن عێڕاقەوە، حکوومەتێکی فیدڕاڵی بۆ خۆی بنیات بنێ، لە ڕۆژاوای کوردستان، کورد توانیویەتی ببێتە معادلە و ناوچەیەکی خۆبەڕێوەبەر دابمەزرێنێ، خەبات و بەرخودانی قەندیل و گەریلا بە دژی ڕژیمی تورکیە بەردەوامە و رژیمی داگیرکەری ئێرانیش درێژە بە سیاسەتی تیرۆر، سەرکوت و ئێعدام و ئاسیمیلاسیۆنی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات دەدا.

بۆ تاوتوێکردنی ئەم پرسانە و کۆمەڵێک پرسی تر، میوانداری بەڕێز و تێکۆشەر، کاکی ڕۆستەم ئەڵماسی، سەرۆکی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستانکا و ئەرتیەندامی دەستەم.

بە کورتی کاکی ڕۆستەم کێیە:

کاکی ڕۆستەم ئەڵماسی،یەکێکە لە پلەداران و پێڕەوانی ئایینی یارسانی و بەشی زۆری تەمەنی خۆی لە پێناو خەبات و تێکۆشان بۆ کورد و کوردستان تێپەڕ کردووە، لە تەمەنی مێرمنداڵیەوە تێکەڵ بە کاروانی خەبات بووە و لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا پێشمەرگایەتی دەست پێکردووە و لە ناو خەباتی پێشمەرگایەتی دا ئازایانە بە دژی داگیرکەری ئێرانی شەڕی کردووە و بە ڕۆستەم قەڵخانی ناوبانگی دەرکردووە و دوژمنانی کوردستان بە بیستنی ناوی ڕۆستەم قەڵخانی ورەیان دابەزیوە و وەلەرزە کەوتوون، عەمەلیات و هێرشە نیزامی و چەکداریەکانی بۆ سەر پایەگا و ناوەندە نیزامیەکانی ڕژیمی ئێران لە کرماشان و مەریوانەوە تا دەگاتەوە موکریان، داستانی پڕ لە ورە و ئیرادە و قارەمانیەتی تێدایە.

لە هەر جێگایەکی نیشتمان، خەبات و تێکۆشان، پێویستی بە کاکی ڕۆستەم بووە، ئەوە ئەو بە وەبەرچاوگرتنی سنووری دەستکرد، لەوێ ئامادە کوره و پەکۆ لە کرد و کرد.

لەو ڕیگەیە دا تووشی گەلێک نەهامەتی هاتووە و لە بەندیخانەکانی ڕژیمی بەعس زیندانی کراوە و لە باشوور و لە ڕاپەڕینە مەزنەکەی ١٩٩١ دا تێکەڵ بە هەڤاڵانی لە ڕیزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە و بە دژی ڕژیمی بەعسی عێراق شەڕی کردووە، کە دەتوانین ئاماژە بە ئازادکردنی کەرکووک و پەلاماردانی مەعەسکەر خالید و  شەڕی دەرەوەی چەمچەماڵ و دەیان داستانی تر وەک شەڕی ئەزمەڕ بدەین کە کاکی ڕۆستەم قەڵخانی  هاوشانی شەهید عەبە ڕەق و هەڤاڵانیان حەماسەیان خوڵقاند.

یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان و لە مەیدانی فەرماندەیی و پێشمەرگایەتی دا خاوەن ئەزموون و تەجروبەیە، ئێستاش جیا لەوەی  سەرۆکی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستانە وەک ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، لە خەبات و تێکۆشان دایە.

کاکی ڕۆستەم ، لەو پێناوە دا سەرەڕای ئەوەی دەست و چاوێکی لە دەستداوە و پێشکەشی ئازادیی کوردستانی کردووە، بەڵام کۆڵی نەداوە و لە ئاست داگیرکەراندا بە چۆک دانەهاتووە و ئێستاش وەک شەهیدێکی زیندوو، خەم و خەو و خۆراکی، بیر و زەین و خەباتی بۆتە تێکۆشان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان.

ڕۆژی کورد:

کاکی ڕۆستەم بەخێر بێن و سپاس بۆ ئەم دەرفەتە.

کاکی ڕۆستەم :

سەرەتا ڕێز و سڵاوم هەیە بۆ ئێوە و بۆ گشت خوێنەرانی ئازیزی ڕۆژی کورد و سپاس بۆ میوانداریتان.

ڕۆژی کورد:

بەڕێز کاکی ڕۆستەم هەڵسەنگاندنتان بۆ دۆخی ئێستای جیهان چۆنە و بە باوەڕی ئێوە چۆنە کورد تا ئیستا نەیتوانیوە ببێتە خاوەن دەوڵەت و کیانی سەربەخۆ?

کاکی ڕۆستەم :

لە پێوەندی بە دۆخی جیهان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی کە نەتەوەی کورد تێیدا نیشتەجێیە، دەبێ بڵێم کە کۆمەڵێک گۆڕانکاری ئەرێنی بە قازانجی نەتەوە زوڵم لێکراو و خاک داگیرکراوەکان و یەک لەوان کورد، بەڕێوەیە و نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین لە داهاتوویەکی نە زۆر دوور دا گۆڕانکاری بنەڕەتی بە خۆیەوە دەبینێ.

لە سەر ئەوەی کە بۆچی گەلی کورد وەک نەتەوەیەکی ٧٠  ملیۆنی تا ئێستا نەبۆتە خاوەنی دەوڵەت و وڵاتی سەربەخۆی خۆی، ئەوە کۆمەڵێک فاکتەر تێیدا دەخیلن.

بە داخەوە لە ڕەوتی مێژوو دا، کورد هیچ کات یەکگرتوو، یەک دەنگ و یەک گوتار نەبووە و لە ڕاستیدا یەک ماڵ نەبووین، یەکڕیز نەبووین، دووبەرەکی و چەند بەرەکی ، بەرۆکی ئەو نەتەوەیەی گرتووە.

ئەگەر ئاوڕێکی کورت لە مێژووی سەد ساڵەی خەباتی کورد بدەینەوە و بە ڕوانگەیەکی خەسارناسیەوە لێی بڕوانین، زۆر شت ڕوون دەبێتەوە .

بۆ وێنە لە پەیمانی سێڤر دا بڕیار درا دەوڵەت و وڵاتێک هەم  بۆ کورد و هەم بۆ ئەرمەنیەکان دروست بکرێ، بینیمان کە دەوڵەتی ئەرمەنستان دروست کرا، بەڵام ئەدی دەوڵەتی کوردەکان چی لێ بە سەر هات، بۆ دروست نەبوو?

خۆ جیهان بڕیاری دابوو کە دەوڵەتێک بۆ نەتەوەی کورد دروست بکرێ، بەڵام دیتمان کە سەری نەگرت، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ فاکتەری ناوخۆیی کورد.

مەخابن لەو سەردەمیش دا بە هۆی نەبوونی یەکڕیزی و یەکێتیی ناوماڵی کورد، جارێکی دیکە سەری کورد بێ کڵاو مایەوە و هاوکات فاکتەری دەرەکی و داگیرکەری تورک بۆ لە بار بردنی سێڤر کەڵکی لەو پڕش و بڵاویەی ناو ماڵی کورد وەرگرت و ڕژیمی تورکیەی کەمالیستیی عوسمانیزم، بە هێنانە ئارای پەیمانی لۆزان، بیری بە دەوڵەت بوونی کوردستان لەو سەردەمە دا شکستی پێهێنرا.

هەڵکەوتەی جوگڕافیایی کوردستان و دابەشکردنەکەی لە سەر پرسی کورد، کاریگەری زۆری هەبووە و ئەگەر چاو لە مێژووی شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی کورد هەر لە شۆڕشی ئارارات و شێخ سەعیدی پیران و شێخ ڕەزای دێرسیم و شۆڕشی بارزان و شێخ مەحموودی حەفید و پێشەوا قازی محەممەد و کۆماری کوردستان بکەین دەبینین کە دابەشکاریی داگیرکەران کارتێکەری هەبووە لە سەر ئەوەی کە هەر کام لە پارچەکان، تەنیا لە چوارچێوەی ئەو پارچەیە دا خەباتەکەیان بەرنە پێش کە تێیدا سەریان هەڵداوە و بە کردەوە بۆ خۆمان مەشڕووعیەت و ڕەواییمان داوە بەو دابەشکارییەی داگیرکەران بە سەریان هێناوین.

ڕۆژی کورد:

کاکی ڕۆستەم باسی لۆزانتان کرد، بە باوەڕی ئێوە لۆزان تا چەند کارتێکەری هەبوو لە سەر دابەشکردن و لەت لەتکردنی خاک و خەڵکی کوردستان و بۆ کورد نەیتوانی دیواری لۆزان تێک بشکێنێ و پێش بە داڕمانی ناوماڵی کورد بگرێ ?

کاکی ڕۆستەم :

ئەگەر شەڕی چالدێران لە ١٥١٤ دا کە لە نێوان دوو داگیرکەری عوسمانی و سەفەوی دا بوو بە سەرەتای دابەشبوونی کوردستان بە سەر ئێران و تورکیە دا ، ئەوە لۆزان مۆرێکی بە هێزی پەسەند کردنی ئەو دابەشکارییە بوو کە بە تەواوی ناوماڵی کوردی کردە نەک دوو پارچە بەڵکوو چەندین پارچە و لەت لەت کرا و بوو بە چەندین ماڵی داگیرکراو.

ماڵێکی درا بە تورکیە، ماڵێکی بە ئێران، ماڵێکی بە سووریە و ماڵێکی بە عێڕاق و ئەوەی تریشی لە نێوان ڕووسیە و ئەرمەنستان و ئازەربایجان دا دابەش کرا.

ئەو لەت لەتکردنە لە بواری سایکۆلۆژی و دەروونناسیەوە کارتێکەری گەورەی لە سەر نەتەوەی کورد داناوە و بۆتە هۆی ئەوەی کە بەشێکی زۆری کورد تووشی قەیرانی شوناس و بێ ناسنامەیی و بێ هۆویەتی ببێتەوە.

قووڵایی کارەساتەکە لێرەدایە کە ئەو دابەشکارییە وایکردووە کورد لە ئێران دا خۆی پێ ئێرانی بێ، لە سووریە، سووری، لە عێڕاق ، عێراقی و لە تورکیە ، تورکیەیی.

ئەو دابەشکردنە بۆتە هۆی ئەوەی کە شتێک بە ناوی ناوماڵی کورد نەمێنێ و لە سەر خاکەکەی خۆمان، بمانکەن بە بێگانە و خۆیان وەک خاوەن ماڵ پێناسە بکەن.

و سەرەنجام هەر وەک چۆن لە سەردەمی گرێدانی سێڤر و لۆزان دا ناو ماڵی کورد تووشی داڕمان و چەند بەرەکی هاتبوو، ئێستاش نەمانتوانیوە ئەو قۆناغە تێپەڕ کەین و بۆیە نەک نەمانتوانیوە دیوارەکانی لۆزان تێک بڕمێنین بەڵکوو ئاوا بڕۆینە پێش، دوور نییە سەرەڕای کۆدەنگی جیهانی لە سەر بە دەوڵەتبوونی کورد ، دیسان پەیمانێکی تری وەک لۆزانمان بە سەر دا بسەپێتەوە .

گرینگترین فاکتەری ڕێگر لەوەی کە نەبووینە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان ، تەنیا نەبوونی یەک گوتاری ناو ماڵی کوردە.

ڕۆژی کورد:

پێتان وایە چ مکانیزمێک هەیە بۆ کۆدەنگی و یەکبوون و یەک گوتاریی ناو ماڵی کورد?

کاکی ڕۆستەم :

کلیلی ئەساسی و سەرەکیی مکانیزمی دروستبوونی کۆدەنگی و یەکخستنی ناو ماڵی کورد لەو گوتارە نیشتمانی و نەتەوەییەی سەرۆکە گەنج و ژیرەکەی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان هەڤاڵ کاک بافڵ جەلال تاڵەبانی دا خۆی حەشار داوە کە دەڵێ:

(( ئاماده‌‌‌ی یارمه‌‌‌تی و هاوکاری براکانمانین له‌‌‌هه‌‌‌ر چوارپارچه‌‌‌که‌‌‌ی کوردستان، ده‌‌‌بێت سیاسه‌‌‌ته‌‌‌که‌‌‌ بگۆڕێت و له‌‌‌عه‌‌‌قلیه‌‌‌تی زۆنی زه‌‌‌رد و سه‌‌‌وز بێینه‌‌‌ ده‌‌‌ره‌‌‌وه‌‌‌ و ببینه‌‌‌ خاوه‌‌‌نی ٤٥ ملیۆن کورد و ده‌‌‌بێت له‌‌‌هه‌‌‌رچوارپارچه‌‌‌ی کوردستان سیاسیه‌‌‌ت بکه‌‌‌ین، بۆیه‌‌‌ به‌‌‌ برایانمان له‌‌‌هه‌‌‌ر چوارپارچه‌‌‌ی کوردستان ده‌‌‌ڵێین جێتان ناهێیڵن و هه‌‌‌رکاتێک پێویستان به‌‌‌ هاوکاری بوو هاوکارتان ده‌‌‌بین و ئەوە ئەو کاتەیە کە نە جیهان ، نە ئەمریکا و نە ئێران ناتوانن پێمان بڵێن نا )).

بە باوەڕی من ئەو گوتارە نەتەوەییەیە کە دەبێ بکرێتە گوتاری هاوبەشی هەموو حیزب و سەرکردەکانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، ئەو گوتارە نیشتمانییە دەتوانێ کلیلی چارەسەری پرسی کورد بێ لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا.

ئەگەر ئەم چەشنە گوتارە نەبێتە بنەما بۆ خەباتی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان ئەوە یەکڕیزیی ناوماڵی کورد نەک هەر قورسە بەڵکوو مەحاڵە.

ڕۆژی کورد:

هەڵسەنگاندنتان بۆ خەباتی کورد و ڕەوشی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان چۆنە?

کاکی ڕۆستەم :

بە گشتی ئەگەر لە خەباتی ئێستای کورد بڕوانین، خەباتێکی بەرگریکارانیە لە بەرانبەر داگیرکەران دا، واتە لە قۆناغی بەرگریکردن لە خۆمان داین و کە بە باوەڕی من دەبێ ئەو قۆناغە تێپەڕ کەین و جیا لە بەرگری کردن لە خۆمان، خەباتەکەمان بکەینە خەباتێکی هێڕشبەر.

بوونی ئەحزابی کلاسیک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەڕۆژ نەکردنەوە و ئابدەیت نەبوونەوەی شۆڕش، کێشەیەکی گەورەیە و گیرکردن و قەتیس مانەوەیە لە ناو مێژوو دا.

ئێمە دەبێ مێژوو تێپەڕ کەین و تێیدا نەمێنینەوە، پێویستە هەنگاو بەرەو پێشەوە باوێژین و لە وانەکانی مێژووی ڕابردوومان بۆ شۆڕش و خەباتی داهاتوومان کەڵک وەرگرین.

خۆ بەستنەوە بە ئێرانی بوون  و خۆ گرێدانەوە بە ئۆپۆزیسیۆنی تەواویەتخوازی پان ئێرانی و پان فارسیسزم و بەرز کردنەوەی دروشمگەلی خودموختاری، فیدراڵی و کۆنفێدراڵی و لە ئەنجامدا کارکردن بۆ دێموکراتیزە کردنی ئێرانی داگیرکەر، هەڵەیەکی کوشندەیە بۆ خەبات و جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد.

دروشم و ستراتیژیی نەتەوەیی خۆ گرێدانەوە نییە بە ئێران، بەڵکوو تێکۆشان و خەباتە بۆ گەیشتن و دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی و دامەزرانی دەوڵەتی کوردستان.

ئەگەر حیزب و لایەنە کلاسیکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەر لەو باوەڕە دابن کە مافی گەلی کورد لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستان لە گەڵ رژیمی تاران دەستەبەر دەبێ، ئەوە دەبێ بڵێم کە دەرسیان لە مێژووی ڕابردوو وەرنەگرتووە و لە بیریان کردووە کە چەندین سەرکردە و ڕێبەری گەورەی کورد هەر لە سەر هەمان بیرو باوەڕی متمانەکردن بە داگیرکەر و باوەڕمەندی بە گەیشتن بە ماف لە ڕێگەی دیالۆگەوە تیرۆر کراون و گیانیان بەختکردووە.

ئایا دانیشتن و دیالۆگ لە گەڵ وەها ئیدئۆلۆژییەک کە جگە لە زمانی تیرۆر و هەڕەشە و چەک، لە زمانێکی تر تێناگا، نیشانەی چەقبەستوویی فکری نییە?

بە داخەوە ئەحزابی کلاسیکی کورد بە درێژکردنەوەی خەباتەکە بۆ نزیکەی ٧٠  ساڵ، شۆڕشی ڕۆژهەڵاتیان تووشی ماندوویەتی کردووە، لە ئاست ئەو هەمووە تێچوو و قوربانییە دا دەستکەوتێکی ئەوتۆ نەهاتۆتە ئاراوە.

بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئەوەی جێگەی هومێد و دڵخۆشکەرە بۆ خەباتی ڕۆژهەڵات، پێکهێنانی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستانە کە لە پێنج لایەنی سەربەخۆییخوازی کوردستان و  بە دروشمی ستراتیژی و نەتەوەیی و بە گوتاری  سەربەخۆییخوازییەوە ، هاتۆتە مەیدانەکەوە.

لە باشووری کوردستان، سەرەڕای دەستەبەر بوونی هەندێک مافی سەرەتایی ،کۆمەڵێک دەرفەتی باش لە کیس چوون.

هەر لە ساڵانی سەرەتای ڕاپەڕین و واتە لە ١٩٩١ەوە کورد لە باشوور دەبوو هەوڵی دروستبوونی کیانێکی سەربەخۆ بدا،نەک کارکردن بۆ دروستکردنەوەی عێڕاقێکی تێکڕووخاو،

یان لە ٢٠ ٠ ٣ و لە دوای ڕووخانی سەددام، کورد دیسان تووشی ئەو هەڵەیە هات و نەیتوانی دەرفەتەکە بە قازانجی خۆی و بۆ سەربەخۆیی بقۆزێتەوە.

بوونی یەکدەنگی و یەکڕیزیی ناوماڵی کورد لە ئێستای باشووری کوردستان دا زەروورەتێکی مێژووییە و کورد لە گەیشتن بە کیانێکی سەربەخۆ نزیک دەکاتەوە .

لە پێوەندی بە باکووری کوردستان دا، ڕژیمی تورکیە بە هەموو هێز و توانایەوە لە هەوڵی سڕینەوەی کورد لە سەر نەخشەی جیهانە و چاوی بەرایی نادا، کورد ببینێ.

خەباتی مەدەنی و پارلمانیی کورد لەو بەشەی کوردستان ، پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، هاوکات گریلا لە قەندیل وەک چیایەکی سەربەرز و خۆڕاگر، بەرخوادان دەکا و شەڕ بۆ مان و مەوجوودیەتی گەلی کورد لە باکوور دەکا و بە باوەڕی من ئەگەر ڕۆڵ و دەور و کاریگەری پارتی کرێکارانی کوردستان، پ ک ک نەبوایە، کورد لە باکوور بەرەو فەوتان و لەناوچوونی زیاتر دەچوو.

لە ڕۆژآوای کوردستانیش کورد لە نەبوونەوە هاتۆتە سەر بوون و مەوجوودیەتی خۆی ڕاگەیاندووە، بوونی سیستمێکی خۆبەڕێوەبەری ئەگەر چی کەمە بەڵام دەستکەوتە.

ئەو شەڕ و قارەمانێتیەی ڕۆژآوا کە عفرین و کۆبانی نموونەکەیەتی  و ئەو خۆڕاگری و بەرگریەی بەرانبەر بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش ئەنجامی دا، بووە هۆی ئەوەی کە زوومی کامێراکان و چاوی سیاسەتی جیهانی لە سەر چارەسەری و پاڵپشتیکردن لە پرسی کورد زووم بکەن.

ئەگەر ئاوڕێکی خێرا لە مێژووی کورد بدەینەوە دەبینین کە ئەوەی لە هێرشی داعش و تورکیە بۆ سەر قەندیل و ڕۆژآوا ڕوویدا، مێژوویەکی ئاشنایە، هەمان مێژووی خانی لەپ زێڕین و بەرخودانی قەڵای دمدمە و دوژمنان جارێکی دیکە دیانهەوێ کارەساتی قەڵای دمدم لە قەڵای قەندیل و ڕۆژئاوا دووبارە کەنەوە و خۆڕاگری ڕۆژآوا و قەندیلیش هەمان بەرخودانی قەڵای دمدمە، بەڵام ئاوات دەخوازم یەکدەنگی کورد ئیزنی دووپاتە بوونەوەی کارەساتەکەی دمدم نەدا.

ڕۆژی کورد:

لە بەشێک لە وتەکانتاندا ئاماژەتان بە ئەحزابی کلاسیکی کورد و دانوستان لە گەڵ داگیرکەری ئێرانی کرد، دەکرێ لەو پێوەندییە دا شیکاری زیاترمان بۆ بکەن و هەروەها بڵێن کە پلان و بەرنامەی ئێوە وەک هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بۆ دەرباز بوون لەو قەیرانانە چین?

کاکی ڕۆستەم :

لە پێوەندی بە ئەحزابی کلاسیکی کورد و بە ڕوونی و بە تایبەتی لە سەر هەر دوو لایەنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەروەها بەشێک لە کۆمەڵەکان، ئەگەر چی باس لە ڕێککەوتن و یەکگرتنەوەی ئەو لایەنانە دەکرێ و هەندێک کەس پێیان وایە کە ئەوە سەرەتایەکە بۆ یەکڕیزی ناوماڵی کورد، بەڵام بە داخەوە دەبێ بڵێم کە وا نییە، بەو مانایە وا نییە کە ئەو حیزبانە لە بەر بەرژەوەندیی شەخسی و تاکە کەسی و کورسی و دەسەڵات ڕیزەکانیان لێکترازاوە و نە لە بەر دروشم و ستراتیژی نەتەوەیی و ئەوە یەکەم جاریشیان نەبووە و دوایین جاریشیان نابێ و ئەوەی بۆ ئێمە ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە کە یەکگرتنەوەکەشیان ئەگەر لە سەر ویست و داخوازیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بۆ بەرژەوەندیی گشتی بایە، یان لەت نەدەبوون یان هەر لە سەرەتاوە و پاش داواکاریی خەڵکی کوردستان لێیان، یەکتریان دەگرتەوە.

پرسیار ئەوەیە کە ئەرێ خێرە? چ روویداوە? خۆ ڕوخسارەکان هەر هەمان ڕوخساری پێشوون، خۆ دروشم و ستراتیژ هەر هەمان دروشمی پێشووی ئێرانیچێتییە و کورسی و دەسەڵاتەکەش گۆڕانی بە سەر دانەهاتووە.

پاش دروستبوونی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، ئەحزابی کلاسیکی کوردی لە جیاتی پێشوازی کردن لە دروستبوونی ئەو ڕەوتە، کەوتنە دژایەتی و هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی سەربەخۆییخوازان و بە پێی زانیاریەکانمان ترسی ئێرانیەکان لە زاڵبوونی گوتاری سەربەخۆییخوازی لە ناو شەقامی کوردیدا ، بووە هۆی زخت و فشارخستنە سەر لایەنە کلاسیک و فیدارلخوازە کوردە ئێرانیەکان، کە دەبێ یەکبگرنەوە، پێشنیارێک کە بە دەستپێشخەریی ئێرانیەکان و ناوبژیوانی باڵێک لە لایەنێکی باشووری کوردستان هاتۆتە ئاراوە.

ڕژیمی ئێران لە لێواری ڕووخاندایە و پەلەقاژەی مەرگیەتی و دوا ساڵەکانی تەمەنی تێپەڕ دەکا، بۆیە پەنا بۆ هەر ئەگەر و ئاڵتێرناتیڤێک دەبا کە لەو دۆخە قەیراناوییە ڕزگاری بکا و ئامادەیە بە شێوەی کاتی هەندێک ئیمتیازی بچووک کە بەشێک لەو حیزبانە بە پێی دواکارییەکەیان، خەباتی کوردیان تێدا بچووک کردۆتەوە، وەک خوێندن بە زمانی دایک و کۆمەڵێک مافی سەرەتاییان بداتێ و بەم چەشنە ڕازیان بکا تاکوو ئەرکی مەرزبانیە غەیوورەکەیان بەڕێوەببەن و پێش بە بەقەولی خۆیان تەجزییەی ئێران بگرن و ئێستا ئەو مەترسییە لە ئارا دایە کە بەشێک لە هێز و ئەحزابی کلاسیکی ڕۆژهەڵات جیا لەوەی ئاشبەتاڵیان پێبکرێ، ببنە ڕۆڵ گێڕی سەرەکیی ئەو سیناریۆیەی ڕژیمی داگیرکەری ئێرانی و بە گشتی بۆنی مامەڵەکردنێکی مەترسیدار بە پرسی کوردەوە دێ.

ئێمە وەک هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە پلان و بەرنامەمان دایە کە وێڕای لەقاو دانی سیاسەتەکانی ڕژیمی ئێران دەرحەق بە میللەتی کورد و هەروەها ئاشکراکردنی سیاسەتی هەڵەی ئەحزابی کلاسیکی کوردی ڕۆژهەڵات، لە ئاستی دەرەکی و بیانی دا کار بۆ ڕاکێشانی زیاتری سەرنجی سیاسەتی نێونەتەوەیی و جیهانی لە سەر دۆزی ڕەوای گەلی کورد و خواستی سەربەخۆیی و بوون بە دەوڵەت، بکەین و هاوکات جیا لە لۆبیگری لە ئاستی جیهانیدا و دۆزینەوەی دۆست و هاوپەیمان لە ناو نەتەوە غەیرە فارسەکانی وەک عەڕەبی ئەحوازی، بەلووچ، تورکی ئازەری ، کاسپیەن و تورکمان و … هەنگاوی بە کردە و پراکتیکی بۆ چارەسەریی پرسی کورد باوێین.

هەروەها لە ماوەی دامەزرانی هاوپەیمانیەوە تاکوو ئەمڕۆ جگە لەوەی توانیومانە یەک گوتاری دروست بکەین و هێز و لایەنە سەربەخۆییخوازەکان لە دەوری یەک پلاتفۆرم و بەرنامەی هاوبەشی نەتەوەیی کۆبکەینەوە ، سەرکەوتوو بووین لەوەی کە  گوتاری سەربەخۆییخوازای لە شەقامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەینە وێژمان و گوفتومانی یەکەم و داخوازی و داواکاریی سەرەکیی خەڵکی کوردستان لە خودموختاری و فیدراڵیەوە بگوازینەوە بۆ سەربەخۆییخوازی.

گرینگترین کارێک کە وەک هاوپەیمانی ئەنجاممان داوە، بە پێچەوانەی ئەحزابی کلاسیک، خۆمان تەنیا لە سنە و موکریان قەتیس نەکردۆتەوە و قووڵایی ستراتیژییمان لە ئێستا دا جیا لە ئیلام و کرماشان ، چوارمەحاڵ و بەختیارییە و هاوکات توانیومانە پەل باوێین بۆ ناو کوردانی خوراسان کە بە داخەوە لە پێشوو دا لە ناو مەیدانی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتدا غایب بوون.

ڕۆژی کورد:

لە کۆتاییدا ئەگەر پرسێکی پێویست باسی لێوەنەکراوە و ئێوە پێتان باشە کە باسی لێ بکەین ، فەرموون تکایە.

کاکی ڕۆستەم:

دیارە زۆر پرس ماوە کە باسی لێبکرێ و لە نووسینی دەیان کتێب و وتاریش دا ڕەنگە جێگەی نەبێتەوە .

پێویستە وەسیەتەکەی پێشەوای ڕێبەرمان قازی محەممەد کە دەفەرموێ: ((باوەڕ بە دوژمنی عەجەم مەکەن و ئەگەر قامکی هەنگوینتان لە زاری ڕۆکا، دڵنیابن کە ژەهری تێکەڵ کردووە)) هیچ کات لە بیر نەکەین.

دوژمنی پلە یەکی کورد، ڕژیمی تورکیە بە بیر و هزری کمالیستیی عوسمانییە و لە هەر شوێنێک هەنگاوێک بە قازانجی کورد بهاویشترێ، ئەوە تورکەکان هەوڵی لەباربردنی دەدەن.

کە نموونەکانی دەتوانم ئاماژە بە هێرش بۆ سەر ڕۆژآوا، بۆ سەر باشوور و دوور نییە لە داهاتووش دا هێرش بۆ سەر ڕۆژهەڵات و هەروەها لە ئێستاش دا خۆ لە گرتن و کوشتن و سەرکوتکاری گەلی کورد لە باکووریش ناپارێزێ.

بەڵام ئەوەی بە پێویست و زەرووری دەزانم ئەوەیە کە هیچ کات لە بیرمان نەچێ کە داگیرکەرانی خاکی کوردستان بۆ ئێمە جیاوازییان نییە و هەر هەموویان ئەگەر چی لە سەر چەند پرسێک کێشە و ناکۆکی ناوخۆییان هەبێ، لە سەرپرسی هێرش و تێکشکاندنی خەبات و شۆڕشی کورد دا یەکدەنگ و یەک هەڵوێستن.

زمانی داگیرکەری فارس و ئێرانی بە ڕواڵەت زمانێکی نەرم و سیاسیانەیە و خۆیان گوتەنی: بە لۆکە سەردەبڕن، بۆیە بە داخەوە زۆر جار تەنانەت ئەو دەستکەوتانەی لە ڕێگەی فیداکاری و شەڕ و قارەمانێتی و گیانفیدایی ڕۆڵەکانی کورد وەدەستکەوتوون، سیاسیەکانی ئەحزابی کلاسیکی کورد لە سەر مێزی گفتگۆ و دیالۆگ و دانوستان، دۆڕاندوویانە.

لە کۆتاییدا دەڵێم: هەموو ڕێگەکان لە گەڵ داگیرکەرانی کوردستان تاقی کراونەتەوە، لە خودموختاری و فیدراڵی را تا کۆنفێدراڵی و برایەتی گەلان، بەڵام هیچیان وەڵامدەر نەبوون و جگە لە بە فیڕۆ دانی کات و خوێنی کورد، دەستکەوتێکیان نەبووە، ئێستا کاتی ئەوەیە کە بە یەکدەنگی و یەکڕیزی و یەک گوتاری، خواستی ڕاستەقینەی نەتەوەی کورد کە سەربەخۆییخە بەرز بکەینەوە، چون کە تاکە ڕێگەی ڕزگاری نەتەوتنەیی لە ژێر دەستەوەی کوردە، بنیانگذار دەستەی و گەروشان بەرە، سەربەخۆییخە بەرز.

ڕۆژی کورد:

سپاس بۆ بەڕێزتان و بۆ ئەو کاتەی بۆ ئێمەتان تەرخان کرد.

کاکی ڕۆستەم:

سپاس بۆ ئێوەش و بۆ ئەو دەرفەتەی بۆ منتان خوڵقاند و هیودارم وەک ڕۆژی کورد هەمیشە لە لوتکە و لە درەوشانەوە دابن و بەردەوام بن لە خەبات و تێکۆژی نەوتەی وەوەیایی.

 


1 ساڵ و 10 مانگ و 10 ڕۆژ و 7 کاتژمێر و 14 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

ده‌رباره‌ی ئێمه به کورتی


لێره‌‌‌ ده‌‌‌رباره‌‌‌ی خۆتان بنووسن به کورتی

په‌یوه‌ندی


ناوه‌‌‌ندی ڕاگه‌‌‌یاندنی یه‌‌‌کێتی شۆڕشگێرانی کوردستان
[email protected]

تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان


1- لینکی فه‌‌‌یسبووک
٢/ لینکی یوتوب

٣/ لینکی تویته‌‌‌ر